دانوساندن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت باشترە لە رێگاكانی دیكە
هاشم زێباری، مامۆستای زانكۆ لەدهۆك بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: عەمار عەزیز
پسپۆرێكی ئابووری مامۆستای زانكۆ دەڵێت:» حكومەتی هەرێم دەست بە دانوستاندن و گفتۆگۆ لەگەڵ بەغدا بكات تا مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست نەكات».
هاشم زێباری، مامۆستای زانكۆ لەپارێزگای دهۆك لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ هاوڵاتی دانوساندن و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت باشترە لە رێگاكانی دیكە
دەشڵێت:» نەوت دەكرێت بەهۆی داهاتەكەی ببێتە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی و سەرجەم كەرتەكانی دیكەی پێ ببوژێنیتەوە، بۆیە پێداچوونەوە بە سیاسەتی نەوت بووەتە زەرورییەت».
هاوكات ئەوەش باس دەكات كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە كەمتر لە 10 دۆلار لە نەوتی برێنت لەبازاڕدا بەراورد بە بەهای فرۆشتنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سومۆ لەبازاڕەكانی جیهاندا ، مانگانە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار، ساڵانە كەمتر نیە لە یەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلار كە زەرەری دارایی گەیاندووە بە هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی: دۆخی ئابوری هەرێم سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، مانگانە مووچە دابەش دەكرا بەشێوەیەك سستی پێوە دیاربووە، بەڵام پێتان وایە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سیستەمی پێدانی مووچە گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
هاشم زێباری : وەكو ئاشكرایە كە ئابووری هەرێمی كوردستان ئابووریەكە پشت بەستووە بە نەوت و ئیراداتی نەوت، ئەمەش بێگومان كێشەكانی ئێمە بەدەر نیە لە كێشەكانی بەغدا، بەڵكو ماوەیەكی زۆرە دوای ساڵی 2007 بۆ یەكەمجار یاسای نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستان دەرچووە و خیلافاتی دەستوور وردە وردە سەری هەڵدا.
پێموایە دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014و ئەو ناكۆكیانەی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان دروست بوون و باسی ئەو زەرەرو زیانانە ناكەم كە بەهەرێمی كوردستان كەوت لە نەتیجەی ئەوەی پێی دەڵێن «ئابووری سەربەخۆ» ، كە بەڕاستی زیانەكان ئەوەندە گەورە بوون كە كەس ناتوانێت تموحی پێ ببات.
ئەوەی ئێستا ئاشكرایە لەهەرێمی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی دۆسیەی نەوت، بەڕاستی ئێمە چووینەتە ناو قوناغێكی تر لەدوای بڕیارەكە، ئەو قوناغە نوێیە زۆر زۆر جیاوازە لەگەڵ قۆناغەكانی پێشترو دەتوانم بڵێم مەترسیەكانی هیچ كەمترنین لەدوای ریفراندوم.
دوای بڕیارەكەی دادگای فیدرالێ دوو بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستان هەیە، یان پێویستە رێكبكەوێت لەگەڵ بەغدا و وردە وردە هەماهەنگی لەنێوان خۆی و بەغدا دروست بكات، چونكە بڕیارەكانی دادگا مولزەمن پێویست ناكات حكومەتی هەرێم خۆی لێ بشارێتەوە بەعەقڵ و گفتۆگۆیەكی كراوە كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەربكەن.
بژاردەی دووەم پێگیری و ئیلتیزام نەكردن بە بڕیارەكانی دادگا كە ئەمەش بەڕاستی بژاردەیەكی زۆر خراپە چونكە لێكەوتەكانی زۆر خراپ دەبن لەسەر هەرێمی كوردستان، پێم وایە حكومەتی عێراق دەسەڵاتی ئەوەشی دەبێت كە كۆنتروڵی بیرە نەوتەكان بكات یان دەستتێوەردان بكات، فشاری سیاسی و دبلۆماسی بكاتە سەر هەرێم لەناوەندە جیهانییەكان كە هیچ كەس و لایەنێك مامەڵە لەگەڵ نەوتی هەرێمدا نەكات.
پەرلەمان و دیوانی چاودێری ناتوانن چاودێری دۆسیەكە بكەن، ئەندامەكانی پەرلەمان و هەتا سەركردەكانی حزب بە ئەوانەی لەناو دەستەڵات و دەرەوەی دەستەڵاتن هیچ كەسێك یان زانیاریان نیە لەسەر دۆسیەكانی نەوت، لەجیاتی ئەوەی نەوت ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك بەداخەوە بووەتە مایەی نەهامەتی و ژانە سەر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی : هەریەك لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم باسیان لەوە كرد كە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی تایبەت بەدۆسیەی نەوت و غاز جێگەی قبوڵكردن نیە، واتە لەئەرزی واقیع جێبەجێ ناكرێت، پێتوایە پێویستە هەنگاو بنێن بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا؟
هاشم زێباری: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم ئەمانە دوو دامەزراوەی گەورەن بەرپرسن لەبەرامبەر سیاسەتی نەوت و ئاگاداری وردەكارییەكانی دۆسیەی نەوتن، ئەوەی ئەوان دەڵێن حیجەت و موبەرراتی زۆر زۆر لاوازن، چونكە ئەو بڕیارە لە دادگای فیدراڵ دەرچووە نەك لە حكومەتی عێراق و بڕیارەكانی دادگا مولزەمن ئەوەش دوای پێداچوونەوەو وردبینی، واتە بڕیارەكان لەعێراق دەردەكرێن، لەبەرئەوەش بەڕاستی وەكو پرسێكی راگەیاندن دەبینم كەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم بەوشێوەیە قسەیان كردووە، لەجیاتی ئەوەی هەنگاوی جددی و باش بنێن یان هەرهیچ نەبێت بەزمانێكی نەرم مامەڵەیان لەگەڵ بڕیارەكە بكردایە ، تا زمانی گڤتۆگۆ و دانوساندن جارێكی تر دەست پێبكرابایە.
وتەكانی ئەوان ناواقیعی دەبینم، چونكە بەهەموو بڕگەكانی دەستور هەرێمی كوردستان لەدەرەوەی دەستوور مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی نەوت كردووە ، لەلایەكی تر لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ زیانی نەك بۆ هەرێم بەڵكو بەعێراقیش گەیاندووە، چونكە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە كەمتر لە 10 دۆلار لەبازاڕدا فرۆشراوە ئەمەش بەراورد بە بەهایەكانی برێنت و سومۆ لەبازاڕەكانی جیهاندا ، مانگانە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار زیانی كەمتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەنێوان ئەو نرخەی سۆمۆ پێی دەفرۆشێت ئەو نرخەی حكومەتی هەرێم دەفرۆشێت ساڵانە كەمتر نیە لەیەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، ئەم جیاوازییە بۆ عێراقیش دەبێتە كێبڕكێیەكی خراپ لەبازاڕەكانی جیهان و بكڕەكانیدا.
هاوڵاتی: كەواتە پێتانوایە بڕیارەكە بۆ حكومەتی هەرێم خراپە؟
هاشم زێباری: راستە بڕیارەكە بۆ حكومەتی هەرێم زۆر خراپە ، بەڵام لەدڵەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان حەزدەكات دۆسیەی نەوت بەتەواوی رادەستی بەغدا بكرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی دادوەری لە دابەشكردنی مووچەدا دروست بێت و مانگانە هەر فەرمانبەرێك بەبێ دواكەوتن موچەكەی خۆی وەربگریت ، هەروەها خزمەتگوزاری تر وەكو پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو دروستكردنی رێگاوبان و تاكۆتایی جێبەجێ بكرێت.
هاوڵاتی: باشترین بژاردە بۆ چارەسەركردنی مەلەفی نەوت لەگەڵ بەغدا چیە؟
هاشم زێباری: باشترین بژاردە لەبەردەم حكومەتی هەرێم رێككەوتنە لەگەڵ حكومەتی عیراق، بەبڕوای من بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت هەرێمی كوردستان رێبكەوێت لەگەڵ بەغدا.
ئێمە لەبەردەم دوو تیۆری ئابووریداین، واتە لەبەردەم دوو بۆچوونی ئابووریداین دەربارەی ئەم بابەتە، یەكەم دەڵێت ئەگەر نەوت نەخرێتە ناو چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی بەڕاستی دكتاتۆریەت بەرهەم دەهێنرێت لەم وڵاتانەی خاوەن نەوت و كانزان، ئەگەر نەوت خراوەتە ناو چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی ئەوكات نەوت دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو خەڵك، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان لەجیاتی ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە بكات كە نەوت بووە بەخۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی ئەوان، بەداخەوە كۆپی پەیستی نموونە فاشیلەكانی ئەو وڵاتانەی دووبارە كردەوە لەسەر دۆسیەی نەوت بەنموونە عێراق ، لیبیا، یان سعودیە.