لەبەرەی خەڵك و دژە گەندەڵیداین

كۆمەڵ و یەكگرتوو:

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری و كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو دەڵێن لەبەرەی خەڵك و ئۆپۆزسیۆندان و دژە گەندەڵین و هەڵوێستەكانیان دیارن.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی نەوەی نوێ لەدوو رۆژی رابردوودا لەسلێمانی سەردانی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كردو تێیدا گفتوگۆ كرا لەبارەی یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستاندا.
مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، لەلێدوانێكدا بە‌هاوڵاتی وت:» ئێمە چونكە هەردوولا ئۆپۆزسیۆنین، لەزۆر بابەتدا هاوڕاین وەك دژایەتی گەندەڵی و قۆرخكاری و خەمی هاووڵاتیان هاوڕابووین و لەدانیشتەكەشدا باسمان كردووە».
هەروەها وتیشی:» پێمان وابووە كە چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی، پێویستی نەك تەنیا بەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیە، بەڵكو كەسایەتی و لایەنەكانیش هەیە».
بەرپرسەكەی یەكگرتوو باسی لەوەشكرد كەباس لەپرۆژەیەك نەكراوەو هەموویان لەدەوری كۆببنەوە، بەڵام وەك ئۆپۆزسیۆنەكان ساحەكە پێویستی بەهەموویانە، بۆ دروستكردنی رایەكی گشتی جەماوەری دژی هەموو پێداگری و ستەمەكان بوەستنەوە.
مستەفا عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو كە قسە لەگەڵ كۆمەڵ كراوە تەنیا دانیشتەنەكە نەكراوە، چونكە هاوهەڵوێستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان پێویستی بەهەموو دەنگە ناڕەزاییەكانە.
هاوكات، ‌محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری، لەلێدوانێكدا بە‌هاوڵاتی وت:»  بابەتەكەمان بیستووەو پەیوەندییان پێوەكردوین وەك نەوەی نوێ، بەڵام تائێستا دانەنیشتوین و  كاتی دانیشتنەكە رێكنەكەوتووە».
وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری وتیشی:»ئێمە لەكاری خۆماندا بەردەوام دژی گەندەڵین و لەبەرەی خەڵكداین و كارمان بۆ كردووە، لەناو پەرلەمان و لەكارماندا هەڵوێستی ئێمە دیارە، بۆیە پاڵپشتیەكە پەیوەستە بەدانیشتنەكەوە بزانین پلانیان چیەو باسی چی دەكرێت».
هەریەك لەكۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ وەك سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن و بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار