دواكەوتنی مووچە بایكۆتی لە پەروەردەكان و فەرمانگەكان لێدەكەوێتەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان: نرخی نەوتی خاو گەیشتووەتە 130 دۆلار و دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەوپەری باشیدایە و بەدواداچونمان

3 ساڵ لەمەوپێش




شنای فایەق

بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا وەك حكومەتی هەرێم باسی دەكات، جارێكی دیكە دواكەوتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی لێ كەوتووەتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەنجامدانی بایكۆت لە چەندین بەرێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەو فەرمانگەكانی حكومەتدا.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی باڵای ئابووری بەسەرپەرشتی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرانی پەیوەندیدار كۆبوونەوەو لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە كراوە كە وەزارەتی دارایی راسپێردراوە بۆ بەردەوامیدان بە دابەشكردنی مووچە، بەڵام كاتەكەی پاش هەفتەیەك لەو كۆبونەوەیە رانەگەیەندراوە.

وتەبێژی سەندیكای فەرمانبەرانی كوردستان، سلێمانی دەڵێت:" پاڵپشتی بایكۆت دەكەین".

شكۆ كەناری، وتەبێژی سەندیكای فەرمانبەرانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" ئێمە نیازی خۆپیشاندانمان هەیە، بەڵام نیازی ئەوەمان هەیە بۆ كۆدەنگی بێت، واتە زۆربەی سەندیكاكان و دەمانەوێت پلانێك دابنێین و  كۆببینەوە و بەیەك دەستە بایكۆتی سەرتاسەری رابگەیەنین، بەڵام تا ئێستا دیارنییە كەی كۆدەبینەوە و پێویستە سەرەتا سەندیكاكان ئاگادار بكەینەوە".

هەروەها پێشیوابوو ئەوەندەی ئەوان ئاگاردارن زۆربەی فەرمانگەكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بایكۆتیان كردووە، وەكو: پەروەردەی رانیە و شارەوانی رانیە و هەروەها لە شاری سلێمانیش فەرمانگەكانی رێگەوبانی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و فەرمانگەی كارەبای سلێمانی بایكۆتیان كردووە.      

                      هاوكات ئەوەشی باسكرد كە لە زۆربەی فەرمانگەكاندا بەشێك لە فەرمانبەران بایكۆتیان كردووە و بەشێكی دیكەیان بایكۆتیان نەكردووە و وتیشی: " وەك سەندیكای فەرمانبەرانی كوردستان-سلێمانی پاڵپشتی بایكۆت دەكەین، بەڵام بەیەكجار نەك بەشێك لە فەرمانبەران بایكۆت بكەن و كەرتی تەندروستی یان فەرمانگەیەكی دیكە بایكۆت نەكەن".

سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی پێیوابوو كە سێكتەری پەروەردە لە خزمەتی خوێندكاردایە و بە پەككەوتنیشی خوێندكار زەرەرمەند دەبێت.

  سەردار عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" لە ساڵی ٢٠١٤ەوە پاش قەیرانی دارایی پڕۆسەی پەروەردە تووشی قەیران بوو و ئاستی خوێندن بە شێوەیەك لە شێوەكان بەرەو دواوە چووە، ئێستاش بایكۆت كاریگەری خۆی دەبێت و چونكە مەنهەجی خوێندن دوادەكەوێت و لەم وەرزەشدا كە وەرزێكی گەشت و گوزارە خوێندكار سارد دەبنەوە لە خوێندن و بە تایبەت كە ئێستا تاقیكردنەوەی پێش كۆتایی ساڵ ( تاقیكردنەوەی ٢٠) ەكەئەنجامدەدرێت".      

                                                                                                              ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەیە باسی لەوەشكرد كە حكومەت كەمتەرخەمە، بەڵام زۆربەی مامۆستایان مەبەستیانە كە دڵسۆزانە خوێندكار تێبگەیەنن هەرچەندە بەشێك لە خوێندكاران دایك و باوكیان فەرمانبەر یان مامۆستان و خاوەنی موراعاتن، بەڵام ئاستی زانستیان دادەبەزێت كاریگەری لەسەر زانكۆ و پەیمانگاكان دەبێت.  

                                سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت:" بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی باشدایە".
زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" راگەیاندنی كاتی پێدانی موچە ئەركی وەزارەتی داراییە و ئەركی ئێمە بەدواداچوونە لەسەر ئەو پرسە و بەدواداچوونمان كردووە پێمان راگەیەندراوە كە بەم نزیكانە موچە دابەشدەكرێت".      

                                                                                            هەروەها وتیشی:" بە داخەوە سەرەڕای بەرزی نرخی نەوت موچە دوادەكەوێت و پێمانوایە بارودۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی باشدایە و پێویستە حكومەت لە كاتی خۆیدا موچە دابەشبكات بە بێ لێبڕێن".

نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بەهۆی شەری رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیا گەیشتووەتە 130 دۆلار و هەرێمی كوردستانیش بۆ دابەشكردنی مووچە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بەشێكی كەمی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەكات.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان: مامۆستایانمان سەرپشك كردووە لە ئەنجامدانی بایكۆت. ‌عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: "ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان، مامۆستایانمان سەرپشك كردووە لە ئەنجامدانی بایكۆت یان دەوامكردن بۆ ئەوەی هیچ كەسێك موزایەدە بەسەر مامۆستاوە نەكات".

عەتا ئەحمەد، دووپاتكردەوە كە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان دەچنە سەرخەت و تەنانەت لە رێی حزبەكانیشەوە بێت هەوڵدەدەن ئەم پرسە چارەسەر بكەن، چونكە ئەمساڵی خوێندن بە باشی هاتووە و خوازیاری ئەوەن بەو شێوەیە بڕوات و زیان بە پڕۆسەی خوێندن نەگات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار