زۆرترین چا لەسلێمانی دەخورێتەوە

خەڵكی هەولێر چای رەنگ رەش و بۆندارو سلێمانییەكان چای رەنگ كاڵ و بێ بۆن دەخۆنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

لەهەرێمی كوردستان خواردنەوەی چا یەكێكە لەخواردنەوە سەرەكییەكان و ساڵانە بەنزیكەی 100 تۆن چا بەكاردەهێنرێت و سلێمانیش بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە زۆرترین چای تێدا دەخورێتەوە.

ئەو كەسانەی ئارەزوویەكی زۆریان بۆ چا خواردنەوە هەیە زیاتر دەچنە لای ئەوانەی چا لەسەر ئاگری خەڵوز لێندرابێت، خەڵكی سلێمانی بەراورد بەپارێزگاكانی دیكە چای زیاتری تێدا دەخورێتەوە.
 بازرگانێكی چا پێیوابوو خەڵكی سلێمانی چای رەنگ كاڵ دەخۆنەوەو خەڵكی هەولێر چای رەش و بۆندار دەخۆنەوە.
رێبوار خدر، بازرگانێكی هاوردەكردنی چایە، لەپارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  چا بەڕێژیەكی زۆر بەكاردەهێنرێت و  ساڵانە سەد هەزار تۆن چا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
« بەپێی شارەكان خواست لەسەر جۆری چا دەگۆڕێت، خەڵكی پارێزگای سلێمانی حەزیان بە چای رەنگ كاڵ و بی بۆنە، بەڵام خەڵكی پارێزگای هەولێر زیاتر حەزیان بە چای بۆندارو رەنگ رەشە»، ئەو بازرگانە وای وت.
 رێبوار خدر، ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەو چایەی هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەن تەنها دوو سێ جۆرەو كۆمپانیاكان خۆیان پاكەتی تایبەتی بۆ دروستدەكەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بەخەڵكی دەفرۆشنەوە. 
لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 25 ماركەی چا هەیەو هەریەكەو بەناوی كۆمپانیاو ناوێكەوە دەكەوێتە بازاڕەكانەوە.
مامە خدر، پیاوێكی تەمەن 65 ساڵە لەناو بازاڕی سلێمانی زیاتر لە 20 ساڵە هەموو جۆرەكانی چا دەفرۆشێت و وتی:» ژمارەیەك چا هەیە كەتایبەتن و ئەسڵین لەكۆنەوە هەر هەبوون، بەڵام لەئێستادا هەندێك جۆری دیكە پەیدا بوون كەس نازانێت چیەو چۆنن، تەنیا بۆ بازرگانیكردن دەیهێنن». 
مامە خدر بەوە بەناوبانگە، حەزی خۆتی پێ بڵێ چایەكت بۆ دیاریدەكات وتی:» موشتەریم هەیە لەگەڵ تەمەنی كاركردنی خۆم تائێستا هەر چا لای من دەكڕێت و خۆم بۆی هەڵدەبژێرم».
پزیشكێكی پسپۆری هەناوی پێیوابوو چای رەنگ رەش زیان بە سییەكانی مرۆڤ دەگەیەنێت.
سامان محێدین، پزیشكی پسپۆری هەناوی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» چا یەكێكە لەو بەرهەمە خۆراکیانەی لای كورد بەبەردەوامی دەخورێتەوە، بۆیە پێویستە نە زۆر رەش بێت نە زۆر تفت و بۆندار بێت، چونكە كاریگەری لەسەر هەناوی كەسەكە هەیە».
 ئەم پسپۆرە، وتیشی:» چای بۆندارو رەش زیانەكەی لە سییەكان و دیواری بۆریەكان و ناوسكی مرۆڤدا دەردەكەوێت، كە دەبێتە كلس و بۆ مرۆڤ زۆر خراپە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار