‌كامپی مەخمور لەســـیاسەتی توركیادا

توركیا لەم چەند ساڵەدا زیاتر لە ١٠ جار كامپی مەخموری بۆردومان كردووەو دەیان كەس بوونەتە قوربانی كە ژن و منداڵیان تێدایە

3 ساڵ لەمەوپێش



رەزا مەنوچەهری 


كامپی پەنابەرانی كوردی باكوری كوردستان لەمەخمور (كامپی شەهید رۆستەم جودی)، كە ١٨٠ كیلۆمەتر لەسنوورەكانی توركیاوە دوورە لەم چەند ساڵەی دواییدا زوو زوو لەلایەن فڕۆكە جەنگی و فڕۆكە بێفڕۆكەوانە هێرشبەرەكانی دەوڵەتی توركیاوە بۆردومان دەكرێت. لەو بۆردومانانەدا خەڵكی كامپەكە و ژنان و منداڵان دەكرێنە ئامانج و دەكوژرێن و بریندار دەكرێن. توركیا بۆ ئەو كامپە بۆردومان دەكات؟ ئەو كەسانە كێن لەو كامپەدا دەژین؟ دانیشتووانی كامپەكە چی دەكەن و بە چییەوە؟ بۆ توركیا هەوڵی داخستن و نەهێشتنی ئەو كامپە دەدات؟ 
سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كورد
لەدوای ماوەیەكی كەم لەدامەزراندنی كۆماری توركیا بەسەرۆكایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك و پاشماوەكانی ئیتیحاد و تەرەقی و ژۆن توركەكان، لەتوركیا دەستكرا بە نكۆڵیكردنی كوردو زمان و كولتوری كوردی و مافە مەدەنی و نەتەوەیی و سیاسییەكانی  قەدەغەكران. هەموو راپەڕینەكانی كورد بەتوندترین شێوە سەركوت كران. كۆمەڵكوژیەكانی پیرانی ئامەد، دۆڵی زیلان، ئاگری، دێرسیم و كۆچگرییان ئەنجامدا. بۆ نزیكەی ٥٠ ساڵ سەرتاسەری باكوری كوردستانیان كرد بەناوچەی سەربازی و قەدەغەكراو و لەهەموو جۆرە پەیوەندییەكی بەدونیای دەرەوە دابڕێندرابوو.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بەتایبەتی لەشەستەكانی سەدەی رابردودا و بەهۆی شەپۆلی گۆڕانكاریەكان لەسەرتاسەری جیهاندا لەتوركیادا ژمارەیەك حزبی جۆراجۆرو كۆمەڵەو رێكخراو دروستبوون. كورد سودی لەدۆخە وەرگرت و كەم كەم خۆی رێكخست و كۆمەڵەو رێكخراوی دروستكرد. هێدی هێدی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و كاری مەدەنی و رێكخستن لەناو كوردەكاندا گەشەی كرد.
دەوڵەتی توركیا ئەو دۆخەی پێ قبوڵ نەكراو سوپا لەشەستەكاندا دەستی بەكودەتا كرد. دووبارە سوپا لەحەفتاكانداو لەهەشتاكانیشدا كودەتای كردەوە، سەرباری بەكارهێنانی دەستی ئاسنین و قەدەغەكاریی زۆرو داخستنی زۆر كۆمەڵەو رێكخراوو ناوەندو كوشتاری هەزاران كەس و زیندانیكردنی سەدان هەزار كەس دۆخەكە هەر وەك ئەوەی لێنەهاتەوە، كە سوپاو دەوڵەت و سیستمی سیاسیی توركیا دەیانخواست.
سیاسەتی راگواستن و سوتماككردنی كوردستان
كاتێك لەدوای ئەو كوشتارو سەركوتكارییانە كورد لەباكوری كوردستان پەكەكەی دامەزراندو دەستی بەشەڕی چەكداری لەدژی داگیركاری و قەدەغەكارییە سەپێندراوەكانی دەوڵەتی توركیا كرد، دەوڵەتی توركیا شێوازی جەنگی قورسی سەربازی و كولتوری و سایكۆلۆژیی لەدژی پەكەكە و كۆمەڵگەی كوردستان و لایەنگرانی پەكەكە دەستپێكرد.
حەمید بۆزئەرسەلان مامۆستای كۆمەڵناسی و مێژوو لەزانكۆی پاریس لەبارەی ئەو شێوازەی جەنگی توركیا لەدژی پەكەكە دەڵێت، ئەو جەنگە و شێوازەكانی لە ناوەندی دژە شۆڕش لەپنتاگۆن بەرنامەی بۆ دانراوە و توركیا جێبەجێی دەكات. توركیا لەو چوارچێوەیەدا بۆ رێگریكردن لەپەیوەندیی گەریلاكانی پەكەكە لەگەڵ هاووڵاتیان و گوندەكان و پچڕاندنی پەیوەندییەكانی گەریلا لەساڵی ١٩٨٣دا دەستیكرد بەدروستكردنی پاسەوانی گوندەكان، كە كورد لەباكوور پێیان دەڵێت، جاش و قوروجی.
لەدوای ئەوەی لەسەرەتای ١٩٩٠ی سەدەی رابردوودا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی شەڕ و كێشەی كورد لەتوركیا بەئەنجام نەگەیشت و تورگوت ئۆزال و تیمەكەی لەناو توركیادا پاكتاوكران و شەڕ دەستیپێكردەوە، سیاسەتی بەجاشكردن لەسەرەتای نەوەدەكاندا لەلایەن مەسعود یڵماز و تانسۆ چیلەر و محەمەد ئاغارو هەوالگریی جەندرمە (ژیتەم) بەسەرۆكایەتیی جەم ئەرسەڤەر گەیشتە لوتكە، خەڵكی هەر گوندێك چەكی جاشایەتییان هەڵنەگرتایە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە گوندەكەیان كاول دەكراو خەڵكەكەی دەردەكرا. 
ئەو سیاسەتە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەساڵی ١٩٩٤ەوە كاری پێكراو لەماوەی چەند ساڵێكدا نزیكەی ٥ هەزار گوندی باكوری كوردستان خاپوركران. ١٨ هەزارو ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنیی كورد بەتۆمەتی ئەندامبوون و هاوكاریكردنی پەكەكە لەلایەن تیمەكانی مەرگی دەوڵەتی توركیاوە رفێندراون و بێسەروشوێن كران، زیاتر لە ١٠ هەزار كەس خرانە زیندانەكانەوە، زیاتر لە ٢ ملیۆن كەس لەباكوری كوردستان ئاوارەی گەورە شارەكانی كوردستان و رۆژئاوای توركیاو ئەوروپاو بەشەكانی تری كوردستان بون. توركیا ئەو پلانەی بەبەكارهێنانی هێزی بێسنوور تاوەكو سەرەتای سەدەی ٢١ درێژە پێدا و بەشێكی زۆری لەكوردستان كردە چۆڵەوانی و ناوچەی سەربازی. توركیاوە دەیخواست كوردستان چۆڵ بكات و كەسی تیادا نەمێنێت، جگە لەكەسانی سەربەخۆی. دەركردن و راگواستن لەشۆڕشی ئاگری و دۆڵی زیلان، لەدێرسیم و لە قۆناغەكانی ئیسڵاحاتی شەرقدا لەدژی كورد پەیڕەو كردووە. پێشتریش بە فتوای شێخولئیسلامی بابی عالی ئەرمەكان لەئەنادۆڵ و ناوچەكانیان بۆ شوێنە دوورە دەستەكان راگوێزرابوون و بەوە بەشێك لەجینۆسایدی دژ بەئەرمەنەكانیان جێبەجێ كرد. ئەو سیاسەتەش بەدرێژایی سەدەی ٢٠ لەدژی كورد بەكارهێنراوە. 
ئاوارە بوون بەرەو باشووری كوردستان
سوپای توركیا لەهەر ئۆپراسیۆنێكدا چەندین گوندی خاپور دەكردو بەو هۆیەوە ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەو گوندانە ئاوارە دەبون، كە چەكی جاشایەتیان هەڵنەدەگرت و ئامادە نەبوون لەدژی پەكەكە شەڕ بكەن. شەپۆلی گەورەی ئاوارە بوونی خەڵكی ناوچەی بۆتان لە ١٢ی نیسانی ١٩٩٤دا دەستیپێكردو لەمانگی نیسان تا ئایاری ١٩٩٤ گوندەكانی ناوچەكانی گابارو جودی لەئۆپراسیۆنەكاندا خاپور كران و خەڵكەكانیان ئاوارەی بوون. سەرەتا بەشێك لەئاوارەكان خۆیان گەیاندە دەوروبەری گوندەكانی دهۆك و زاخۆو بەشێكی تریشیان رۆیشتنە ناوچەكانی شەرانش و بهێرێ لەحەفتانین.
لەوكاتەدا باشوری كوردستان لە بەعس رزگار كرابوو دەسەڵاتی خۆماڵیی كوردیی لەژێر پارێزراویی هێڵی ٣٦ و چەكوشی ئامادەی ئەمریكا و فەرەنسادا بوو. هاوكات پەیوەندیی مێژوویی و دێرینی كورد لەودیوو ئەمدیوی سنوورو تروسكایەكی ئومێد بەباشوری رزگار كراو بووە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو كوردانەی باكوری كوردستان، كە چەكی جاشایەتییان هەڵنەگرتبوو تا رادەیەك بە ئەرخەیانی روو لەباشوری وڵاتەكەیان بكەن و روو لە شارە توركییەكان و ئەوروپا نەكەن.
پەنابەرەكانی باكوور بۆ ئەوەی مافە سەرەتایی و مرۆییەكانیان بۆ دابین بكرێت لەبەرامبەر بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەستیان بەچالاكی كرد و نزیكەی ٦٠ پەنابەر لە مانگی حوزەیراندا لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان بەمانگرتن كرد و لەدوای ٢٩ رۆژ لە مانگرتن و دوای نزیكەی ٢ مانگ مانەوەیان لەو شوێنانەدا، نەتەوە یەكگرتوەكان لەساڵی ١٩٩٥دا ئەتروشی بۆ شوێنی پەنابەرەكان دیاری كرد. هاوكات بەشێك لەپەنابەران لەگەلیی قەیمات نیشتەجێ كران.
گەمارۆدان و ئاوارەكردنەوەیان
گەرچی پەنابەرەكان داوای مافی خۆیان و نیشتەجێكردنیان لەشوێنێكی پارێزراودا دەكرد، بەڵام هەر لەسەرەتاوە دابەشكردنی پەنابەران بەسەر دوو كامپدا لەلایەن پەنابەرانەوە بەمانای لێكدابڕان و پەرتەوازەكردنیان لێكدرایەوە، بۆیە یەكێك لە داواكانیان ئەوە بوو، كە هەموو پەنابەرەكان پێكەوە لەكامپێكدا بن.
هاوكات لەگەڵ چالاكیی پەنابەرەكان بۆ مافەكانیان سوپای توركیا ساڵی ١٩٩٥ ئۆپراسیۆنی «چەلیك – ئاسن»ی لەدژی پەكەكە بۆ سەر باشووری كوردستان دەستپێكرد. دەوڵەتی توركیا لەو كاتەدا رایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنە لەدوای ئۆپراسیۆنی داگیركردنی قوبرس گەورەترین ئۆپراسیۆنی «دەرەوەی سنوور»ە. ئۆپراسیۆنەكە بە بەشداریی ١٣ جەنەڕاڵ، ٣٥ هەزار سەرباز لە رۆژی ٢٠ی ئاداری ١٩٩٥ لە حەفتانین دەستیپێكرد. پارتی بەشداریی لەو ئۆپراسیۆنەدا لەدژی پەكەكە كردو ئۆپراسیۆنەكە ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو. لەگەڵ ئۆپراسیۆنەكەدا سوپای توركیاو پارتی گەمارۆیان خستە سەر كامپەكان و هاتوچۆكردنیان لێ قەدەغەكردن و رێگای نەدەدا پێداویستییە مرۆییەكان بگاتە دەستی پەنابەرەكان و ئەو گەمارۆدانە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەردەوام بوو.
خەڵكە پەنابەرەكە ناڕەزایەتیان نیشانداو دەستیان بەخۆپیشاندان كرد، هێزەكانی پارتی تەقەیان لێكردن و ژنێكی پەنابەریان كوشت و ٦ ژنی تریان بریندار كرد. پەنابەرەكان كۆڵیان نەداو دەستیان بەمانگرتن كرد، لە دوای ١٥ رۆژ مانگرتن بەناچار ئاوو خواردن و نان گەیاندرایە پەنابەرەكان و هەر دوو كامپەكەش كرا بەیەك كامپ.
لەساڵی ١٩٩٦دا سەرباری شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتی لەلایەك و پارتی و پەكەكە لەلایەكی دیكە، گەمارۆو گوشارەكانی پارتی سەر پەنابەران بەردەوام بوو، لەئەنجامی گوشارەكانی توركیادا پارتی پەنابەرەكانی لەساڵی ١٩٩٧ لەو كەمپە دەركردو پەنابەرەكان بەناچاری رۆیشتن بۆ ناوچەی نینۆڤا، بەڵام هەر بەهۆی گوشارو گەمارۆكانەوە پەنابەرەكان هەر لەو ساڵەدا گواستیانەوە بۆ نەهبەردان، دوای ٢ مانگی تریش دیسانەوە بەهۆی گوشارەكانی توركیاو پارتییەوە پەنابەرەكان لەوێش ئاوارە كرانەوەو بۆ ماوەیەك چونە ناوچەی شێخان و لەئەنجامدا لەساڵی ١٩٩٨ لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پەنابەرەكان گواسترانەوە بۆ باشووری  مەخمور، كە ئەوكات ئەو ناوچەیە لەژێردەستی رژێمی سەدامدا بوو. سەرباری دۆخی سەخت و نیمچە بیابانبوونی باشووری مەخمور، بەڵام پەنابەرەكان لەگوشارو هێرش و گەمارۆكانی توركیا و پارتی رزگاریان بوو!
كامپی مەخمور
پەنابەرەكانی باكووری كوردستان، كە ژمارەیان زیاتر لە ١٢ هەزار كەس بوون و دوای ٤ ساڵ لەگوشار و گەمارۆو نائارامی لەسەر رووبەڕی ٥ هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لەباشووری مەخمور بەكەمترین ئیمكانات و پێداویستی دەستیان بەكردنەوەی خانوو و ئاوەدانكردنەوە و رواندن و سەوزكردنی ئەو ناوچە وشكە كرد.  قوتابخانەیان كردەوە و منداڵەكانیان فێری خوێندن بەزمانی كوردی كرد. پاسەوانیان لەناو خۆیاندا بۆ خۆیان دیاری كردو پاسەوانیان لەكامپەكە دەكرد. دەستیان كردنەوەی خولی پەروەردەی سیاسیی و نەتەوەیی و مێژوویی و هونەری كرد. كەم بنەماڵەیان هەبوو شەهیدیكیان نەبوو بێت، یان كەسێكیان گەریلا نەبوو بێت، بۆیە نەیاندەویست دووریی جوگرافی و سەختیی ناوچەكە ببێتە هۆی ئەوە لەو ئامانجانە داببڕێن، كە لەپێناویدا ئاوارە بوون. ئەو دۆخە  تاهێرشی ئەمریكا و هاوپەیمان بۆ سەر عێراق بۆ رووخانی رژێمی سەدام بەردەوامیی هەبوو.
لیژنەی چوار قۆڵی بۆ داخستنی كامپی مەخمور
بەهۆی هاوكارینەكردنی توركیا بۆ رووخاندنی رژێم سەدام، توركیا لەعێراقی دوای سەدامدا دۆخی خراپ بوو. تورەكە كرابووە سەر ئەفسەرەكانی لەسلێمانی و رێگاشیان پێنەدا هێز بۆ ناوچەكانی موسڵ و سوننەكانی عێراق ببات. دوای هەوڵێكی زۆر توركیا رێگای بازرگانی و كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی لەعێراقدا بۆ كرایەوە. لەدوای چەند ساڵ هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە دەستیكردەوە بە هەوڵەكانی بۆ گەمارۆدان و داخستنی كامپی مەخمور.
توركیا، ئەمریكا و هاوپەیمانانی وا تێدەگەیاندبوو، كە مەخمور بنكەو بارەگای پەكەكەیە و داوای هاوكاریكردنی بۆ لەناوبردنی پەكەكە بە پاساوی «شەڕ لە دژی تیرۆر» و داخستنی كامپی مەخمور كردبوو. بۆ ئەوەش لیژینەیەكی چوار قۆڵیی ئەمریكا و توركیا و پارتی و حكومەتی عێراق لەساڵی ٢٠٠٧ بۆ شەڕ لە دژی پەكەكە و داخستنی كامپەكە دامەزرا، كە بارەگاكەی لەهەولێر. ئەمریكا جەنەڕاڵ راڵستۆنی خانەنیشنی بەئەزمونی لە لیژنەكەدا دانابوو. پارتی خەندەقی بەدەوری كامپی مەخموردا لێداو بۆ ماوەی چەند مانگێك هاتوچۆی بۆ كامپەكە قەدەغە كرد. هاوكات راڵستۆن سەردانی كامپەكەی كرد. ئەنجام ئەوە بوو، كامپەكە بنكەو بارەگای سەربازیی پەكەكە نییەو شوێنێكی مەدەنییە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، بۆیە لەدوای ٦ مانگ راڵستۆن لەلیژنەكە كشایەوە و كامپەكەش دانەخرا و لەساڵی ٢٠٠٨ بەشكستی ئۆپراسیۆنی توركیا لە زاپ، ئەو لیژنەیەش بە عەمەلی كۆتایی پێهات.
هەوڵەكانی دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ
هاوكات لەگەڵ شەڕی داعش و هێرشی ئەو گروپە بۆ سەر كامپی مەخمورو بەئەنجام نەگەیشتنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیادا، لەساڵی ٢٠١٥دا توركیا بە زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی لە ٢٤ی تەمموزدا دەستی بەهێرشكردنە سەر پەكەكە كردو ئەو شەڕە تائیستا بەردەوامە. لەپاڵ ئەو هێرشانەدا توركیا دیسانەوە كامپی مەخموری كردووەتە ئامانج و دەیەوێت ئەو كامپە دابخات. 
ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ژمارەیەك لەبەرپرسانی تری ئەو وڵاتە لە لێدوانەكانیاندا كامپی مەخمور بەبارەگای پەكەكە دەناسێنن و ئەوە لە راگەیاندنەكانیدا زۆر دووبارە دەكرێتەو و هەندێك راگەیاندن و میدیای كوردیش لەهەرێم جاروبار ئەو پێناسەیە بۆ ئەو كامپە دووبارە دەكەنەوە، بەڵام كامپی مەخمور نزیكەی سەدا ٧٠ی دانیشتوانەكەی ژن و منداڵن و ٣ هەزار و ٥٠٠ كەسیان خوێندكارن و هەزارو ٢٠٠ كەسیشیان بەهۆی زۆری تەمەن و دۆخی سەختی ژیانەوە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، كە ئەو دۆخە هیچ پەیوەندییەكی بەكامپێكی سەربازی و چەكدارییەوە نییە.
سەرباری ئەوەش توركیا جاروبار بەپاساوی بنكەو بارەگای پەكەكە كامپەكە بۆردومان دەكات و پاسەوانانی كامپەكە و هاووڵاتیانی مەدەنیی ئەو كامپە دەكاتە ئامانج. لەدوایین هێرشی ئاسمانیی توركیادا ٢ پاسەوانی كامپەكە شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتی كامپەكەش، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بریندار بوون. بەرپرسانی تەندروستیی كامپی مەخمور رایانگەیاندوە، توركیا لەو هێرشەیەدا جۆرێك لەچەك و ژەهری كیمیایی بەكارهێناوە.
جیاوازیی كامپی مەخمور و كامپی ئەشرەفی موجاهیدینی خەڵق
كامپی موجاهیدینی خەڵق لەپارێزگای دیالە، كە بەكامپی ئەشرەف دەناسرا، بنكەی فەرمی ئەو حزبە بوو. هێزە چەكدارەكان و سەركردایەتیی ئەو حزبە لەو كامپەدا بوون. كامپەكە تەنانەت تانك و تۆپخانە و زرێپۆشی تیادا بوو، كەكاتی خۆی سەدام حوسێن بۆ شەڕ لە دژی ئێران پێی دابوون. ئێران لەدوای رووخانی رژێمی سەدام ئەو كامپەی بۆردومان كرد. چەندجارێكیش تۆپباران و هاوەنبارانی كرد. لە رێگەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەخۆیەوە هێرشی كردەسەری و لە ئەنجامدا گواسترایەوە بۆ كامپی لیبەرتی لەبەغدا و ئێستا براون بۆ وڵاتی ئەلبانیا و لەوێ كامپێكیان لەسەر رووبەری ٣٥٠ هەزار مەتر چوارگۆشە بۆ دروستكردوون، كە ئەوەندەی پاركی ئازادیی سلێمانی دەبێت.
رەنگە توركیا بیەوێت ئەو شێوازەی ئێران لەدژی كامپی مەخمور دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ توركیا تا ئێستا ئەستەم بووە ئەوە بووە، كە نە هێزی چەكداریی گەریلا و هەپەگە لەکامپەكەدا نین، بارەگای سەركردایەتیی پەكەكە لەكامپەكەدا نییە و بنكە و بارەگای  سەربازیش نییە. گەرچی خەڵكی كامپەكە بەهۆی پشتیوانی لە پەكەكەوە ئاوارە بوون، بەڵام ئەو خەڵكە مەدەنین و ئەندامانی پەكەكە هەروەك چۆن سەردانی زۆر شوێن و ناوچەی كوردستان دەكەن بەهەمان شێوە سەردانی ئەو كامپەش دەكەن. سەردانكردنی ئەندامێكی پەكەكە بۆ شوێنێك نابێتە پاساو بۆ ئەوەی توركیا ئەو شوێنە بۆردومان بكات. شوێنێكی وەك كامپی مەخمور، كە خەڵكەكەی ئەگەر ئەندامانی پەكەكەش سەردانیان نەكات، توركیا بەچاوی دوژمن سەیریان دەكات و ئەوەی تائێستا بەرامبەر ئەو كامپەو خەڵكەكەی كردوویەتی ئەوە روون دەكاتەوە، كە توركیا بەچاوی گەریلا سەیری دانیشتوانی كامپەكە دەكات، جا چ منداڵ بن، یان خوێندكار، یان كەسانی بەتەمەنی نەخۆش بن. 
دیارە ئاسمانی عێراق بەدەست ئەمریكاوەیە و توركیا بەئاگاداریی ئەمریكا ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو كامپە ئەنجام دەدات. نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ رێگریكردن لەبۆردومانەكان رێوشوێنێكی روونی نەگرتووەتەبەر. ئەو لایەنانە جاروبارێك لەدوای چەند بۆردومانێك داوا لەتوركیا دەكەن خەڵكی مەدەنی نەكاتە ئامانج و سەروەریی عێراق بپارێزێت، توركیاش دوای ماوەیەك دووبارە هێرشەكانی دەستپێدەكاتەوە. كاتێك سەیری مێژوی ئەو كامپە هەڵسوكەوتەكانی توركیا بەرامبەری دەكرێت، دیارە توركیا بەئاگاداریی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق و هەولێر ئەو بۆردومانانە ئەنجامدەدات.
كوژرانی عوسمان كۆسە و گەمارۆدانی كامپی مەخمور
لە ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩دا كەسێك بەناوی عوسمان كۆسە لە ریستورانتی حوقەباز لە هەولێر لەلایەن چەند گەنجێكی باكووری كوردستانەوە كوژرا. توركیا دەڵێت، عوسمان كۆسە جێگری كۆنسوڵی توركیا بووە لەهەولێر، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لەپەكەكە و هەندێك لەمیدیاكان بڵاویانكردەوە، عوسمان كۆسە ئەندامی میت بووە و سەرپەرشتیی هێرش و بۆردمانەكانی بۆ سەر پەكەكە كردووە لە باشووری كوردستان. پێشتریش لەناو میتدا بەرپرسی دۆسیەی ئێران بووە. وەك دەوترێت، ئەو پلانداڕێژەری بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلەكەی هەڵمەت غەریب بووە. گەرچی توركیا دەیەوێت عوسمان كۆسە وەك دیپلۆماتكارێك بناسێنێت، بەڵام ئەو دیپلۆماتە دۆخێكی نهێنیی هەبووە و تەنانەت هیچ ئەكاونێكی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەبووە.
پارتی لەدوای كوژرانی عوسمان كۆسە  كامپەكەی گەمارۆداوەو لەو كاتەوە تائێستا، كە دەكاتە ٢ ساڵ و ٧ مانگ (٩٤٥ رۆژ) ئەو كامپەی خستووەتە ژێر سەختترین گەمارۆ، كە تائێستا وێنەی نەبووە. پاساوی ئەو گەمارۆیە ئەوەیە، كە یەكێك لەبەشداربووەكان لەكوشتنی عوسمان كۆسەدا دانیشتوی كامپی مەخمور بووە. ئەو پاساوە لاوازە، ناكرێت خەڵكی مەدەنیی شارێك بەهۆی كەسێكەوە سزای بەكۆمەڵ بدرێن و بۆردومان بكرێن، بەڵام دیارە ئەوە لەلای توركیاو ئێران و عێراقی سەردەمی سەدامەوە هیچ گرنگ نەبووە و نییە. بەئاسانی شوێنی مەدەنی بۆردمان دەكەن و خەڵك كوشتار دەكەن. بەتایبەتی تریش شارە كوردییەكان و هاووڵاتیانی كورد دەكەنە ئامانج و دەیانكوژن. رژێمی  ئێران لەدوای فتوای خومەینی بۆ هێرشكردنە سەر رۆژهەڵاتی كوردستان بەپاساوی بوونی پێشمەرگە دەستیكرد بە بۆردومانكردنی ناوەندەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و سنە بەتایبەتی و سەدان هاووڵاتی مەدەنیی شەهید كرد. سەدام بەهەمان پاساو هەڵەبجەی كیمیابارانكردو ئەنفالی ئەنجامدا. توركیاش بەهەمان پاساو ناوچەی سووری ئامەد، شەنگال، جزیر، عەفرین، سلۆپی، نسیبین، گرێ سپی، جۆلەمێرگ، سەرێكانی، گەڤەر و زۆربەی ناوچە مەدەنییەكانی كوردستان بۆردومان دەكات.
توركیا لەم چەند ساڵەدا زیاتر لە ١٠ جار كامپی مەخموری بۆردومان كردووە. ئێستاش بەهۆی گەمارۆدانیانەوە، خەڵكەكەی لەدۆخێكی سەختدان و پێویستییان بە هاوكاریی مرۆیی و پزیشكی و كار هەیە. بەهۆی رێگریكردن لە رۆیشتنیان بۆ نەخۆشخانە لەهەولێر، دوو لەدایكەكانی كامپی مەخمور لەكاتی دوگیانیان و ساتەكانی نزیك لەمنداڵ بووندا، لەلایەن بازگەی هێزەكانی پارتییەوە رێگرییان لێكراو بەهۆی خوێنبەربوونەوە خۆیان و كۆرپەلەكانیان بەدەم ئازارەوە گیانیان لەدەستدا! هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٥ كەسی ئەو كامپە لەكاتی گەڕان بەدوای كارداو لە رێگای بەغدا بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكانیانەوە گیانیان لەدەستداوە...
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار