بافڵ تاڵه‌بانی: ده‌توانین هه‌مومان به رۆحێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه بڕیار بده‌ین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی رایگه‌یاند:" رێگه له به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی ده‌گرین و جه‌خت له سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ینه‌وه، پێویسته شه‌فافیه‌ت له داهاتدا هه‌بێت و جیاوازی له خه‌رجی گشتیدا نه‌كرێت، خێروبێری ئه‌م هه‌رێمه به‌بێ جیاوازی بخرێته خزمه‌ت هاوڵاتییانه‌وه و ئه‌مه‌ش ئامانجی كاركردنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له ده‌باشان پێشوازی له وەفدێكی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد كه پێكھاتبون له ڤیلله ڤاریۆلا، باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق و ئان مێسكانه‌ن، سه‌رۆكی نێرده‌ی ڕاوێژكاریی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق.
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند:" باوه‌ڕمان وایه هێشتا دره‌نگ نییه و ده‌توانین هه‌مومان به رۆحێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه له‌پێناو به‌هێزتركردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكان، ناكۆكییه سیاسی و كه‌سییه‌كانمان وه‌لابنێین و پێكه‌وه بڕیار بده‌ین و یه‌ك كاندید بۆ سه‌رۆك كۆمار پێشكه‌ش بكه‌ین".
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی وتيشى:"دۆخی عێراق پێویستی به سازان و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش هه‌یه له‌پێناو پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز و كاریگه‌ر كه ئارامی و سه‌قامگیری بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات. وه‌ك كوردیش هه‌وڵی زۆرمان داوه كه یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی كورد بپارێزین و وه‌ك یه‌ك تیمی به‌هێز له به‌غدا كار بكه‌ین، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌یه‌كی كوردستانیی ئه‌م نیه‌ته نیشتمانییه له‌باربرا".
