كەسوكاری نەقیب محەمەد چاوەڕێی رێكارەكانی حكومەتن بۆ سزادانی تاوانباران

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

هێشتا بكوژانی نەقیب محەمەد لەتیف دەستگیرنەكراون و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن».

شەوی شەممە (4ی كانونی یەكەمی 2021) لەشاری سلێمانی داواكراوێك رووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووەوەو لەئەنجامدا ئەفسەرێك شەهید كراو چوار پۆلیسی دیكەش برینداربوون، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لەسلێمانیش دەڵێت، داواكراوەكە هەڵهاتووە و تائێستا دەستگیرنەكراوە.

ئاڵا لەتیف، برای نەقیب محەمەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەر لەسەرەتای كەیسەكەوە وەك كەیسێكی حكومی سەیرمان كردووە كەئیشی جددی لەسەر بكات».

ناوبراو باسی لەوەشكرد كە تائێستا بەفەرمی پێیان نەوتراوە كە بكوژانی نەقیب محەمەد سنورەكانی هەرێمی كوردستانیان تێپەڕاندووە، بەڵكو تەنها وتوویانە»گومانیان هەیە لەدەرەوەی هەرێم بن».

خوشكی نەقیب محەمەد دەشڵێت:» پرسیارمان هەیە ئەو تاوانبارانە دەسەڵاتیان چۆن هەبووەو توانیویانە سنورەكانی هەرێم ببڕن و خۆیان دەرباز بكەن لەكاتێكدا ئێمە متمانەمان بە ئیمكانییەتی دەزگای ئەمنی و ئاسایش  هەیە كە بێ پشت و پەنا دەربازیان بووە.

«حكومەت لە كەیسی زۆر توندترو خامزتر بتوانن كەیسەكان بدۆزنەوە، كە تێوەگلاون كە دەموچاوەكان دیارە دامودەزگاكان دواكەوتن بۆ ئەوەی ناوی تاوانبارەكان ئاشكرا بكەن، بەڵام ئێمە بەئارامی چاوەڕێی ئەوەین دامودەزگا حكومییەكان كاری خۆیان بكەن، حكومەت كاری لەسەر بكات و كەیسەكە كەیسێكی خێزانی نییە، بەڵكو كەیسی حكومەتە»، ئاڵا لەتیف وا دەڵێت.

هاوكات خوشكی نەقیب محەمەد جەختی لەوەشكردەوە كە بێدەنگ بوون لێی پرسیاری جددی دروست دەكات لەسەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان، لەكاتێكدا هێرشكردنە بۆ سەر كارمەندێكی ئەمنی لەناو ئوتومبێلی پۆلیس لەگەڵ چوار كەسی دیكە كە برینداربوون و  وەرەقەی دادوەریان پێبووە، وتیشی:»ناكرێت تاوانباران قوتار ببن لەیاسا، وەك وتمان ئێمە چاوەڕێی هەوڵەكانی دەزگا ئەمنییەكان و وەزارەتی ناوخۆین كە تاوانباران دەستگیربكەن».

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامەو بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووە».

سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەهاوڵاتى وت:» بكوژانی نەقیب محەمەد سنوری هەرێمی كوردستانیان بڕیوە و لەئێستادا لەدەرەوەی وڵاتن».

هەروەها وتیشی:» لەئێستادا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بەردەوامە و بۆ دەستگیركردنیان پەیوەندیمان بەپۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە كردووەو زانیاری پێویستمان پێداون بۆ هاوكاریكردنمان».

هاوكات، مقەدەم  هیوا كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەئێستادا كەیسەكە لەدەستی ئاسایشی سلێمانیدایە و بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دەستگیركردنی بكوژەكە».

مقەدەم  هیوا كەریم ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» ئاسایش زۆر بەباشی بەدەم كەیسەكەوە دێن و كاری لەسەر دەكەن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار