نزیكەی سەد رووفات لە حەوت گوڕی بەكۆمەڵدا لەشەنگال هەڵدەدرێنەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمارعەزیز
ئێزیدییەكان 22ی شوبات وەك رۆژێكی دیكەی رەش دەبینن كە حەوت گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە هەڵدەدەنەوە كە نزیكەی سەد رووفاتی لەخۆگرتووەو دواتر رەوانەی پزیشكی دادی دەكرێت بۆ ناسینەوەی رووفاتەكان كە لەسەر دەستی داعش شەهیدكراون.
بەئامادەبوونی بابەشێخ بابی روحی ئێزیدییەكان بەرپرسانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستكرا بە هەڵدانەوەی حەوت گوڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەردان كە دەكەوێتە خورهەڵاتی شەنگال.
سیروان جەلال ، بەرپرسی پەیوەندییەكان لەوەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت» تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەگەڵ پزیشكی دادی بەغدا بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم، حەوت گۆڕی تر لە مەفرەقی حەردان هەڵدەرێنەوە».
هەروەها باسی لەوەشكرد دوێنێ 22ی شوباتی 2022 مەراسیمی دەستپێكردنەوەی كارەكە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی شوبات یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ لەحەردان كە دەكەوێتە خورهەڵاتی شەنگال هەڵدەدرێتەوە.
سیروان جەلال وتیشی « سەدان كەس لەساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعش رەمی كراون دواتر تەرمەكانیان فڕێدرانە مەفرەقی حەردان ، ئەوانەی مەفرەقی حەردان هەموویان پیاون و لە رەگەزی نێرن خەڵكی ناحیەی گرعوزێرن سەر بە قەزای شەنگال، دوای تەواوبوونی هەڵدانەوەی رووفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا دەكرێن، پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەوەش بەمەبەستی ناسینەوەی رووفاتەكان و دیاریكردنی ناسنامەكانیان».
هاوكات، خەیری عەلی ، بەرپرسی ئوفیسی شەنگال لە رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیۆمێنتكردنی بەڵگەنامەكان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت « حەوت گۆڕی بە كۆمەڵ لە مەفرەقی حەردان دۆزراونەتەوە ، تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە ماوەی 21 رۆژدا هەر حەوت گوڕی بە كۆمەڵ هەڵدەدەنەوە ، هیچ كەسێك نازانیت چەند رووفات لەو حەوت گۆڕەدان، بەڵام بەپێی زانیاریەكانمان ژمارەیان سەرووی 70 كەس دەبن».
هەڵدانەوەی یەكەم گوڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان لە گوندی كۆجۆی قەزای شەنگال ، بە بڕیاری حكومەتی عێراق لە 15ی ئازاری 2019 دەستیپێكردو تائێستا بە دوو قوناغ ، نزیكەی 500 رووفات لە 20 گۆڕدا دەرهێنراون، لەشوباتی 2021یش رووفاتی 104 ئێزیدی لە گوندی كۆجۆ بە خاكسپێردرانەوە .
سەباح سەمیر ، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە نوسینگەی بابە شێخ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « رۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2022 بۆ هەموو جیهان رۆژێكی تایبەتە، بەڵام بۆ ئێمەی ئێزیدییەكان رۆژێكی رەش و تاڵە چونكە لەم رۆژەدا رووفاتی دەیان ئێزیدی لەناو گوڕدا هەڵدەدرێنەوە كە بەداخەوە لەسەر دەستی چەكدارانی داعش شەهید كراون «.
دوای تەواوبوونی مەراسیمەكانی ئایینی ئینجا دەستكرا بەهەڵدانەوەی یەكەم گۆڕ لە مەفرەقی حەردان ، بەوتەی كەسوكاریان نزیكەی 100 رووفات لەو حەوت گوڕەدا هەیە.