پڕۆژە تاقانەكەی سلێمانی چاوی زۆر لەسەرە
دابین نەكردنی بودجەكەی، كاركردن لەپرۆژەی 100 مەتری سلێمانی خاو دەكاتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی بەهۆی دابین نەكردنی بودجەكەیەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێك كاركردن تێدا راگیراو دواتر بەهەوڵی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و كۆمپانیای قەیوان دەست بەكاركردن كرایەوە تێیدا.
گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بەچاودێری شارەوانی سلێمانی جێبەجێكردنی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری سلێمانی جێبەجێ دەكات كە لەئێستادا قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە لەسەدا 40%ی تەواو بووەو چەندین ئەندازیارو كارمەند و ستافی شارەزا كاری تێدادەكەن.
بەپێی نووسراوێكی عەلی سەعید، بەڕێوەبەری كارگێڕیی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، كارەكانی پڕۆژەكە راگیران، ئەوەش بەهۆی وەرنەگرتنی شایستەی داراییەوە.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئۆتۆبانی بابان ناسراو بەشەقامی 100 مەتری سلێمانی لەنووسراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، تاكاتی بڕیاردانی پێدانی شایستەی دارایی، كاركردن لەسەرجەم یەكەكانی پڕۆژەكە رادەگرن.
لەو بارەوە، رۆژی شەممە 12ی ئازاری 2022، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیێندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو كە «حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوپەڕی ئاسانكاری و پشتگیری لە كۆمپانیا خۆماڵییەكان كردووەو بەردەوامیش دەبێت لەپشتگیریكردنیان، هەروەها بودجەی پێویستی بۆ سەرجەم پڕۆژەكان تەرخان كردووە.»
لای خۆیەوە، لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە «ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین لەچارەسەركردنی كێشەكەیان و خەرجكردنی شایستە داراییەكانیان، بۆیە بە پێویستی دەزانین بە هەموو لایەكی رابگەییەنین كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوام دەبێت»ز
هەروەها باسی لەوەشكرد بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری شارەوانی كردووە كە بەڵێنیان پێدراوە شایستە داراییەكانی بۆ دابین بكرێت.
هاوكات، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەڵێت:» دوای وەستانی یەك رۆژ لە كارەكانمان لە پرۆژەكەدا دەست بەكارەكانی كرایەوە ئەوەش پاش بەڵێنی حكومەتی هەرێم».
دلێر كەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانمانەوە لە پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان بڕیارماندابوو بە راگرتنی كاركردن، تا ئەوكاتەی بڕیاری خەرجكردنی شایستە داراییەكانمان دەدرێت، بەڵام حكومەت هەر ئەو رۆژە هاتە سەرخەت و بەڵێنیدا بۆمان دابین بكات، بۆیە دوای وەستانی یەك رۆژ لە كارەكانی لەپرۆژەكەدا دەست بەكاركردن تێدا كراوەتەوە».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەم كە چووەتە بواری جیبەجێكردنەوە، دەبێت لەماوەی هەزار و 100 رۆژدا تەواو ببێت، كە كۆی گشتی بودجەی پرۆژەكە 400 ملیار دینارەو بەپێی گریبەستەكان دەبێت حكومەت لەگەڵ تەواوبوونی هەر قۆناغێكی كاركردن سلفەیەك پارە بدات بە كۆمپانیاكەیان، بۆیە تەنیا رۆژێك كارەكانیان راگرتووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەئێستادا كارەكان راوەنەوەستاون و بەردەوامن، بەڵام كاركردنەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێت» ئەگەر حكومەت بەڵێنەكانی وەك خۆی جیبەجێنەكردو شایستە داراییەكانی كۆمپانیای دابین نەكرد، رەنگە كاركردن بەم شێوەیەی ئیستا بەردەوام نەبێت».
سەرۆكی لیژنەی سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی دابیننەكردنی شتایستە داراییەكانی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەلایەن حكومەتەوە لەئێستادا كارەكانی بەسستی دەڕوات.
رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پرۆژە تاقانەكەی شاری سلێمانی چاوی زۆری لەسەرەو خەڵك بەتامەزرۆییەوە چاوەڕوانی تەواوبوونیەتی چونكە شار دەبوژێنێتەوە و قەرەباڵغی زۆر كەمدەكاتەوە».
«پرۆژەكە كە دراوە بەكۆمپانیای قەیوان لەئێستادا لە سەدا 40ی كارەكانی تەواوبووەو زیاتر لە 100 ملیار دینار كاری تێداكراوە، كە حكومەت نزیكەی 30 ملیار دیناری پێداوە، كە هەمووشی پارە نیە ئەو 30 ملیارە، چونكە بەشێكی خراوەتە بری باجی كۆمپانیاكەیان»، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان وای وت.
بەپێی رێككەوتنی حكومەت و كۆمپانیای قەیوان پێویستە بەپێی رێژەی كاركردنی كۆمپانیاكە شایستە داراییەكانی بۆ دابین بكرێت لەكاتێكدا پرۆژەكە لەسەدا 40ی تەواو بووە و حكومەت تەنیا لەسەدا 30یشی بەتەواوی دابین نەكردەووە، كە بە نزیكەیی 60 بۆ 70 ملیاری كۆمپانیای قەیوانی كەمتر دابین كراوە.
رەمەزان نامیق دەڵێت كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی ستراتیژی شەقامی سەدمەتری، وەك فشارێك كارەكانی راگرت و ئیستا بەسستی دەستی بەكارەكانی كردووەتەوە تا حكومەت مانگی نیسان بەڵێنەكەی بباتە سەرو لەكارەكانیان بەدەوام بن.
« ئەگەر حكومەت تا مانگی نیسان بەڵێنەكەی نەباتە سەرو شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكە دابین نەكات ئەوا ئەم پرۆژەیەش وەك ئەو 500 و 600 پرۆژەیەی كە لەساڵی 2011وە تەواو نەكراون بەهۆی نەبوونی پارەوەو ئەمیش بە راگیراوی دەمێنێتەوە»، رەمەزان نامیق وا دەڵێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی، ئەوە باس دەكات كە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندی كرد بە لایەنی پەیوەندیدارەوەو جەختی لەوەكردەوە نابێت پرۆژەكە هیچ گرفتێكی بۆ دروست بكرێت.
زەردەشت رەفیق وتیشی:»ئیستا كاركردنی بەردەوامە و بودجەی تەرخانكراوی بۆ دابینكراوەو كێشەی نییەو وتی:» ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەكی گرنگە هەموو لایەك مەبەستیەكی كەتەواو ببێت، بۆیە جەخت لەوە دەكرێتەوەو كاركردن تێدا رانەگیرێت».