بێریڤان ئەیوب، ژنە چالاكوانەكەی دهۆك 16 مانگە بەبێ‌ دادگایی كردن دەستگیركراوە

لەماوەی 16 مانگی زینداندا رێگەی پێنەدراوە منداڵەكانی ببینێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی- دهۆك

دادگا دۆسیەی دادگایی كردنی (بێریڤان ئەیوب)ی بۆ 28 ئەم مانگە دواخست كەماوەی شانزە مانگە لەزینداندایەو پارێزەرەكەشی بە پێشێلكارییەكی زۆر گەورە وەسفی دەكات.

بێریڤان ئەیوب، یەكێكە لەو ژنانە چالاكوانەی كەخاوەنی پێنج منداڵە بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی زیاتر لەساڵێك و چوار مانگە دەستگیركراوە.

بڕیاربوو 14ی شوباتی 2022 دادگایی كردنی بێریڤان ئەیوب بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگاییكردنەكەی بۆ رۆژی 28ی ئەم مانگە دواخرا.

رێڤینگ یاسین، پارێزەری بێریڤان ئەیوب لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە بێریڤان ئەیوب بەپێی ماددەی ( 1) یاسایی ژمارە ( 21) ساڵی 2003 تۆمەتباركراوە، ئەم یاسایە تایبەتە بەو كەسانەی ئەمن و ئاسایش تێكدەدەن و سزاكەشی تازیندانی هەتا هەتایی دەچێت، وتیشی:»بڕیاربوو 14ی شوبات دادگایی كردنەكەی ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كوڕی ئەو دادوەری كە بڕیاربوو دۆسیەكەی بەڕێوەببات توشی رووداوێكی هاتۆچوو بوو، ئەو دادوەرە وتی ناتوانم لەلایەك دڵم لەسەر كوڕەكەم بێت لەنەخۆشخانەكە لەلایەك دۆسیەكە بەڕێوەببەم، بۆیە بۆ 28 ی ئەم مانگە دوایخستووە».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كە وەكو تیمی پارێزەرانی بێریڤان لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك تائێستا رێگەیان نەداوە وەكالەی بۆ دروستبكەن» كەیسەكە و بێریڤانیشمان نەبینیوە، بەڵام دۆسیەكەی لەگەڵ گیراوانی تری بادینانە».

پارێزەرەكەی بێریڤان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پێویست بوو دۆسیەكەی لەماوەی شەش مانگدا كۆتایی پێبێت لەسەر ئەو ئەساسەی كە ئەمە كچێكی كوردە زیاتر لەساڵێكە لەزینداندایە بەبێ ئەوەی دادگایی بكرێت، وتیشی:» پێشیلكاریەكی یاسایی زۆر گەورەیە لەبەرئەوە بەرگری لێدەكەین».

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری دەڵێت:» بێریڤان ئەیوب لەسەر داواكردنی مافی خەڵك و گەندەڵیی و لێبرینی پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەران زیندانی كراوە، ئەو یەكێكە لە رفێنراوانی بادینان».

 عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی وتیشی:»  ئەم كەیسەش وەكو هەموو كەیسەكانی تر بەحزبی و سیاسی كراون، ئەم ژنە دایكی پێنج منداڵە، لەئەنجامی ئەو زوڵمە گەورەیەی بەرامبەر كراوە، دووچاری كێشەی كۆمەڵایەتی بووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانم هاوسەرەكەی بێریڤانی تەڵاقداوە».

عەبدولستار مەجید وتیشی:» رێگەی پێنەدراوە منداڵەكانی ببینێت، ئەمە ستەمێكی زۆر گەورەیە بەداخەوە پەرلەمانی كوردستان كە گەورەترین دەزگای شەرعییە هیچ هەڵوێستێكی نیە، تەنیا چەند پەرلەمانتارێك قسە لەسەر دۆسەیەكە دەكەن، بەڵام پەرلەمانیش بووە سێكوچەی حزب و حكومەت « .

عەبدولستار مەجید داوا دەكات كە بۆ یەكجاریش بێت دادگاو دادوەركان بێلایەنانەو سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ كەیسی ئەو ژنە بكەن و كۆتایی بەو زوڵمە گەورەیە بهێنن كە لەبەرامبەری كراوە، وتیشی:» چۆن دەكرێت 16 مانگ لەزینداندا بێت و منداڵەكانی خۆی نەبینێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار