حكومەت بەبەرپرسیاری یەكەم دادەنرێت لەئەنجامدانی توندوتیژییەكان بەرانبەر ژنان

3 ساڵ لەمەوپێش



‌شاناز حەسەن

بەشێك لەچالاكوانانی ژنان، بەهۆی زۆربوونی كوشتن و توندوتیژییەكان بەرانبەر بەژنان حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیاری یەكەم دادەنێن و پێشیانوایە كە پێناسەی خراپ بۆ چەمكی شەرەف كراوەو لەسۆزداریدا ورد كراوەتەوە.

دوێنێ 8ی مارس (ئازار) بە رۆژی ژنان لەجیهاندا دادەنرێت و لەو رۆژەدا سەدان چالاكی  لەلایەن رێكخراوەكان و چالاكوانانی داكۆكیكار لەمافەكانی ژنان و پرسی توندوتیژییەكان بەرانبەر بەژنان و هۆشیاركردنەوەیان دەخرێتە روو لەبەرانبەر رەگەزی بەرانبەردا.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی كورتەنامەی لە رێگەی ئاسیاسێڵ ناردووە بۆ هەزاران كەس لەهاووڵاتیان و دەنووسێت:» بۆ یەكسانی نێوان ژن و پیاو، لەماڵەكەی خۆتەوە دەستپێبكە».

هاوكات پیرۆزبایی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژنان دەكات.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەردەوام هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان كە هەموو ئەو كەسانەی لەكوشتنی ژنانەوە تێوەگلاون بگەیەندرێن بەسزای یاسایی خۆیان.
بەشێك لەچالاكوانانی ژنان پێیانوایە كە لەم قۆناغەدا پێویستە هاووڵاتیان هاوكاریان بن لەكارەكانیاندا.

بەهار مونزیر، چالاكوانی بواری ژنان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەهەموو وڵاتێكدا وایە كە حاڵەت بووە دیاردە، دەبێت هاووڵاتیان لەسەر ئەمە بێنە دەنگ و رۆڵیان هەبێت». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت حكومەت دامودەزگاكانی خۆی پتەو بكات، دەبێت لەوەزعی شەڵتەرەكان بكۆڵێتەوە، چاكی بكات، دەبێت رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان كە پەیوەستن بەپاراستنی كەسانێكەوە كە لەناڕەحەتیدان دەبێت ئێستا ئەمانە چاك بكرێن، وتیشی:» زۆر بەڵێن دەدرێن لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكان و حكومەتەوە، بەڵام سەرێك لەو شوێنانە بدرێت كە شەڵتەرەكانن ژنان دەپارێزن، هیچی بۆ نەكراوە».

ژنە سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت:» پیناسەی هەڵە بۆ چەمكی كولتورو شەرەف دەكرێت و بەو پاساوانەوە توندوتیژی بەرانبەر بەژنان دەكرێت، ئەركی ئێمەیە راستی بكەینەوە».

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلیدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەگشتی لەكۆمەڵگاكەمان توندوتیژی روو لەزیادبوونە، لەهەمووی ناخۆشتر زیادبوونی توندوتیژییە دژ بەژنان «. 
هەروەها باسی لەوەشكرد پێناسەی هەڵە بۆ چەمكی كولتور و شەرەف دەكرێت و بەو پاساوانەوە توندوتیژی بەرنبەر بەژنان دەكرێت، شەرەف و شەریف بوون لەواتا رەسەنەكەی خۆی لادراوە بەلاڕێدا براوە، چونكە شەرەف خەسڵەتی وەكو دەستپاكی و راستگۆیی و پاراستنی ئەمانەت و پارێزگاری لە بێهێز و هەژاران و ئازایەتی و چەندەها خەسڵەتی جوانی لەخۆگرتبوو كە بۆ ژن و پیاو بەهەمان شێوە بوو، بەڵام لەم دواییانەدا بەرپرسیارێتی و خەسڵەتی جوانی شەرەف بەتەواوەتی لەسەر شانی پیاو لابراو تەنها و تەنها خرایە بەرپرسیارێتی ژنان و تەنها لەپەیوەندی سۆزداریدا بچووككرایەوە».

هاوكات، بەهار  محێدین، خاوەنی رێكخراوی گەشە بۆ پرسەكانی ژنان لەهەولێر بەهاوڵاتی وت:» دەتوانین بڵێین ئاماری كوشتنی ژنان مەترسیدارن، بەڵام بوونی پیاو بەبێ ژن واتای نیەو بەپێچەوانەشەوە، بۆیە دەبێت بۆ یەكسانی و مانەوەی هەردووكیان هەوڵبدەین». 

نیان رەشید، پارێزەرو چالاكوانی بواری ژنان پێی وابوو تەنیا ژنان خۆیان دەتوانن مافی خۆیان بەدیبهێنن  كەژنان دەبێت ئەوەندە خۆیان هۆشیار بكەن كە لەهەموو شتێك شتێك بزانن و كەس نەتوانێت زەفەریان پێببات، وتیشی:»تا ژنان خۆیان نەگەنە ئاستێك لەبەرامبەر هیچ نێرینەیەكدا خۆیان بەبچووك نەزانن یەكسانی جێندەری بەدەستنایەت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار