كۆمپانیای دلێر فارما ساختەكاری لەدۆكیۆمێنتی ماددەكاندا كردووە

‌كوالێتی كۆنترۆڵ بۆ ‌هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

لەمانگی رابردوودا لەلایەن دوو پەرلەمانتاری كوردستانەوە سكاڵای یاسایی دژی كۆمپانیایەكی دەرمان لەشاری سلێمانی تۆماركرا بەتۆمەتی ئەوەی كەكۆمپانیای ناوبراو ساختەكاری لەدەرمانی نەخۆشانی شێرپەنجەدا كردووەو خاوەنی كۆمپانیاكەش ئەوە رەتدەكاتەوەو دەڵێت:» ئێمە دەرمانەكانمان لەتوركیا كڕیوە و وەزارەتی تەندروستی ئیمێڵیان بۆ سویسرا كردووە».
پەرلەمانتارێك:» كۆمپانیای دلێر فارما دەرمانی ساختەی بەناوی كۆمپانیایەكی سویسرییەوە هێناوە
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئێمە دۆسیەی ئەو كۆمپانیایەمان ناردووە بۆ داواكاری گشتی و ئەوراقی رەسمی كوالێتی كۆنترۆڵمان هەیە كە لەمانگی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٠ەوە كەیسی ئەم كۆمپانیایە ئاشكرا بووە».
هەروەها وتیشی:» بەساختەكاری كۆمپانیای ناوبراو دەرمانێكی ساختەی بەناوی كۆمپانیایەكی سویسرییەوە هێناوەتە كوردستان و كۆمپانیا سویسریەكەش رایگەیاندووە كەئەو دەرمانە هی كۆمپانیاكەی ئەوان نییە».
  هاوكات، ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت بەدواداچوونیان بۆ زانیارییەكان كردووەو چوونەتە بنج و بناوانی كەیسەكە پاشان سكاڵایان تۆماركردووە و پاش دەستكەوتنی هەندێ بەڵگەنامە و دۆكیۆمێنت بە رێكاری پەیڕەوی لە رێگای سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی داواكاری گشتی هەرێمیان كردووەو راستەوخۆ سكاڵاكەو بەڵگەنامەكانیان ناردووە بۆ داواكاری گشتی بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێكارە یاسایەكان.
 هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە پێش ئەوەی سكاڵاكە تۆماربكەن، هەمان سكاڵا لەدەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەند كەسێكەوە تۆماركراوە و رێكارە یاساییەكانیش لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە دەستیپێكردبوو، بەڵام ئەوان وەك پەرلەمانتار ئاگاداری ئەو سكاڵایە نەبوون.  
سەبارەت بەهەمان پرس، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا، رایگەیاند كەدۆسیەی ئەو كۆمپانیایە ماوەی نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا ئاشكرا كراو دەستبەجێ رێكارە یاساییەكان و دەستبەسەرداگرتن و راگرتنی كۆمپانیاو لێكۆڵێنەوە بەچاودێری دادوەری داواكاری گشتی ئەنجامدراوەو دۆسیەكە ساغبووەتەوە كەدەرمانێكی ساختەیە و رەوانەی دادگا كراوە.
بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان:»كۆمپانیای دلێر فارما ساختەكاری لەدۆكیۆمێنتی دەرماندا كردووە».
د.شێروان صادق عەلی، بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان، بە هاوڵاتی وت:» چەندین كەیسی دەرمان و ساختەكاری دۆكیۆمێنت و تەقلیدی شێوەی دەرمان لەدادگاكانی كوردستاندا هەیەو كەیسی ئەو كۆمپانیایەش یەكێكە لەكەیسەكان و كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان لەبەدواداچوونەكانیدا بۆی دەركەوت كە كۆمپانیای دلێر فارما ساختەكاری لەدۆكیۆمێنتی دەرماندا ئەنجامداوە و ئەم بەدواداچوونە ماوەی ساڵێكە ئەنجامدراوە».
بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان پێشیوابوو كە ئەوان وەك كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان هەر بابەتێك كەگومانی لێبكەن لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ پێكدەهێنن بەئامادوبوونی نوێنەری داواكاری گشتی و پاش پشتڕاستبوونەوەشی نووسراو بۆ وەزارەتی تەندروستی دەكرێت.
لای خۆیەوە حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بەرپرسی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»پێش ئەوەی سكاڵای ئەو كۆمپانیایە لەمیدیاكانەوە بڵاوببێتەوە، سكاڵایەكی فەرمی لەسلێمانییەوە هاتە لای ئێمە و پاش بڵاوبوونەوەشی وەزیری تەندروستی هاتە سەرخەت».                                                   حاكم ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامەكان كاتیان پێویستەو بەردەوامین لەكۆكردنەوەی بەڵگەكان.
لەبەرانبەردا، خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما سەرتاپای ئەو قسانە وەك تۆمەت بۆ كۆمپانیاكەیان وەسف دەكات و دەڵێت:» دەرمانەكانمان لەتوركیا كڕیوەو وەزارەتی تەندروستی ئیمێڵیان بۆ سویسرا ناردووە».
دلێر حەسەن، خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما بۆ بازرگانی دەرمان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئێمە سەرتاپای ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، ئێمە لەمانگی 7ی 2017 دروستبووین و ماوەی دوو ساڵە دەرمان بە نەخۆشخانەی هیوا دەدەین».
هاوكات، دلێر حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەوان هیچ دەرمانێكی ساختەیان نەهێناوە، چونكە هێنانی دەرمانی ساختەو ساغبوونەوەی گرتن و داخستنی كۆمپانیاكەی بەدواوەیە، وتیشی «ئێمە تائێستا لەگوڵ كاڵترمان پێنەوتراوەو هەم ئەوانەی باس دەكرێن دوورن لە راستییەوە». 
خاوەنی كۆمپانیاكە جەختی لەوەشكردەوە كە تەنها یەك كێشەیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەبووە ئەویش لەسەر ئیمێڵێك بوو و ئیمێڵێك هاتووە و دەڵێت ئەو دەرمانانە هی ئێمە نین، بەڵام «ئێمە دەرمانەكانمان لەتوركیا كڕیوە و ئەوان ئیمێڵیان بۆ سویسرا كردووە، كە ئەمەش دوو بابەتی جیاوازن».
« وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی پێكهێنا بەئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی لەهەولێرو لیژنەكە پەیوەندیان بەتوركیاوە كردو وەڵامی دانەوە كە ئەو دەرمانانە لەتوركیا دەفرۆشرێن و هیچ كێشەیەكی زانستی بۆ نەخۆش نیە و ئێمە لەسەر بڕیاری ئەو لیژنەیە رێگەپێدانی دەرمانەكانمان وەرگرت و دەرمانەكانماندا بە نەخۆشخانەی هیواو نزیكەی85٪ی دەرمانەكان تەواو بووە و چەند كارێكی كارگێڕی ماوەو بەم نزیكانە لێدوانی تایبەتیمان دەبێت و وەزارەتی تەندروستی كۆمپانیاكەی ئێمەی داوە بەدادگا لەسەر كوالێتی دەرمان نەبووە كە ساختە بووە یان نا، بەڵكو لەسەر ئەوراق بووە»، خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار