ناکۆکیی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی نایەت

سبەینێ دوا وادەیە بۆ رای فراكسیۆنەكان لەبارەی رەشنووسی دەستورو کۆمسیۆن‌و وادەی هەڵبژاردنەکان

3 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

سەرەڕای كۆبوونەوەی چوار جاری سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان، لەبارەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام و سبەینێ پێنجشەممە وەك دوا وادە دانراوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونەكانیان.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4) ی ساڵی 2014 پێكهاتووە، لە نۆ ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیاران كە بەسەر پێنج لایەندا دابەشكرابوون، كە پارتی سێ ئەندام و یەكێتی دوو ئەندام و گۆڕان دوو ئەندام و یەكگرتوو یەك ئەندام و كۆمەڵی دادگەری یەك ئەندام  پێكهاتوون.
هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمسیۆن، چواریان پارتی، سێ یان یەكێتی، سێ یان گۆڕان، یەك كۆمەڵ و یەك یەكگرتووە.
كۆمیسیۆن پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی خۆی بە دوو نووسراو لەدوو كاتی جیادا داوای لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یان كۆمیسیۆنەكە بگۆڕێت یان وادەكەیان بۆ درێژبكرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان تائێستا وەڵامی نەداونەتەوە. 
فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان ناكۆكیەكانیان لەبارەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و بازنەكانی هەڵبژاردنە كە هەندێك لەگەڵ یەك بازنەیین و هەندێك لەگەڵ چوار بازنەیی یان فرە بازنەیی دان.
رۆژی 10ی شوباتی 2022 وەك دوا وادە لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دیاری كراوە بۆ بۆچوونی كۆتایی فراكسیۆنەكان لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پرۆژەی دەستور.

پارتی: لەگەڵ گۆڕینی ئەنجومەنی كۆمیسیارانین
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە لەبەرئەوەی ماوەی دوو ساڵە وادەكەیان تەواو بووەو ئێمە واژۆی 56 پەرلەمانتارمان كۆكردەوەو تەسلیمی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد كە پەلە بكرێت لەو پرسەدا».
هەروەها وتیشی:» پارتی دیموكراتی كوردستان لەباشترین دۆخی خۆیدایەو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، دەبێت پەرلە بكرێت لەكاراكردنەوەی كۆمسیۆن یان گۆڕینی بەهەندێ دادوەر، چونكە كۆمسیۆن ماوەی شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان».
لەبارەی داوایەكی فراكسیۆنی یەكێتی كە بازنەی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان بكرێت بەچوار بازنە، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی وتی:»هەرێمی كوردستان رووبەرو جوگرافیایەكی گەورە نییە تا دهۆك لەهەڵەبجە داببڕیت و هەولێر و سلێمانی لەیەك داببڕیت، ئەوە قوتدانی حزبە بچووكەكانە، چونكە حزب هەیە لەهەڵەبجە هەزار دەنگی هەیە لەهەولێر دوو هەزارو لەشارەكانی دیكە بەهەمان شێوە، لەقازانجی حزبە گەورەكاندایە، بەڵام پارتی تەنها سوود بۆ خۆی نابینێت و ئێمە لەگەڵیدا نین».

یەكێتی: لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانین
فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی چەند سەرنجێكی داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و داوای كردووە پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێننەوە و بازنەی هەڵبژاردنیش بكرێتە چوار بازنەو بەسەر پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆك) دابەش بكرێت.
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 داین، لەبەرئەوەی ئەو یاسایە لەكاتێكدا بووە كە بەرەی كوردستانی هەبووە زیاتر لە 30 ساڵ بەسەریدا تێپەڕ بووەو بڕگەكانی چەندین كێشەی هونەرییان تێدایە».
ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە پرسی دەستورو هەڵبژاردنی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی گفتوگۆی نێوان فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بووەو بەگشتی هەموو فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، وتیشی:» روئیای یەكێتی ئەوەیە كە هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان لەیەك بازنەوە بكرێتە چوار بازنەو هەر پارێزگایەك بازنەیەكی تایبەت بێت و ژمارەی كوردسییەكانی بەسەردا دابەش بكرێت».
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێشیوابوو وادەیەكی كەم ماوە لەبەردەمیاندا بۆ گۆڕینی پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن، وتیشی:» لەگەڵ مانەوەیداین بەم شێوازەی ئێستا، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ گۆڕینیدان گرفتمان نییە وتوومانە، پرسی دەستورو كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان رەهەندی نیشتمانییان هەیەو نابێت لایەنێك بەزۆرینەو كەمینە تێی پەڕێنێت».

كۆمەڵی دادگەری: لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانین
عەبدوستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی داگەری لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كۆبونەوەكانمان  لەسەر پرسی رەشنوسی دەستور و یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بووە كە رەهەندی نیشتمانی و سیاسی هەیەو پەیوەندی بە هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە پێویستە بە سازان بێت و بە زۆرینەو كەمینە نەبێت، دیارە بە یەك ئاراستە و بەزۆرینە بێت پێموایە دیكتاتۆر دروست دەكات».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەواەی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوە كە ماددەو بڕگەی هەمواركراو ئامادەیە، وتیشی:» ئەم یاسایە هەندێ كەموكوریی تێدایە پێویستە هەموار بكرێتەوە دەتوانرێت بە هەفتەیەك هەموو لامان لەسەر بڕگەو مادەكانی رێككبكەوین دواتر ببرێتە هۆڵی پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ بكرێت».
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی روونكردەوە كە  لەبارەی پرۆژەی دەستور رێككەوتووین كە یان ئەو 21 كە لەیاسای 4ی 2015 ئامادەكردنی رەشنوس هاتووە بە سازان ئەم رەشنوسە ئامادە بكرێت یان دەبێت لەسەر بنەمای سازان و خەڵك زیاد بكرێت و یاساكە هەمواربكرێتەوە.
لەبارەی مانەوەی پێكهاتەی ئێستای كۆمسیۆن، عەبدوستار مەجید ئەوەی روونكردەوە كە ئەو كۆمسیۆنە راستە ماوەی بەسەرچووە و لەگەڵ ئەوەدان هەر دامەزراوەیەك كاعتەكەی تەواو بوو بگۆردرێن، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆی زۆر هەیە تا كۆمسیۆنێكی دیكە دروست دەكرێتەوە، وتیشی:» لەم سەرو بەندەی هەڵبژاردن كارەكانی خۆی بكات تا دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ئەگەر لایەنێك نوێنەری نییە دەتوانرێن نوێنەرێكی بۆ زیاد بكرێت».

بزوتنەوەی گۆڕان: لەگەڵ مانەوەی ئەم پێكهاتەیەی كۆمسیۆندان
گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێمە لەگەڵ مانەوەی ئەم پێكهاتەیەی كۆمسیۆنین لەبەرئەوەی هەڵبژاردنیان ئەنجامداوەو ئەزموونیان هەیە، ئەگەر ئەم كۆمسیۆنە بگۆڕن كەواتە لەگەڵ ئەوەدانین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت».
ناوبراو باسی لەوەشكرد، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا پرۆژەی هەمواركراوی یاسای هەڵبژاردنەكانیان ئامادە كردووەو دراوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیكردووەتە بەرنامەی كارەوە.
وتیشی:» وەك فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا».

نەوەی نوێ: هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
نەوەی نوێ پێشنیازەكانی لەبارەی كۆمسیۆنەوە گەیاندووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، داوایان كردووە  ژمارەیەك دادوەر سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بكەن و كۆمیسیاران سەر بەلایەنەكان نەبن.
سیپان ئامێدی، ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی بێلایەن پێكبێت و یاسای هەڵبژاردنەكان هەمواربكرێتەوەو هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت».
بەپێی ماددەی یەكەم لەبڕگەی یەكەمدا لەیاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2017ی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم، بەمەرسوومی ژمارە 1ی ساڵی 2018 رۆژی 30/9/2018 دیاری كرد وەك وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەستەیەكە هەڵبژاردن و راپرسییەكان لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، راستەوخۆ پەیوەستە بەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجەمی یاساكەی، ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە 9  ئەندام پێكدێت، كە لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێردرێن دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە كە پەرلەمان پێكیدەهێنێت پێشنیاز دەكرێن، بەمەرجێك دوو ئەندامی ئەنجوومەن بەلایەنی كەمەوە یاساناس بن، هەروەها دەبێت نوێنەرایەتی ئافرەتان و پێكهاتەكان مسۆگەر بكرێت و ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنەكەش  پێنج ساڵی رۆژژمێرییە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەلانی كەمەوە شەش مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێك، لەوانەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا دەبێت لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵی 2022 بكرێت، بەو پێیە دەبێت تا 31ی ئاداری 2022 كۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە راسپێردرابێت، لەئێستاشەوە بۆ ئەو كاتە نزیكەی دوو مانگمان لەبەردەستدا ماوەتەوە.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار