رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان لەمەترسیدایە

دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان: نیو ملیۆن كەس لەهەرێمی كوردستاندا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

هەژاری ئەو دەردەی دەرمانی بەئاسانی دەستناكەوێت ئاستەكەی لەهەرێمی كوردستاندا بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا 12.5  بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئەوەش وەك ئاماژەیەكی مەترسی دەبیندرێت بۆ كۆمەڵگا.

هەرێمی كوردستان لەئێستادا لەسەدا 90ی داهاتەكەی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی خاوو ئەوی دیكەی لەڕێگەی گومرگ و باج و رسوماتەوە دەستدەكەوێت، بەڵام دادپەروەری كۆمەڵایەتی تائێستا نەهاتووەتە دی.

سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی دەرچواند بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كاری لەسەربكات و چاكسازی لە سێکتەرە جیاوازەكان و دابەشكردنی موچەو دەرماڵەكاندا بكات، بەڵام پاش سێ ساڵ لەحوکمڕانی ئەم كابینەیە دەرهاویشتەكانی یاسای چاكسازی بەدیناكرێت.

بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك مانگانە داهاتیان لە 110 هەزار دینار كەمتر بێت دەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەپێی ئاماری ئەو دەستەیە نیو ملیۆن كەس ئەو دەرفەتەیان نییەو لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

لەبەر رۆشنایی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەژاری بریتییە لە»بێبەشبوونی بەردەوام و درێژخایەنی داهات و تواناداری، توانای هەڵبژاردن، ئاسایش، توانای بەهرەمەندبوون لەئاستێكی شیاو لەگوزەران، گرنگترینیان: گەندەڵی و خراپ دابەشكردنی داهاتەكان و كارەسات و لاوازی سیستەمی پەروەردە و كەمتەرخەمی لەكارو نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگا».

بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، لەساڵی 2012 رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان لەسەدا 3.5%  بووە، بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەو پەنابەرەوە رێژەكە بۆ لەسەدا 12.5% بەرزبووەتەوە كە پارێزگای هەولێر لەسەدا 5.1% و سلێمانی لەسەدا 2.1 و  هەرچی پارێزگای دهۆكە رێژەی هەژاری تێیدا لەسەدا 4.12%  بووە.
 هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بۆ ساڵی 2018 بریتی بووە لەسەدا 5.5% ، پارێزگای هەولێر لەسەدا 6.7% و  پارێزگای سلێمانی 4.5% و دهۆك 5.5% بووە كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن. 

بەڵام بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی ئۆفیسی هاوكاری پەنابەرێتی ئەوروپی (EASO) 
كە لەدوو بەشی سەرەكی پێكدێت رێژەی هەژاری لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە لەسەدا 12.5 و لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لەسەدا 22.5% ئەوەشی بەمەترسی وەسف كردووە.
بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان هەر كەسێك لەماوەی مانگێكدا كەمتر لە 110 هەزار دینار خەرج بكات لەژێر هێڵی هەژاریدایەو لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان دەیان هەزار خێزان داهاتی مانگانەیان لەخوار ئەو 110 هەزار دیناری مانگانەیەوەیە.
شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێت چاوەڕوان دەكرێت رێژەی هەژاری لەمساڵدا لەسەدا 1.6 زیاد بكات.
ماردین مەعسوم فەرەج، دكتۆرای هەیە لەئابووریدا  لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئاستی هەژاری و بەرزبوونەوەی رێژەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، كە گرنگترینیان: گۆڕانكاری نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و گرانبوونی شتوومەك و خۆراكی هاوردەكراوە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد زیادبوونی باج و رسومات و نەبوونی دادپەروەری لەدابەشكردنی داهاتدا هۆكاری سەرەكییە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری.
دكتۆر ماردین مەعسوم ئەوەشی خستەڕوو كە بەپێی بەیاننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان پێویستە رێژەی هەژاری نزمببێتەوە و پێویستە تاساڵی 2030 هەموو تاكێك ئاوی پاك و خۆراكی تەندروستی پێبگات، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری لەهەموو جیهاندا چاوەڕێدەكرێت لەساڵی ئایندەدا رێژەكە زیادببێت، بە جۆرێك كە لەعێراقدا لەسەدا دوو و لەهەرێمی كوردستانیشدا لەسەدا 1.6%  بەرزببێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی: رێنماییمان بەرزكردۆتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكەن و سوودمەندببن.
 ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی باسكرد كە رۆژی 28ی شوباتی 2022 لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی وەزارەتەكەیاندا لە وۆرك شۆپێكی تایبەت بەپێداچوونەوە بە رەشنووسی رێنمایی هاریكاری خێزانی هەژارو كەمدەرامەتدا چەندین رێنمایی نوێ گەڵاڵە كران بۆ ئەو خێزانانەی كە لە رابردوودا سوودمەند بوون لەتۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی یان سندوقی چاودێری خێزان و بەرزكرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا پاڵپشت بەو رێنماییانە خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت دیاریبكات، وتیشی:»لەو باوەڕەدا نیم كە رەتی بكەنەوە».
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاماری هەژاری لەهەرێمی كوردستاندا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو هاتنی ئاوارەكان بووە بۆ هەرێم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار