ئەو چەكدارانەی دەنگیان بەحزبەكانیان نەداوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

لەهەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەبازنەی شەنگال هەرسێ‌ كورسی پارتی بەدەستی هێناو كورسی كۆتاش بۆ حزبی پێشكەوتنی ئێزیدی بوو كە (نایف خەلەف سەیدۆ) بوو، لایەنەكانی دیكە  لێكۆڵینەوە لەچەكداران و ئەندامەكانیان دەكەن بەهۆی بەدەستنەهێنانی هیچ كورسییەكەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو كە عێراق دابەشكرا بۆ 81 بازنەو شەنگال بازنەیەك بوو لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا.
خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەرپرسانی هەرێمی كوردستان رێگەیان بەئێمە نەدا لەشارەكانی كوردستان بەنموونە پارێزگای دهۆك بانگەشە بۆ كاندیدەكەی خۆمان بكەین، كەئەمەش زۆر كاریگەری لەسەر دەنگەكانمان كرد «.

هەروەها باسی لەوەشكرد لە رۆژی دەنگدان بەشێكی زۆر لەناوەكانی چەكداران و لایەنگرانیان نەهاتبووەوەو هەندێكیان لەهەرێمی كوردستان ناویان دەرچوو بوو، وتیشی:» راستە ژمارەی چەكدارەكانمان نزیكەی 15 هەزار چەكدارەو نزیكەی 10 هەزاریان تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیەو مافی دەنگدانیان هەبووە، ئێمە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی خۆمان دەكەین».
هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە بەدەنگدەران و لایەنگرانی خۆیان وتووە تەنها دەنگ بەكاندیدانی پارتی نەدەن، ئەوانەی دیكە ئازادن دەنگ بەكێ‌ دەدەن، وتیشی:» بەشێك لەلایەنگران و چەكدارەكانمان دەنگیان داوە بە نایف سەیدۆ، كاندیدی حزبی دیموكراتی ئێزیدی، خۆشبەختانە ئەویش دەرچوو».
هاوكات، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزدیخان لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، كاندیدێكمان هەبوو بۆ كورسی كۆتا، ژمارەیەكی زۆر لەدەنگدەرانمان روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە و زۆرینەیان دەنگیان نەدا».
حەیدەر شەشۆ وتیشی:» بەدڵنیاییەوە چەكدارەكانمان و لایەنگرانی ئێمە دەنگیان بەكاندیدەكەی ئێمە داوە، كێشەیەكی تریش ئەوەبوو كەهەندێك ناو لەهەرێمی كوردستان هاتبوون واتا دەنگەكانمان پەرت و بڵاوببوونەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار