خەڵكی كوردستان حەقی خۆیەتی بڵێت ئەمانە خەریكی دەمارگیری حزبین
ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئاماژە بەوە دەدات كە «هەر كەسێك كاندید بێت بۆ سەرۆك كۆمار ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەوە نەبێتە هۆكارێك كە یەكڕیزی نێو ماڵی خۆمان تێكبچێت و قوڕ بكات بەسەرماندا و ماڵمان وێران ببێت»، دەشڵێت: »پارتی و یەكێتی لەهەموو شتێكدا شەریكن بۆ ناتوانن لەپرسی چارەنووسسازدا یەك نەبن».
ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوەش دەخاتەڕوو كە»ئەگەرچی ناكۆكی لەنێوانماندا هەبێت دەبێت رێككبكەوین و خەتێك بدۆزینەوە لەپێناو خەڵكی كوردستان، واز بهێنین لە هەندێك گیروگرفتی حزبی یان دەمارگیری حزبی، میللەت پێویستی پێمانەو ئێمە بەرپرسیارین بەرانبەر ویژدانمان و خوا».
هاوڵاتی: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بە ئەندامانی باڵای سەندیكای رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە كە باشترە كورد یەك بێت و لەنێوان خۆماندا كێشەكان چارەسەر بكەین، مەبەستی پۆستی سەرۆك كۆمارە بۆچوونتان لەوبارەیەوە چییە؟
ئاری هەرسین: كابرایەكی قەومیم و بە شانازییەوە وا دەڵێم، پێموایە هەر كەسێك كاندید بێت بۆ سەرۆك كۆمار ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەوە نەبێتە هۆكارێك كە یەكڕیزی نێو ماڵی خۆمان تێكبچێت و قوڕ بكات بەسەرماندا و ماڵمان وێران ببێت، ئنجا ئەوە بۆچوونی منە.
هەزار جار كاتی ئەوەیە پرسی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی چارەسەر بكرێت، ئەوە ئێمە لە قەیرانداین شەڕی رووسیاو ئۆكرانیا هەیە، ئەوە نرخی نەوتی خاو بەرزبووەتەوەو بەو هۆیەوە نرخی خواردەمەنی بەرز بووەتەوە، ئەو شەڕە بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت و بەشێك دەبین لە قەیرانی جیهانی، وەك چۆن بەر هندستان و ئێران و میسر دەكەوێت، بەر كوردستانیش دەكەوێت.
هاوڵاتی: پێتانوایە پارتی و یەكێتی دەبێت چی بكەن؟
ئاری هەرسین: نەك ئێستا بەڵكو لەساڵی 1958 و ساڵی 1964وە بمانزانیایە كە هیچ كەسێك دۆستمان نییە ئیلا خۆمان نەبێت، بۆیە ئەگەرچی ناكۆكی لەنێوانماندا هەبێت دەبێت رێككبكەوین و خەتێك بدۆزینەوە لەپێناو خەڵكی كوردستان، واز بهێنین لەهەندێك گیروگرفتی حزبی یان دەمارگیری حزبی، میللەت پێویستی پێمانەو ئێمە بەرپرسیارین بەرانبەر ویژدانمان و خوا.
هاوڵاتی: ئایا هەردوولا (پارتی، یەكێتی) دەمارگیری حزبییان هەیە بۆیە ناگەن بە رێككەوتن؟
ئاری هەرسین: قەناعەتم هەیە كە ئەگەر ئێمە مرونەتمان نەبێت خەڵكی كوردستان حەقی خۆیەتی بڵێت ئەمانە خەریكی دەمارگیری حزبین، ئەگەر نەمانبێت، ئەگەر مرونەتمان هەیە دەبێت پیشانی خەڵكی كوردستانی بدەین، كە ئێمە گیرۆدەی دەمارگیری حزبی نین.
هاوڵاتی: ئەگەر مرونەت نەبێت چی روودەدات؟
ئاری هەرسین: ئەگەر نەمانبێت قوڕ دەكەین بەسەر خۆمان و میللەتەكەماندا.
هاوڵاتی: پارتی رایگەیاندووە كە رێبەر ئەحمەد كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارە و یەكێتیش بەرهەم ساڵحی كاندید كردووە، پێتوانیە دەتوانن ئەمە چارەسەر بكەن و ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نابات ئیستحقاقەكەی لە كابینەی حكومەتی عێراقی ببات؟
ئاری هەرسین: ئنجا تۆ بگەیتە ئەوەی ئەم پرسیارە بكەیت ماعقول نییە ئێمە عەقڵمان بەوە نەشكێت، وابزانم تێگەشتیت لە وەڵامەكەم، لە راستیدا ئەمە پرسیارەو بە ملاحەزەی دەبینم فعلەن وایە مەعقول نییە ئێمەو یەكێتی نەتوانین دەرچەیەك نەدۆزینەوە بۆ ئەو ئەزمەیەی كە گیرۆدەمان بووە لەهەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی: عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» تا چوار ساڵی دیكە كورد پارێزگاری كورد لەكەركوك نابینێت»، بەو پێیەی راكان جبوری لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، بۆچوونتان چیە لەوبارەیەوە؟
ئاری هەرسین: بڕواناكەم ئەوە راست بێت، چونكە لە ئەگەری هەر رێككەوتنێكی پارتی و یەكێتی ئەو هاوكێشەیەش (پۆستی پارێزگاری كەركوك) زۆر گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام هەر كەسێك ئەو قسەیەی كردووە لە پەرۆشییەوە ئەو قسەیەی كردووە، مەعنای ئەوەیە ئەگەر كورد لەناوخۆیدا یەك نەبێت نابێت بە تەمای پارێزگاری كەركوك بێت و نابێت بەتەمای هیچ شتێك بێت بەتایبەت لەو ناوچانەی كە كوردن و ئێستا داگیر كراوە.
هەمووی بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند وەك كورد ئێمە لەناوخۆماندا تەباین، ئەگەر تەبابین نەك راكان جبوری باوكی راكانیش ناتوانێت خۆی بسەپێنێت بەسەر پۆستی كەركوكدا.
هاوڵاتی: لەناو سەركردایەتی پارتیش بەهەمان شێوە باسی ئەو تەباییە دەكەن؟
ئاری هەرسین: ئەی ئەوە نییە لە رێگەی میدیاكەی ئێوەوە باسی دەكەم، وەڵاهی ئەگەر بوێرم لە رێگەی میدیاوە ئەو قسەیە بكەم، یانی تۆ بڵێیت ئەوەندە جەبانم نەتوانم لەناو سەركردایەتی باسی بكەم، پێش ئەوەی بەتۆی بڵێم ئەو تەباییەم بە سەركردایەتی حزبەكەم وتووە، چونكە ئەو تەباییە لەسەروو هەموو شتێكەوەیە، ئەمە بەرژەوەندی میللەتێكە نەك بەرژەوەندی ئەم حزب و ئەو حزب، حزب وەسیلەیە بۆ خزمەتی میللەت، پارتی و یەكێتی لە هەموو شتێكدا شەریكن ماعقول نییە لەپرسێكی وا گرنگدا ئێمە یەك نەبین و تەبا نەبین.