یەكێتیی پیاوان: ئامارەكانی خۆكوشتن مەترسیدارن
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم و كەركوك لەساڵی رابردوودا 68 پیاو خۆیان كوشتووەو رێكخراوی یەكێتی پیاوانیش ئەوە بەمەترسی وەسف دەكات و داوا دەكات هۆشداری بڵاوبكرێتەوە لەپێناو رێگری كردنی ئەو حاڵەتانە.
بورهان عەلی فەرەج، بەرپرسی رێكخراوی یەكێتی پیاوان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو بەپێی لیژنەی بەدواداچوون و تۆماركردنی كەیسەكان لە رێكخراوی یەكێتی پیاوانی كوردستان لە بەرواری 1-1-2014وە بۆ 31-12-2021 تۆماركردنی كەیسەكان و سكاڵا و توندوتیژی لە ( 4318) جۆری سكاڵا ، ئاماری خۆ كوشتنی پیاوان لە كوردستان ( 626) حاڵەت بووە، وتیشی:»ئاماری كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بەهاوكاری كەسانی تر( 48) كەیس بووە».
بورهان فەرەج باسی لەوەشكرد كە لەبەرواری 1-1- 2021 تا كۆتایی ساڵ ژمارەی كەیسەكان 521 بوون، خۆكوشتنی پیاوانیش ( 68) حاڵەت بووە ، بەم شێوەیە ، دەركردنی پیاوی بەتەمەن ( 21) حاڵەت، خیانەتی هاوسەرگیری ( 47) و توندوتیژی جەستەیی ( 8) حاڵەت، هەروەها تەداخولكردنی كەسوكار لەژیانی هاوسەرگیریدا ( 199) حاڵەت ، فشاری دەروونی و سێكسی ( 11) حاڵەت، دەستبەسەرداگرتنی منداڵ یان بێ بەشكردنی باوك لە بینینی منداڵەكەی ( 219 ) حاڵەت بووە.
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە حاڵەتەكانی خۆكوشتنی پیاوان لەساڵی 2021 دا لەسنوری پارێزگای دهۆك ( 9) بووە و لەپارێزگای هەولێر 24 و لە پارێزگای سلێمانی 28 و لەپارێزگای كەركوك پێنج و لە پارێزگای هەڵەبجە دوو حاڵەت هەبووە، وتیشی:» پێویستە رێكخراوەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆشداری بڵاوبكەنەوە لەپێناو رێگریكردن لەم حاڵەتانە».
توێژەرێكی دەروونی دەڵێت:» پەنابردن بۆ خۆكوشتن چارەسەر نییە».
ساڵح زاهیر، توێژەری دەروونی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، پێیوابوو هۆكارەكانی خۆكوشتن بێكاری و نەبوونی هەلی كار سەرەكیترین هۆكارە تا پیاو پەنا بباتە بەر خۆكوشتن، وتیشی:» گەنجێك هاوسەرگیری دەكات دوای چەند ساڵێك لە نەبوونی هەلی كار ناتوانێت خێزانەكەی خۆی بەخێو بكات، رۆژێك دووان ناچار دەبێت خۆی بكۆژێت، كێشەكانی نێوان ژن و پیاو زۆرترینیان لەسەر پارەیە، ژن داوای پارە دەكات پیاوەكەش پارەی نیە ناچار یان لێك جیادەبنەوە یا پیاوەكە خۆی دەكوژێت، بەڵام خۆكوشتن چارەسەر نییە و دەبێت مرۆڤ بەرگەی بەرپرسیارێتی بگرێت و هەوڵی چارەسەركردنی بدات».
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك پێیوابوو كە حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەهەموو دونیادا بوونی هەیەو هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو جیهانە.
هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «حاڵەتەكانی كوشتن یاخود كوشتن لە هەموو شوێنێكی دونیا هەیە، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم جیهانە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لەساڵی 2021 لە سنوری پارێزگای دهۆك 41 كەس كوژراون 15 هەزار و 135 سكاڵا تۆماركراون، وتیشی:» ئەم سكاڵایانە لەسەر هەموو بابەتێك بوون ، هۆكاری كوشتن یان خۆكوشتن دەیان هۆكار هەن، لەوانە كێشەكانی نێوان ژن و پیاو یاخود خراپ بەكارهێنانی هێڵەكانی پەیوەندیكردن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ، بەڵام ئەمانە پەیوەندی بە هەموو كوردستانەوە هەیە نەك تەنها پارێزگای دهۆك «.