كوردەكان گەلێكن بێ وڵات بۆیە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن

داڤید میولەر رۆژنامەنوس و فۆتۆژۆرنالیستێكی ناسراوی ئەڵمانی:

3 ساڵ لەمەوپێش



ئامادەكردنی: هیوا ناسیح

داڤید میولەر رۆژنامەنوس و فۆتۆژۆرنالیستێكی ناسراوی ئەڵمانی لەبارەی كوردەكانی باشووری كوردستانەوە دەڵێت:» كوردەكان گەلێكن بێ وڵات، بۆیە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن. لەم بوارەدا ناوچەی خۆبەڕێوبەری كوردستان لەباكوری عێراق رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت».
داڤید میولەر رۆژنامەنوس و فۆتۆژۆرنالیستێكی ناسراوی ئەڵمانییە‌‌ بە سەفەركردنی وڵاتان و ناسینی كەلتوری گەلان و فۆتۆگرافییە. ئەو بەكامێرایەك و كۆڵەپشتێكەوە مل دەنێت، زۆر وڵاتان گەڕاوە و هەزاران وێنەو گرتەڤیدۆی لەسەر وڵاتان و گەلانی سەرزەوی كۆكردۆتەوە. 
داڤید ساڵی رابردوو سەردانێكی چەند هەفتەیی بۆ باشوری كوردستان ئەنجامداو زۆربەی كەمپی ئاوارەكان و ناوچەی شەنگال و هەرسێ پارێزگاكە‌ی هەرێمیش گەڕا، ئەمساڵ و لەمانگی دوودا لەچەندان شاری سویسرا ئێوارەكۆڕی نمایشی وێنە‌و ڤیدیۆكانی لەسەر باشوری كوردستان بەناوی (عێراق، سەفەرێك بەرەو كوردستانی نەناسراو) سازكرد‌، نزیكەی دوو سەعات و نیوی دەخایاند، تێیدا ناوبراو سەدان وێنەو دەیان گرتەی ڤیدیۆیی، بەكوالیتی بەرزو لەسەر شاشەی سینەمایی، لەسەر باشوری كوردستان نیشانی ئامادەبووان دا.
ئەم چاوپێكەوتنەی لەژمارە ١٨ی گۆڤاری (explora) دا كە گۆڤارێكی وەرزییە و دەزگای ئیكسپلۆرا بەزمانی ئەڵمانی لەسویسرا دەریدە‌كات، بڵاوكراوەتەوە، كە لەسەر بابەتی سیمینارو سەفەرەكەی بۆ باشوری كوردستان لەگەڵیدا سازكراوە.
ئێكسپلۆرا: ئێمە عێراق لەمیانەی میدیاوە دەناسین، كە هەواڵەكان دڵخۆشكەر نین، پێویستە چی لەسەر رەوشی ئێستای عێراق بزانین؟
داڤید: عێراق لەدەیان ساڵەوە گیرۆدەی دەستی جەنگەكانە. شەڕی كەنداو لە هەشتاكانەوە، دواتر جەنگی دووەمی كەنداو و پاشانیش شەڕی جیهادییەكانی داعش خەڵكی ئەم وڵاتەی تووشی تراوما (زەبری دەروونی) كردووە. تەنانەت پاش تێكشكانی داعش و رێگیری لەجیابوونەوەی باكور واتە كوردستان، وڵاتەكە بەقوڵی لەڕووی سیاسی و ئیتنی و مەزهەبییەوە دابەشبووە. پاشماوەكانی داعش وەك گروپی تیرۆر هەر جێگای مەترسین. لەزۆر جێگای وڵاتدا خزمەتگوزارە بنچینەییەكان دەیانساڵە تازەنەكراونەتەوە. خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی هەیە. بەرئەنجامی ئەمانە بریتییە لە دەربەدەربوون، كۆچكردن، بێكاری و هەژاری.
دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵك بەرامبەر حكومەتی هەرێم و عێراق زۆر زیاتر بووە. كوشتنی بە ئامانجی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمریكاوە لەبەغدا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ رەوشی سیاسی تەواوی وڵاتەكەی ئاڵۆز كردووە. سولەیمانی گرنگترین فیگەری رژێمی ئێران بوو، كە وا هەژموونێكی زۆری لەعێراقدا هەیە. 
ئێكسپلۆرا: لەم سیمینارەدا تۆ تیشكۆ (فۆكەس)ت خستۆتە سەر ناوچە‌ی كوردستان، كە بەشێكە لەعێراق، ئایا چی كوردستان تایبەتە؟
داڤید: پێشە‌كی گرنگە بزانین، كە كوردستان لەڕووخانی عوسمانییەوە بەشێكی لە عێراقە، لە توركیا، لە ئێران، سوریا و بەشێكی تریشی لە ئەرمینیایە. كوردەكان گەلێكن بێ وڵات، بۆیە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن. لەم بوارەدا ناوچەی خۆبەڕێوەبەری كوردستان لەباكوری عێراق رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت. 
لەدوای كەوتنی رژێمی بەعسی سەددام حوسێن لەجەنگی كەنداوی دووەم، ئەمریكا ناوچە‌ی دژ‌ەفڕینی دابینكرد. لەژێر ئەم چەترەدا كوردەكان توانیتیان جۆرێك لەسەربەخۆیی بنیاد بنێن. سوپای پێشمەرگە هۆكار بوو، كە داعش ناوچەكەی داگیرنەكردو سەدان هەزار كەسی پەنابەری ناوچەكانی تر لە‌كەمپی ئاوارەكانی ئەوێدا بپارێزرێن. من لە سیمینارەكەمدا ویستومە تیشك بخەمەسەر ئەوە، كە هەواڵنێرەكان زۆركەم دەیڵێن. دواجار لەوێدا خە‌ڵكانێك ژیانی رۆژانەی خۆیان لەسروشتێكی زۆر جواندا بەڕێدەكەن، جۆراوجۆریی ئاینی، شاری جوان، خەڵكانێك كە پێدەكەنن، كاردە‌كەن، گفتوگۆ دەكەن و ئاهەنگ دەگێڕن، ئەمانە پۆزەتیفن.
ئێكسپلۆرا: تۆ خۆت چ شتێك دەتبەستێتەوە بە كوردستانەوە، بۆچی ئەو ناوچەیە جێگەی بایە‌خە بۆت؟
داڤید: من ساڵی ٢٠٠٦ بۆ چەند مانگێك وەك خۆبەخشێك لەڕێگای بەڵكان بووم. لەوێ كاتێكی زۆرم لەگەڵ خەڵكانی كۆچبەر بەسەربرد، كەهەموو شتێكی خۆیان بەجێهێشتبوو. ئەمە بەردەوام كاریگەرییان لەسەر من دانا. بەتایبەت ئەوەی لەدڵمدا جێگەی گرت، خێزانێكی كورد بوون لە باكوری عێراقەوە، كە پاش داخستنی سنور لەكەمپی ئیدۆمان لەسنوری یۆنان-مەكەدۆنیا لەنگەریان گرتبوو، كاتێكی زۆر لەگەڵیاندا بووم. تا ئێستاش پە‌یوەندیم لەگەڵیاندا ماوە. بۆیە ویستم بەهەر جۆرێك بووە نیشتمانەكەیان بناسم، وێنەیەكی راستینەی ئەوێم هەبێت.
جگە لەمە كاركردن و راگۆڕینە‌وە لەگەڵ زۆر لەو یەزیدیانەی لەدەستی داعش  لەعێراقەوە هەڵاتبوون، بەهاوكاری خۆبەخشانی تر لەوێ كاری خێرخوازیمان بۆیان دەكرد  لەچادرگەكانیاندا، لەڕەوشێكی زۆر خراپدا بوون، واتە ئەم كارە خێرخوازیانە هۆكار بوون كە من ساڵی ٢٠١٨ یەكەم سەفەرم بۆ كوردستانی عێراق بكەم.
ئێكسپلۆرا: چ شتێك زۆر لەكاتی سەردانەكا‌نتدا سەرسامی كردی؟
داڤید: لەیەكەم سەردانمدا بۆ ئەوێ بە دیمەنی سەوزایی سروشتی ئەوێ زۆر سەرسام بووم، چونكە پێشتر لەخەیاڵدانی خۆمدا وێنای عێراقم وا كردبوو كە بیابانێكی تۆزاوی و وشكە. باكوری عێراق‌ لەڕاستیدا ئە‌مباری دانەوێڵەیە بۆ وڵاتەكە، شاخی زۆر، مێرگ و پاوان و كێڵگەی زۆر. لەسەرەتای ساڵدا ئەو‌ێ زۆر جوان و پڕ لەگوڵە.
ئێكسپلۆرا: چی لە هەموو زیاتر شۆكی كردیت؟
داڤید: مرۆڤ ناتوانێت بێنێتە بەرچاوی، كە لەڕابردوویەكی نزیكدا چ تاوان و كارەسات و نەگبەتی بەسەر مرۆڤی ئەوێدا هاتوە. زیندانە ترسناكەكەی سەددام حوسێن لە سلێمانی (ئەمنە سورەكە)، كەمپی زۆر و گەورەی ئاوارەكان، كە وا بەسەر وڵاتدا دابەش بووە، یان شاری وێرانكراو لەشەڕی داعشدا، ئەم دیمەنانە شۆككەرن. لە هەمووی زیاتر كاریگەر بووم بەگێڕانەوەكانی ئەوانەی‌ ئەو كارەساتانەیان بینیوە، یان بەسەر خۆیان هاتوە، كە وا مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لەبیریان بكات.
ئێكسپلۆرا: لە سیمینارەكەتدا باست لەوە كرد، كە ژمارەی كریستیانەكان لەعێراقدا زۆر كەمیان كردووە، چییان بەسەر هاتووە؟
داڤید: دیارە كە ژمارەی كریستیانەكان لەو وڵاتەدا زۆر زۆر لەئێستا زیاتر بوون، بە‌ڵام بەهۆی فشاری زۆری سەریان و ململانێ و چەوساندنەوەی كەمینەكان و دواتریش هێرشی داعش روویان لەدەرەوە كرد. ئەو بەشەی لەوان ماونەتەوە ئێستا لە ئارامیدا لەباكوری عێراقدا دەژین.
لەمانگی سێی ٢٠١٨ كاتێك پاپا سەردانی عێراقی كرد، پاش ساڵانێكی زۆری دەربەدەربوون و فەرامۆشی كریستیانە‌كانی خۆرهەڵات خۆشحاڵ بوون. بۆ تیشك خستنەسەر كەمینەكان و جیاكاریی لەعێراقدا، چەند بە قازانج بۆیان گەڕاوەتەوە، هێشتا دیار نییە. 
ئێكسپلۆرا: ئێستا داعش لەعێراقدا چ رۆڵێك دەبینێت؟
داڤید: دیارە سوپای عێراق توانی دەوڵەتی ئیسلامی بەهاوكاریی نێودەوڵەتی و لەنێویشیاندا ئەمریكا بە سەربازی تێكبشكێنن. رەوشی ئەمنی لەوكاتەوە باشتر بووە، بەڵام هەر تەواو جێگیر نەبووە، چونكە شانەی تاكوتەرای تیرۆریستەكان هێشتا هەر چالاكن و جاربەجار كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدەن.
ئێكسپلۆرا: ئایا كوردستان دەبێتە ئامانجێك بۆ گەشتی ئەوروپییەكان؟
داڤید: ئەمە زۆر جێگەی ئومێدە، چونكە کوردستان نەك هەر زۆر جوانە، بەڵكو لەڕووی پێكهاتەییشەوە مۆزائیكییە، لە پێش هەموویشەوە میهرەبانی خەڵكەكەی وا دەكات ئەوە بهێنێت سەفەری بۆ بكرێت. لەڕاستیدا كوردستانی عێراق ناوچەیە‌یەكی زۆر سە‌رنجڕاكێشە بۆ خەڵكی باشوری عێراق و بگرە وڵاتانی تری عەرەبی. چونكە هەوای پاكی شاخەكانی ئەوێ لە هاویندا گەشتكەران بۆ خۆی كێش دەكات. بەڵام بۆ خەڵكی ئەوروپا بۆ جارێ زووە، رەنگە بۆ داهاتوویەكی نە‌زانراو، چونكە دۆخی نا‌سەقامگیری ئەمنی لەئێستادا ئەو ئومێدە فەراهەم ناكات.
ئێكسپلۆرا: ئومێدی چی دەكەیت بۆ كوردستان؟
داڤید: لەپێش هەموو شتێكدا ئومێد دەكەم كەخەڵكی ئەو ناوچەیە پارێزراو بن لەجەنگی تر، هەروەها لە چەوساندنەوە و راوەدوونان، هەروەها بتوانن لەوڵاتێكی خۆیاندا بێ ترس و لەئاسایشدا بژین. گفتوگۆیە‌كم لەگەڵ كارمەندێكی پێشوازیكردن لە ئوتێلێكی دهۆكدا سەرسامی كردم، كاتێ پرسیارم لێكرد، چ داهاتوویەك بۆ خۆت  لەعێراقدا د‌ەبینی؟ گوتی: باپیرم لە جەنگدا ژیا، باوكم لە جەنگدا ژیا، خۆشم لەجەنگدا ژیام، دەبێت مناڵی من لێرە چی لێرە ببینن؟
ئێكسپلۆرا: چی هانت دەدا سەفەر بۆ ئەو جێگانە بكەیت و هاوكارییان بكەیت؟
داڤید: لەسەفەرو گەشتەكانمدا بەجیهاندا زۆر هاوكاریی و میواننوازیم بینی. پێشتر سەفەری سوریام كردبوو، كاتێكیش ساڵی ٢٠١٥ سەدان هەزار كەس لەوێ هەڵاتن، بیرم لەوە كردەوە كەئێستا دەبێت شتێك لەو قەرزەیان بۆ بگێڕمەوە، لەو جێیانە مرۆڤ دەتوانێ بەتواناو ماندووبوونێكی كەم هاوكارییەكی زۆر بكات، كە رێخكراوە خێرخوازییەكان ئەنجامیان نەداوە. مرۆڤ دەبێت لەو دۆخانەدا نەوەستێت و شتێك هەر بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار