نەشتەرگەریی مەترسیدار؛ لەئابووریی ئێراندا

زیاتر لە 10 ملیار دۆلار هاوكاریی حكومەت بۆ خەڵكی وڵاتەكە نامێنێت و هەژاری ئەوەندەی دیكە زیاتر دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

زیاتر لەشەش مانگ ناكۆكیی و دوو مانگ لەتاووتۆكردنی بودجەی ئێران لەپەرلەمان، دواجار دۆلاری چوار هەزارو (200) تمەنیی لادەبرێت و بڕیاردرا بەوەی لە بەرامبەردا هاوكاریی خۆراك پێشكەشی خەڵكی وڵاتەكە بكرێت، ئەوەش بە لوتكەی هەژاریی و قەیرانی ئابوریی لە 32 ساڵی رابردوودا لەقەڵەم دەدرێت.

لابردنی دۆلاری حكومیی یان دۆلاری (4200) تمەنی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ دەرمان و خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان دابین دەكرا لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە هەڵوەشایەوەو لەبودجەی ساڵی نوێی كۆچی ئەو وڵاتە كە لەسەرەتای بەهاری ساڵی (2022) دەستپێدەكات لابرا ، بەوەش بڕی زیاتر لە (10) ملیار دۆلار هاوكاریی حكومەت بۆ خەڵكی وڵاتەكە نامێنێت و شارەزایانی ئابوریی ئەو وڵاتەش پێشبینیی گرانبوونی خۆراك و بچوكتربوونەوەی سفرەی خەڵك دەكەن.

تەنها یەك رۆژ دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی ئێران كە زۆرینەی رەهای بەدەست باڵی محافزكاری ئەو وڵاتەوەیە، زۆرینە كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێك سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند دەبێت سەرجەم ئەو كاڵایانەی لەبازاڕ هەیە نرخی فرۆشتنی تا گەیاندن بەدەستی خەڵك، تێدا تۆمار بكرێت.

دوای 24 كاتژمێر لەبڕیارەكە بەشێك لەخۆراك و پێدوایستییە سەرەكییەكانی لەئێران بۆ دوو هێندە بەرزبوونەوە.

هەروەها بەپێی یاسایەكی دیكەی پەرلەمان دەبێت حكومەت نزیكەی 25 ملیار دۆلار لەقەرزەكانی لە رێگەی رادەستكردنی نەوت بەهەندێك كۆمپانیاو دامەزراوەی ناوخۆیی تا نیوەی ساڵی 2022 بگەڕێنێتەوە و ئەوەش بەبارگرانییەكی دیكە لەقەڵەمدەدرێت كە قورساییەكەی دەكەوێتە سەرشانی خەڵك بەتایبەت كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران فرۆشتنی نەوت تا بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارەیە ئاستەمە.

پەرلەمان لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە؛ بەپێی یاساكە حكومەت دەتوانێت دەستكراوە بێت لە بەردەوامبونی دۆلاری (4200) تمەنی، بەڵام بەو پێیەی زۆرینەی بەرپرسانی حكومەتی ئێستای ئێران لەگەڵ لابردنی ئەو دۆلارەدابوون بەتایبەت كە بەپلانی شكستخواردوی ریفۆرمخوازان لەقەڵەمیان دەدا گومانی تێدا نییە یاساكە بۆ لابردنی ئەو دۆلارە حكومییە بێت و ئەوەش لەپێناوی سوككردنی باری سەرشانی حكومەتەكەی ئێستای رەئیسی.

حكومەت و نەوت
جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران دڵنایی داوەتە خەڵكی وڵاتەكەی كە لەشەش مانگی دەستپێكی كارەكانی حكومەتەكەی ئیبراهیم رەئیسی زیاتر لە 45 گرێبەستی بواری نەوت و غاز بە بەهای 15 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار ئەنجام داوە بە مەبەستی زیادكردنی دەرهێنان و فرۆشتنی زیاتری نەوت.
پێش كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی داهاتی نەوت و غازی ئێران زیاتر لە 113 ملیار دۆلار بووە و لەساڵی 2018ەوە ئەو وڵاتە رۆژانە نزیكەی 850 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە لە كاتێكدا پێش سزاكان رۆژانەی زیاتری لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، بۆیە لابردنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنی تەنها بە زیادكردنی داهاتی نەوت لە ئێران قەرەبو دەكرێتەوە.
حكومەت و پەرلەمان لە دژی خەڵكی ئێران
بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی كە پەرلەمانی ئێران بۆ لابردنی دۆلاری حكومی پەسندی كردوە چیتر حكومەت ناچار نابێت بەناوی هاوكاریی یان دابینكردنی پێدوایستیی سەرەكیی وەك خۆراك و دەرمان دۆلارێك كە لەبازاڕەكانی ئێران لە نێوان 25 هەزار تمەن بۆ 30 هەزار تمەنە بە چوار هەزار و 200 تمەن رادەستی بازرگانەكان بكات بۆ هاوردە و كڕینی ئەو كاڵایانە لە دەرەوەی وڵاتەكەوە دابین دەكرێن.
حكومەت پێشتر بەڵێنی دابو ئەگەر ئەو دۆلارە لە بودجەی ساڵی داهاتودا نەمێنێت ئەوا هاوكاریی دارایی بە راستەوخۆ دەخاتە سەر ئەژماری بانكیی هاووڵاتیانی وڵاتەكەی بەڵام پەرلەمان لەپڕۆژە یاساكەدا بڕیاری داوە لەدەستكراوەكردنی حكومەت بۆ لابردنی ئەو دۆلارە حكومییەو حكومەتیش هیچ بڕیارێكی نەداوە بەزیادكردنی هاوكاریی دارایی خەڵك كە پێی دەوترێت یارانە.
بەپێی یاسا نوێیەكی بودجە یارانە و هاوكاریی بژێویی 18 ملیۆن كەس لەئێران دەبڕدرێت و ئەو یارانەیە كە بڕەكەی 55 هەزار تمەنە و دەكاتە كەمێك زیاتر لە دو دۆلار مانگانە دەخرێتە حسابی 60  ملیۆن دانیشتوای ئەو وڵاتەو بە پێی بڕیارێكی دیكەش كە حكومەت دەیەوێت بە نزیكترین ماوە بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، نزیكەی 20 ملیۆن كەس پێویستیان بەو یارانەیە نییە بۆیە لە هەنگاوی دوەمدا ئەو هاوكارییە داراییە دەبڕدرێت.
لەپڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی نوێی ئێراندا حكومەت هاوكاریی دارایی خەڵكی وڵاتەكەی بە گشتی لە 18 ملیار دۆلارەوە بۆ 21 ملیار دۆلار بەرز كردوەتەوە لەكاتێكدا بە نەمانی دۆلاری حكومی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.
لەكۆی 290 ئەندامی پەرلەمانی ئێران (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی) 190 پەرلەمانتار دەنگیان داوە بەلابردنی دۆلاری حكومی، بۆیە روونە باڵی ریفۆرمخواز بە 20 پەرلەمانتارەوە ناتوانن هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر بڕیار و پڕۆژە یاساكان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەبێت جگە لە قسەكردن چونكە 238 پەرلەمانتار سەر بە باڵی محافزكارانن و دەنگەكانیشیان لە بەرژەوەندیی حكومەتی ئێستای سەر بەو باڵە دەبێت.
ریفۆرمخوازان تەنها رەخنەیان بەدەستەوە ماوە
لاپەڕەی یەكەمی زۆربەی رۆژنامەكانی ئێران كە نزیكن لە ریفۆرمخوازان یاسای نوێی بودجەی وڵاتەكەیان بەدژایەتیی چینی هەژارو كەمدەرامەت لەقەڵەم دەدەن  و بەهۆكاری گەورەی بەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسان و بچوكبونەوەی سفرەی خەڵكی وڵاتەكەی دەزانن.
باڵی ریفۆرمخوازان كە خۆیان بەخاوەنی كابینەكەی رۆحانی دەزانی و بەرگرییان لێدەكرد لەئێستادا لە لاوازترین قۆناغی سیاسی خۆیاندان چونكە تەنها 20 كورسییان لە پەرلەمان بەدەستەوە ماوە، بۆیە ناتوانن كاریگەرییان لەسەر گۆڕانكارییە یاسایی و حكومڕانییەكان هەبێت بەڵام لەچەند رۆژی رابردودا زۆربەی میدیاو رۆژنامەكانی سەر بەو باڵە دژی بڕیارو یاسا نوێیەكەی پەرلەمان لەبودجەی ئێران وەستاونەتەوە.
رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) كە سەر بەو باڵەیە نووسیویەتی: حكومەت و پەرلەمان دەیانەوێت لە رێگەی دڵنیایی تەندروستی (بیمە) قەرەبووی لابردنی دۆلاری حكومی بۆ دابینكردنی دەرمان و كەرەستەی پزیشكی لەدەرەوە بكەنەوە لەكاتێكدا نۆ ملیۆن كەس لەئێران بیمە یان دڵنیایی تەندروستییان نییە.
هاوكات دەیانەوێت بەپێشكەشكردنی هاوكاریی خۆراك رێگریی لەگرانبوونی كاڵاو برسێتی بگرن لەكاتێكدا لە كۆی 84 ملیۆن دانیشتوانی ئێران 60 ملیۆن كەس بە هەژار ئەژمار دەكرێن.
ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوە كردووە كە لانیكەمی موچە لەبودجەی ساڵی داهاتوودا بەنزیكەی 230 دۆلار دەستنیشان كردووە لە كاتێكدا هەر خێزانێكی چوار كەسی بۆ ئەوەی برسیی نەبێت پێویستی بە 430 دۆلارە . 
دۆلاری 4200 تمەنی لەئێران چۆن سەریهەڵدا
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەكۆتایی ساڵی 2017 رایگەیاند بڕیاری یەكلاكەرەوە لەمانەوە یان كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دەدات، نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو لەئێران بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی وەك ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران هەستیان كردبێت ئەمریكا لە رێككەوتنەكە دەكشێتەوە، بۆیە لە رێكەوتی (24/3/2018) بڕیاریاندا بە دابینكردنی دۆلاری 4200 تمەنی لەپێناو دەربازكردنی سزاكانی واشنتۆن و دەرەنجامەكانی كشانەوە لەو رێككەوتنە كە دواجار ترەمپ لە (8/5/2014) كشانەوەی لە رێككەوتنەكە راگەیاند.
بڕیارەكەی ترەمپ بازاڕەكانی ئێرانی هەژاندو بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە تەنها 24 كاتژمێر دوای لێدوانی كشانەوەكە نرخی هەر دۆلارێك لەشەش هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 10 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە كە رێژەی بەرزبوونەوەكە زیاتر بووە  لە 53%، بەڵام دۆلاری حكومی نەیتوانیوە رێگری لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دۆلار لەبازاڕەكانی ئێران بگرێت بەجۆرێك كە دوای نزیكەی دوو مانگ دۆلار بۆ 17 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە و دوای ئەزمونكردنی 32 هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێك ئێستا بەهای دۆلار لەئێران دەگاتە زیاتر لە 25 هەزار تمەن.
حكومەتی پێشوی واتە كابینەكەی حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران بڕی 13 ملیار دۆلاری وەك دۆلاری حكومی یان هەمان دۆلاری 4200 دۆلاریی بۆ دابینكردنی كاڵاو پێداویستییە سەرەكییەكانی بژێوی و دەرمان رادەستی بازرگانەكان دەكرد بەمەبەستی هاوردەكردن، بەڵام لەوەشدا گەندەڵیی زۆر روویدا، چونكە بەشێك لەبازرگانەكان بە وەرگرتنی ئەو دۆلارە هەرزانە كاڵاكانیان بەناوی بازرگانیی ئازادوە بەنرخی دۆلاری ئازاد یان زیاتر لە 25 هەزار هاوردەی ئێران دەكرد كە نەدەبوە مایەی هەرزانبوونی پێدوایستییە سەرەكییەكان.
لەو سەردەمەدا حكومەتی رۆحانی بەوە تۆمەتبار دەكرا كە ئەو پلانەی بۆ قەرەبوكردنەوەی كورتهێنانی بودجەكەی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە چونكە ناكرێت لەوڵاتێكدا دوو نرخی دۆلاری جیاواز هەبێت.
نەشتەرگەریی مەترسیدار
شارەزایانی ئابوریی ئێران هەنگاوەكەی حكومەت و پەرلەمان بە نەشتەرگەرییەكی مەترسیدار وەسفی دەكەن و دەڵێن ئەوەی ئێستا روودەدات وەك ئەو نەشتەرگەریە مەترسیدارەیە كە بۆ نەخۆشێكی توشبووی شەكرە و فشاری خوێن و كێشەی دڵ دەكرێت چونكە هەریەكە لەو حاڵەتانە دەتوانێت نەخۆشەكە بەرەو مەرگ بەرێت و ئێستاش دۆخی ئێران هاوشێوەی ئەو نەخۆشەیە چونكە نەگەیشتووەتە قۆناغی سەقامگریی ئابوریی.
د.وەحید شەقاقی پسپۆر لە بواری ئابوریی و راوێژكاری ناوەندی توێژینەوە بازرگانییەكان لەئێران بە رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد)ی ئەو وڵاتەی راگەیاندوە؛ لەساڵی 2018 بڕیاربوو 25 كاڵای سەرەكیی بە دۆلاری 4200 تمەنی دابین بكرێت بەڵام لە ئێستادا تەنها 18 كاڵا و پێدوایستیی سەرەكی بەو دۆلارە دابین دەكرێت كە لەو ژمارەیەش تەنها پێداویستی و خۆراكەكانی وەك دەرمان و گەنم و رۆن زۆر سەرەكین، بۆیە بڕیارەكەی حكومەت و پەرلەمان كاریگەریی زۆری دەبێت و ئاستی هەڵاوسانیش بەرز دەكاتەوە بە تایبەت كە دۆخی ئابوریی وڵاتە نائاساییە.
شەقاقی ئاماهەی بەوە كردوە؛ ئێران لە ساڵی 1991  بەهۆی دەرەنجامەكانی جەنگی هەشت ساڵەی وڵاتەكە لەگەڵ عێراق، بڕیارێكی هاوشێوەی ئێستای پەرلەمانیدا ئەو كاتیش بەهۆی سەقامگیرنەبونی ئابوریی ئاستی هەڵاوسان بۆ 49% بەرز بوەوە بەڵام هەمان بڕیار لە ساڵی 2002 سەركەوتوبو چونكە ئێران خاوەنی داهات و دۆلاری زۆربو و ئابوریی وڵاتەكەش تا ئاستێكی بەرچاو سەقامگیر بوو
پارە بەفیڕۆدراوەكانی ئێران
بەرپرسانی ئێران ئاشكرایان كردووە لەماوەی ئەو چوار ساڵەی كە دۆلاری حكومی بەكار هاتوە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار بەفێڕۆ دراوە، چونكە حكومەت ویستویەتی بە دابینكردنی دۆلاری 4200 تمەنی رێگریی لە بەرزبونەوەی خۆراك و پێدوایستییە سەرەكییەكانی بگرێت بەڵام پلانەكەی شكستی هێنا و دوو نرخ بوونی دۆلار لەوڵاتەكە هاوشێوەی فەرشی سور راخستن بوو بۆ هەڵاوسان و لەناوچوونی سەرچاوە داراییەكان و پارەی چاپكراو.
ئەسغەر ئاهەنی ها، ئەندامی ژوری بازرگانیی ئێران رایگەیاندوە؛ بڕیاری حكومەتی پێشوو بۆ دوو نرخكردنی دۆلار بووە هۆی بەرزبونەوەی زۆبەی كاڵاكان بۆیە بە لابردنی بوار بۆ گەندەڵی و خراپ سود وەرگرتن لە دۆلاری حكومی نامێنێت و ئەوەش وا دەكات نرخی كاڵاكان جێگیر بكرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار