هێشتا شەنگال لەمین و تەقەمەنی پاكنەكراوەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش





عەمار عەزیز

چەكدارانی داعش لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی شەنگال و دەوروبەری زۆرینەی ناوچەكانیان بەمین و تەقەمەنی داپۆشی و دوای رزگاركردنی شنگال تائێستا لەسەدا 30% قەزاكە پاك نەكراوەتەوە.
فەهد حامد، قایمقامی ناوەندی قەزای شەنگال بەوەكالەت لەلێدوانێكدا بە‌هاوڵاتی وت: « لەدوای ئازادكردنی شەنگال رێكخراوی ئێم ئەی جی تایبەت بەهەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لەگەڵ چەند دامو دەزگایەكی حكومی و فیرقەی 20ی سوپای عیراق هەڵسان بەهەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی سەردەمی داعش، بەسوپاسەوە تائێستا زورینەی شوێنە گشتیەكان و دەروبەری شەنگال لەگەڵ هەردوو ناحیەی سنون و گرعوزێر پاككراونەتەوە، رێژەكە گەیشتووە 70% لەهەندێك شوێن لەسەرووی 90% پاككراوەتەوە بەتایبەت لەناحیەی سنون «.
فەهد حامد ئاماژەی بەوەشكرد كە بەگشتی دوو شوێن ماون تائێستا پاكنەكراونەتەوە ، یەكەم ئەو خانووانەی لەناوەندی شەنگال رووخێنراون تائێستا وەك خۆیان ماوەتەوە یەك خانووش پاكنەكراوەتەوەو  پاكنەكردنەوەی ئەو خانووانە زۆر قورس و مەترسیدارە، وتیشی:» پێش چەند هەفتەیەك ‌هاوڵاتیەك ویستی خانووەكەی نۆژەن بكاتەوە لەكاتی ئیشكردن سێ‌ چوار تەنەكەی تێن تی یان بینیوە و نەیانتوانی كارەكەی خۆیان تەواو بكەن پەیوەندییان بە تیمی هەڵگرتنەوەی مین كردووە «.
قایمقامی شەنگال هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ناوچەی دووەم كۆمەڵگای گرزەركە پێش هاتنی داعش 15 هەزار كەس لەو كۆمەڵگەیە دەژیان و زۆرترین مین و تەقەمەنی لەسنوری ئەو كۆمەڵگایە لەلایەن داعشەوە دانراون ، بەداخەوە تائێستا یەك مینیش لەو كۆمەڵگایە هەڵنەگیراوە بەوهۆیەوە هیچ هاووڵاتیەكی ئەو كۆمەڵگایە نەگەڕاوەتەوە زێدی خۆیان.
لەبارەی ژمارەی قوربانیەكانی بەهۆی تەقینەوەی مین، فەهد حامد ئەوەی خستەڕوو كە سێ‌ كەس لەتیمی ئەندازەیی حەشدی شەعبی گیانی خۆیان لەدەستداو  سێ‌ كەسی دیكەش لەسوپای عیراق هەروەها چەند هاووڵاتیەك گیانی خۆیان لەدەستدا بەڵام ئاماری تەواویان لەبەردەستدا نییە.
فەهد حامد ئەوەشی روونكردەوە ئێستا رێكخراوی ئێم ئەی جی لەگەڵ كۆمپانیای جی سی ئێس تایبەت بەهەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە سنوری قەزای شەنگال كاردەكەن ، داوا لەحكومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بۆ سنوری قەزای  شەنگال زیاد بكەن تا ئەو ناوچانەش پاكبكرێنەوەو ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار