نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەئەرزی واقعدا قابیلی جێبەجێكردن نابێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدرەنگانێكی شەوی رابردوودا پەیامێكی لەبارەی جووڵاندنی سكاڵا لەسەر دۆسییەی نەوت و غازی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بڵاوكردەوەو تێیدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە»بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەئەرزی واقعدا قابیلی جێبەجێكردن نابێت».

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت:»لەكاتێكدا عێراق بەدۆخێكی ئاڵۆزی سیاسیدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بڕیارێكی دادگای باڵای فیدرالیی عێراق كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە نادەستووری دادەنێت، هەرێمی كوردستانی تووشی نیگەرانییەكی گەورە كرد».

ناوبراو دەشڵێت:» پێمانوایە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی كە پشتی بەیاسایەكی سەردەمی رژێمی پێشوو بەستووە، بنەماكانی فیدراڵی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی پشتگوێ خستووەو لەگەڵ گیانی دەستوورو سیستمی فیدراڵیدا نایەتەوە، لەسەر ئەرزی واقعیش قابیلی جێبەجێكردن نابێت».

هاوكات ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەم بڕیارە هەروەها كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز ئاڵۆزتر دەكات كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵی چارەسەركردنیان دراوەو لەچەند قۆناغێكدا هەنگاوی بەرەو چارەسەركردن هەڵێناوە.

هاوكات ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە پێیانوایە دادگای باڵای فیدراڵی لەجیاتی ئەم بڕیارە، دەبوایە بڕیار بدات كە حكومەتی فیدراڵی عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور لەسەر كێشەكان و پرسی نەوت و گاز بگەنە چارەسەرێك كە لەبەرژەوەندیی تەواوی عێراقدا بێت.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەش رووندەكاتەوە كەچاوەڕوانییان لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەیەو داوا دەكەن پێداچوونەوە بەبڕیارەكەیدا بكات و بنەماكانی دەستوورو سیستمی فیدرالی رەچاو بكات بۆ ئەوەی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێل نەكرێن و نەبنە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سیاسی كە زیان بەبەرژەوەندییەكانی عێراق بەگشتی بگەیەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار