دەرگای خۆپاڵاوتنیش بۆ سەرۆك كۆمار بكرێتەوە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدمانە
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی حزبەكەیەتی ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بەدەنگدان لە پەرلەمانی عێراق یەكلایی بكرێتەوە.
دوای بڕیارەكەی دوێنێ سێشەممەی دادگای فیدراڵی عێراق كە دەرگایەكی داخست و پەنجەرەیەكی كردەوە كە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لەدەسەڵاتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا نییەو بەڵكو دەبێت پەرلەمانی عێراق دەنگ بدات كە رێگا بدات یان نا.
دوا بەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بەم زووانە پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت.
رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» راستە دادگای فیدراڵی دەرگایەكی داخستووەو پەنجەرەیەكی كردووەتەوەو داویەتی دەست پەرلەمان كە دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام ئەم پرسە زۆر قورسە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەت رێككەوتنی لەسەر نەكرێت بەئاسانی تێناپەڕێت و كاتی زۆری دەوێت».
ناوبراو باسی لەوەشكرد، پێكهێنانی حكومەت و سەرۆك كۆمار دەبێت بە یەك پاكێج رێككەوتنی لەسەر بكرێت، وتیشی:» وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتییە».
دەربارەی ئەوەی باس لەسیناریۆی دیكە دەكرێت كە ناوی دكتۆر لەتیف رەشید و تەنانەت خەسرەو گوڵ محەمەد دەكرێت ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە، راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:»تا ئەم كاتەی قسە دەكەین تەنها بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە».
لەبارەی ئەوەی دەوترێت پارتی بەرهەم ساڵح رەتدەكاتەوە، رێزان شێخ دلێر وتی:» حزبەكان حەقی خۆیانە هەوڵ بۆ كاندیدی خۆیان بدەن، بەڵام ئەو پۆستە ئیستحقاقی یەكێتییە».
لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكی باڵا لەناو پارتی كە نەیویست ناوی بهێندرێت دەڵێت: »بەرهەم ساڵح نابێتەوە بە سەرۆك كۆمار، پارتی هەر كاندیدێكی دیكەی كورد لە لیستی خۆبەربژێركردنی سەرۆك كۆماردا بێت لاری نییە».
هاوكات دڵنیایشیدا لەوەی كە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت.