بڕیاری كۆتایی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پەرلەمانی كوردستان دەیدات
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ئەمڕۆ نووسراوێكی دیكە دەداتە پەرلەمان
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كەئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێكی دیكەیان ئاراستەی پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی تا یەكی نیسانی ئەمساڵ كارەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیۆن یەكلایی بكەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی هەرێمی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان دەركرد كە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022 دیاری كرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
هەروەها داوای لەحكومەتی هەرێم كرد كە بودجەیان بۆ تەرخان بكات، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لایەنی پەیوەندیداری راسپارد بۆ ئامادەكردنی بودجە بۆ كۆمسیۆن تا لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردنەكان بەڕێوەبچێت.
شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دوێنێ سێشەممە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە نووسراوێك بۆ پەرلەمان بنێرین».
هەروەها وتیشی:» پێشتر بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانمان راگەیاندووە كە سەرۆكی هەرێم و حكومەتیش ئاگادارن كەماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، دەبێت تا یەكی نیسان ئەنجومەنی كۆمیسیاران كارا بكرێتەوە یان ئەنجومەنێكی نوێ لەپەرلەمان متمانەی پێبدرێت، بودجەش ئامادە بێت و هاوكاری لایەنەكانیش كە كۆمسیۆن پێویستی پێ بێت ئامادەبكرێت».
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە چاوەڕێی پەرلەمانن كە بە سازان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران بگەنە رێككەوتن دوای ئەوكاتە حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە لەسەر ئەو بودجەیەی كۆمسیۆن داوای دەكات»تا ئێستا بڕی بودجەكەمان باس نەكردووەو دانیشتمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم نەكردووە».
وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەشی روونكردەوە كە لەدوای مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم بڕیاردان لەسەر ئەنجومەنی كۆمیسیاران گرنگە، پاش ئەوە بودجە گرنگە.
دەربارەی ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت یان نا، شیروان زرار وتی:» ئەوە تەنها پەیوەندی بەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە هەیە».
سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێم مەرسومی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەركردووە، بەڵام پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەنێو فراكسیۆنەكانی پارلەمان كێشەو ناكۆكی لەسەرەو بەپێی داواكەی كۆمسیۆن بێت تەنها یەك مانگ لەبەردەم پەرلەماندا ماوەتەوە.