دوای پەنجا پیاو؛ ژنێك دەبێتە سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی 

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم لە نووسراوێكی فەرمیدا كەواژۆی ساسان عەونی لەسەرە رۆژی 6ی شوباتی 2022 بڕیاریداوە بە گواستنەوەی راژەی توانا كەمال لەسەرۆكی شارەوانی بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
هەروەها بڕیاریاندا بە دانانی لەیلا عومەر، وەك سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و گواستنەوەی راژەكەی لە جێگری پارێزگاری سلێمانی/ وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
دیاری كردنی لەیلا عومەر وەك ژنێك بە سەرۆكی شارەوانی سلێمانی پاش بوونی پەنجا پیاو دێت كە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیان كردووە.
لەیلا عومەر عەلی  لەدایكبووی 1975  كەسایەتییەكی سیاسی و ئەندامی یەدەگی   ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
 لە 28ی تەمموزی 2020 وەك جێگری پارێزگای سلێمانی دیاریكراو لە 31 كانوونی دووەمی 2021 دەستبەكار بووەو یەكەمین ژن بووە لەمێژووی شارەكە ئەو پۆستە وەربگرێت.
لەیلا عومەر دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی، لەكۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین درێژە بەخویندن دەدات و ساڵی 1996 بڕوانامە لەبواری یاسا بەدەستدەهێنێت.
 لەبەڕێوەبەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لەساڵی 1997 دامەزراوە، لەساڵی 2000 بووە جێگری هەمان بەڕێوەبەرایەتی.
هەروەها لەساڵی 2005 بووە بەڕێوەبەرو دوای بەشداری كردنی لەسیاسەت بووە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و لەچوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بووەتە ئەندامی  یەدەگی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی.
لەیلا عومەر پاش پەنجا سەرۆک شارەوانی دەبێتە یەکەم ژن وەک سەرۆکی شارەوانی لەمێژووی دروستبوونی سلێمانیدا.
پێنج سەرۆك شارەوانی پیاو كە لەساڵی 2000 تا 6ی شوباتی 2022 پۆستی سەرۆكی شارەوانییان هەبووە
* حاكم قادر حەمەجان  2ی نیسانی 2000 تا 2007
* عومەر مەحوی 16ی نیسانی 2007 تا 2010
* خەسرەو كەمال 19ی كانونی دووەمی 2010 تا 31ی كانونی دووەمی 2013
* یوسف یاسین لە 31 كانونی دووەمی 2013 تا 2018
* توانا كەمال 26ی ئابی 2018 تا 6ی شوباتی 2022
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار