‌وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: هەر فەرمانبەرێك ڤاكسینی كۆرۆنا وەرنەگرێت رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



لیال ئەحمەد

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات كە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا هەر فەرمانبەرێك ڤاكسینی كۆرۆنا وەرنەگرێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هەموو لایەنەكان بەشدارن لەجێبەجێكرنی فەرمانی وەرگرتنی ڤاكسین بەفەرمانبەران و بەپێچەوانەوە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت». 
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد كە لەكۆتا كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاردراوە دەبێت هەموو فەرمانبەران ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن لەكاتی دیاریكراودا گەرنا بەپێچەوانەوە لێپچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە، ئەم فەرمانەش  وەزارەتی تەندروستی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان تێیدا بەشدارن. 
بەشێك لەهاووڵاتیان و فەرمانبەران باوەڕیان بە پێكوتەی كۆرۆنا نیەو تەنها لەبەر ناچاری و بۆ راییكردنی كاروبارەكانیان ڤاكسین وەردەگرن.
نیاز عەلی، خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ پاراستنی تەندروستی خۆم لەكۆرۆنا یەكەم جەلسەم بەكارهێناوە بەڵام زۆرێك لەهاوڕێ و كەسوكارم پێم دەڵێن ئەی ناترسی ئەگەر لەداهاتوو كاریگەری خراپی هەبێت لەسەرت، خۆ ناچارنیت و بۆ دائیرە پێویستت پێ نییە، بۆیە ئێستا ترسم لێی هەیە كە كاریگەری نەرێنی هەبێت».
سازان ئەحمەد، تەمەن 32 ساڵ بۆ هاوڵاتی ئەوەی باسكرد كە چووەتە پارێزگای سلێمانی تا هەندێ كاری رایبكات، پێیان وتووە تا ئەم ڤاكسینە بەكارنەهێنیت و خۆت نەكوتی مەیە بۆ فەرمانگە چونكە ئیشوكارەكانت بۆ رایی ناكرێت. 
جێگر رەشید دانیشتووی شاری هەولێر لەلێدوانیكدا بە هاوڵاتی وت، هەرچەندە بەناچاری و بۆ راییكردنی كاروبارەكانی لەیەكێك لەفەرمانگەكان ڤاكسینی وەرگرتووە، باوەڕی بەو ڤاكسینە هەیەو پێم وایە شتێكی باشە بۆ بەرزكردنەوەی بەرگری جەستە دژی ڤایرۆسی  كۆرۆنا.
پزیشكێكی هەناوی داوا لەهەموو كەسێك دەكات كەتەمەنی سەروو هەژدەساڵی بێت ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرێت بەتایبەت ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دكتۆر داهات حەوێزی، پسۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هەموو كەسێك كەتەمەنی سەروو 18 ساڵ بێت دەتوانێت ئەم ڤاكسینی كۆرۆنایە وەربگرێت و داواش لە هاووڵاتیان دەكەین پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرن  بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونكە ئەم ڤاكسینە بەرگری كەسی تووشبوو بەكۆرۆنا بەهێزتر دەكات».
هەروەها ناوبراو پێشیوابوو ئەو كەسەی ئەم ڤاكسینە وەردەگرێت رەنگە تووشی كۆرۆنا ببێت، بەڵام بەئاسانی دەیگرێت، دەشڵێت:» دۆزی سێیەم و چوارەمیشم وەرگرتووە، بەڵام ئەو كەسانەی حەساسیەت یان هەستیاریان بەدەرزی و دەرمان هەیە دەبێت لەژێر چاودێری دكتۆردا بن و ئاگاداری باری تەندروستییان بن». داهات حەوێزی باسی لەوەشكرد  دۆزی سێیەمی ئەو ڤایرۆسە لەدوای شەش مانگ لەدۆزی دووەم وەردەگیرێت و  ئەو كەسانەی كەنەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یا پەرستاران و ئەو كارمەندانەی كە لەنەخۆشخانەكانن وەری دەگرن.
تەندروستی سلێمانی:
سلێمانی بەپلەی یەكەم دێت بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا
سامان شێخ لەتیف ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد ، رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO بەهاوكاری هەردوو وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق و هەرێم تیمێكی نیشتمانییان دروستكردو زەپۆرتی هەموو تیمەكانی ڤاكسینیان كرد لەهەموو پارێزگاكانی عێراق، پارێزگای سلێمانییش یەكێك بوو لەو پارێزگایانەی كە زەپۆرتی 25 تیم كرا بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی بتوانن پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.
هەروەها باسی لەوەشكرد كە هەڵمەتەكە لە 1/١١ بۆ 31/١٢ واتە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو ، راگەیاندنی سلێمانی ئاشكرایكرد لەو ماوەیەدا توانرا نزیكەی 60 هەزار كەس ئەو ڤاكسینە وەربگرن كە تیمەكان بەدوو شێوە كارەكانیان ئەنجام دەدا، تیمی جێگیر كەهەر لەناو مەڵبەندەكان بوون و پێشوازیان لەهاووڵاتیان دەكرد لە ٨ی هەشتی بەیانی بۆ ٥ پێنجی ئێوارە، تیمە جوڵاوەكانیش  لەڕێگەی مۆبایلەوە سەردانی قەزاو ناحیەكان و یاخود ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی پێویستیان بەو تیمی مۆبایلە هەبووە سەردانیان كردوون، ڤاكسینیان بۆ هاووڵاتیان كردووە، بۆیە لەو هەڵمەتە نیشتمانییە پارێزگای سلێمانی بەپلەی یەكەم دێت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.
سامان شێخ لەتیف ئەوەشی خستەڕوو كە پێش ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە پارێزگای سلێمانی بەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجەشەوە نزیكەی 630 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە، كە 310 هەزار كەس جورعەی یەكەمیان وەرگرتووەو چاوەڕێی جورعەی دووەم دەكەن و نزیكەی 270 هەزار كەسی دیكە جورعەی دووەمیان وەرگرتووەو چاوەڕێی  جورعەی سێیەمن كەدوای شەش مانگ دەتوانرێ جورعەی سێیەم وەربگیرێت.
توێژەرێكی دەروونی دەڵیت: ترسی خەڵك لەوەرگرتنی ئەم  ڤاكسینە ناچارییەكەیەتی، چونكە خەڵك پێیوایە ئەگەر شتێكی باشبێت حكومەت نایكاتە ناچاری.
ئیدریس نامیق، تووێژەری دەروونی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەهۆی بێمتمانەیی خەڵك بەرامبەر راگەیاندنەكان و ئەو ئیداریە سیاسییەی هەیە كە دوور لەكاری سیاسی خەڵك وابیردەكاتەوە ئەگەر ئەم ڤاكسینە باشبێت حكومەت نایكاتە ناچاری، چونكە دەڵێن ئەوەی گرنگە كوتانی مناڵان و خانمانی دووگیانە، بۆیە ئەم ڤاكسینە ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵك دروستكردووە.
هەروەها وەرگێڕانی هەندێ ڤیدیۆی  پزیشك و پسپۆڕانی ئەمریكی لەساتەوەختی بەرهەمهێنانی ئەم ڤاكسینە ئاماژەیان بەوەداوە كە كاریگەری زۆر خراپی دەبێت، یاخود هەندێ كەس ڤاكسینیشی بەكارهێناوە بەڵام هەر تووشی كۆرۆنا بووەو نەیتوانیوە بیپارێزێ، ئەمانە ترسیان لای خەڵك دروستكردووە، وتیشی:» رۆح هێندە شیرینە خەڵك نایخاتە بەردەم شتێك ئەگەری مان و نەمان بێ».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار