"450 ملیۆن دۆلاری تەرخانكراو بۆ پرۆژەی فرۆكەخانەی دهۆك خەرج نەكراوە"

‌پاش تێپەڕ بوونی دەساڵ، لەسەدا 90% پرۆژەی فرۆكەخانەی دهۆك تەواو نەكراوە

3 ساڵ لەمەوپێش




عەمار عەزیز – دهۆك

پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر تەواونەكردنی پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك دا وخەرجنەكردنی بودجە زەبەلاحەكەی  لەئیستادا حكومەتی هەرێم خەریكی تاوتێكردنین بۆ گۆرانكاری لە دیزاین و دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە.

بەردی بناغەی فرۆكەخانەی  نێودەوڵەتی دهۆك لە 2012 لە سنوری قەزای سمێل دانرا و ئەوكات وەك پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە وەسف كرا، بەڵام  زیاتر لە 10ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە و تەنها لەسەدا 10% پرۆژەكە جێبەجێكراوەو هێشتا لەسەدا 90% پرۆژەكە كاری تێدا نەكراوە و خاوەن موڵكەكانیش بەشێكی زۆریان قەرەبووی ماددیان وەرنەگرتووەتەوە.
بودجەی پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لەساڵی 2012 دا بڕی 450 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوەو لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە كاری تێدا كراوە، بەوتەی سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بودجەی پرۆژەكە دیار نەماوە.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پارێزگاری دهۆك سەردانی قەزای سمێل شوێنی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆكیان كرد، ئەوكات مەسرور بارزانی رایگەیاند:"لە كابینەكانی پێشوودا بڕیاری دروستكردنی فرۆكخانەی دهۆك دەرچووە و بڕێك بودجەی بۆی دابینكراوەو  كەمێك ئیشی لەسەركراوە بەداخەوە بەهۆی قەیرانەكانی دارایی نەیانتوانیوە پرۆژەكە تەواو بكەن".
هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامانجی سەردانەكەیان ئەوەیە پێداچوونە بە پرۆژەكە بكەن و ئەو گرێبەستانەی ئەنجامدراون دووبارە دەست پێ‌ بكەنەوە چونكە پرۆژەكی زۆر گرنگ بۆ پارێزگای دهۆك و دەوروبەری وەسفی كرد،" ئەگەر خوا هاوكاربێت دوای تەواوكردنی دیراسەیەكی وورد لەسەر پرۆژەكە كە ڕەنگە هەندێك گۆڕانكاریش تیادا بكرێت دواتر مزگینی دەدەینە هەموو لایەك و دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەین ."

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: لەهیچ شوێنێكی دونیا نیە پارە بۆ پرۆژەیەك دابین بكرێت دوای ماوەیەك پارەكە دیارنەمێنێت، دەبوو لە بانكێك دانرابایە و هیچ كەسێك دەستكاری نەكردایە تەنها پارەكە بۆ فرۆكخانە خەرج بكرایە

 


پاش تێپەربوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر ئەو سەردانەیدا بۆ پرۆژەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك، هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەكان رانەسپێردراون بۆ جێبەجێكردنی.
بەشێك لەو كەسانەی كە زەوی پرۆژەكەیان هەبووە هێشتا قەرەبوو نەكراونەتەوە و داوا دەكەن حكومەتی هەرێم كاری لەسەر بكات و قەرەبووەكان بدرێنەوە بە خەڵك.
عەبدلوەهاب عەبدولقادر ، نوێنەری ئەو كەسانەی كە تا ئێستا قەرەبو نەكراونەتەوە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " ماڵی من و 198 كەسی تر لەوشوێنە بووە كە دابینكراوە بۆ فرۆكخانەی دهۆك پارێزگاری پێشوو بەڵێنی پێداین قەرەبوومان بكاتەوەو نوسراوی فەرمی بۆ دەرچووبوو كە پارچە زەوییەك و 30 ملیۆن دینار وەربگرین، بەڵام زۆر بەداخەوە فێڵیان لێ كردووین، ئەو بەڵێنە تەنیا بۆ ئەوە بووە خاوەكانمان چوڵبكەین، 2015 هەموومان شوێنەكەی خۆمان بەجێهێشت و تا ئێستا تەنها بە پارچە زەویەكەیان پێداوین".
هەروەها نوێنەری ئەو كەسانەی قەرەبووەكانیان وەرنەگرتووە ئەوەشی باسكرد كە سكاڵایان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە قەرەبووەكانیان وەربگرن، وتیشی:" ئەو پارەی كە بۆ فرۆكەخانە دابین كرا ئەگەر بەشێوەیەكی دادوەرانە خەرج بكرایا ئێستا هەموو هاوڵاتیانی شوێنی فرۆكەخانەكە قەرەبووەكانیان وەردەگرتەوە".

هاوكات، بێوار محەمەد حەسەن ، دانیشتووی سنوری قەزای سمێل ، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " تا ئێستا بە دوو وەجبە خەڵك قەرەبوكراوەتەوە، وەجبەی یەكەم نزیكەی 800 خێزان قەرەبۆكراونەتەوە بە پارچە زەویەك لەگەڵ 35 ملیون دیناری عیراقی، بەڵام ئێمە وەجبەی دووەم بووین نزیكەی 200 كەس دەبین لە ساڵی 2015 تەنها پارچە زەویەكمان وەرگرتووە و پارەكەمان وەرنەگرتووە".
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت:"ئەو بودجەیەی بۆ فرۆكەخانەی دهۆك تەرخان كرا دیار نەماوە".
سەباح عەلی ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بە  هاوڵاتی وت " یەكەمجار لە ساڵی 2012 بۆ 2013 بەردی بناغە بۆ فرۆكەخانەی دهۆك لە سنوری قەزای سمێل دانرا، ئەو كات بڕە پارەیەكی بۆ دابینكرا ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر كرا دواتر وەستا، لەوماوەیەدا تەنیا 10% پرۆژەكە تەواوكرا 90% ماوە".
ناوبراو وتیشی:" چەند جارێك بەدواداچوونم كردووە كێشەی سەرەكەی ئەوەیە كە موڵكدارەكان هەموویان قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئەو برەپارەیەی بۆی دابینكراوە كە 450 ملیۆن دۆلار بووە دیارنەماوە".
 ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێشیوابوو لەهیچ شوێنێكی دونیا نیە پارە بۆ پرۆژەیەك دابین بكرێت دوای ماوەیەك پارەكە دیارنەمێنێت، وتیشی:" دەبوو ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ فرۆكەخانەی دهۆك دابینكراوە لە بانكێك دانرابایە و هیچ كەسێك دەستكاری نەكردایە تەنها پارەكە بۆ فرۆكخانە خەرج بكرێت".
جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كارۆباری كارگێری پێیوابوو كە تەواونەكردنی فرۆكەخانەی دهۆك نەبوونی پارەو بودجەیە.

نوێنەری ئەو كەسانەی قەرەبوویان وەرنەگرتووە: ئەو پارەی كە بۆ فرۆكەخانە دابین كرا ئەگەر بەشێوەیەكی دادوەرانە خەرج بكرایا ئێستا هەموو هاوڵاتیانی شوێنی فرۆكەخانەكە قەرەبووەكانیان وەردەگرتەوە

 

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێری لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت " ئەگەر پارە هەبێت بەدڵنیایەوە پرۆژەكە تەواو دەكرێت و لەئێستادا پارە لەبەردەستدا نییە ، بەشێك لە خاوەن موڵكدراوەكان قەرەبووكراونەتەوە بەڵام هێشتا هەندێكیان ماون".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە حكومەتی هەرێم زۆر جددی یە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بەهیچ شێوەیەك پشتگویێ‌ نەخراوەو تەنها پێویستی بە پارەیە.
جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێری، ئەوەشی روونكردەوە كە نازانرێت كەی دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكرێتەوە، چونكە لایەنەپەیوەندیدارەكان لە ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دیراسەیەكی ووردن و دەمێنێتەوە سەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار