سیناریۆی ٢٠١٨ لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا دووبارە دەبێتەوە

یەکێتی و پارتی بە هەمان نەفەسی چوار ساڵی رابردوو دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەریوەبچێت لەکاتێکدایە هێشتا کورد لەناوخۆدا یەکدەنگ نییە لەسەر ئەو پرسە هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨.
بەگوێرەی نەریتی سیاسی دوای ساڵی 2003 لەعێراق، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، ژمارەیەک کوردیش خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردووە، دیارترینیان رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
پەرلەمانی عێراق ناوی 40 کاندیدی پەسەندکراوی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، رۆژی 26ی ئەم مانگە، کۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام دەدرێت.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، پێویستە لانیکەم 220 پەرلەمانتار لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادە بن بۆئەوەی دانیشتنەکە بەڕێوە بچێت.

سیناریۆی ٢٠١٨
ئەوەی کەئێستا روودەدات هەمان ئەوەیە کە لەساڵی ٢٠١٨دا روویدا کاتێک پارتی و یەکێتی هەریەکە بەکاندیدی خۆیان چوونە پەرلەمان و ئەوەش گرێیەکی تری لە نیوانیان دروستکرد کە تائێستاش بەردەوامە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: «دوێنێ سێشەممە رێبەر ئەحمەد، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغداو بڕیارە دەست بەگفتوگۆ بکات لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو دانیشتنەکەی 26ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی نوێنەران».
ئەگەر هاوپەیمانیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بتوانن نیساب بۆ دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو بكەن، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (رێبەر ئەحمەد) لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا، بەزۆرینەی سادە‌و بەدەنگی هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەكە پۆستی سەرۆك كۆمار دەباتەوە. 
لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی، توانای تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵام رەنگە بتوانن بەپاڵپشتی ئێران (110) كورسی كۆبكەنەوە‌و نیسابی یاسایی دانیشتنەكە تێكبدەن، لەم حاڵەتەشدا بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكی دەكەوێت‌و دۆخەكە دەگاتە بنبەست، دەرگا لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ لەعێراق دەكرێتەوە، واتە چانسی هەڵبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار، بەبێ رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكانی شیعە ئەستەمە.
هەردوو جەمسەرە ناكۆكەكەی شیعە دەڵێن، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردەو ئەوان دەستوەردان لەدیاریكردنی كاندیدەكەیدا ناكەن، بەڵام لەڕاستیدا هەردوو جەمسەرەكە، یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریان بەستووەتەوە بەچارەنوسی حكومەتی داهاتووەوە، بەبێ رێككەوتنی خۆیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، رێگە بەتێپەڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار نادەن. 
دابەشبوونی كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، هەرێمی كوردستانی خستووەتە ژێر فشارەوە، سەرەتای ئەم فشارانە خۆی لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق نیشان دا كەپرۆسەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەنادەستوری ناوبرد، لەقۆناغی دووەمیشدا مووشەكە بالیستییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر، فشارەكان گەیشتنە لووتكە. 
پارتی‌و یەكێتی بەیەكەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دروستكردووە‌و هەردووكیان لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بانگەشەی «یەكڕیزییان» بەرز كردووەتەوە، ئێستا بەهەردووكیانەوە، لەڕێگەی بەغدادەوە فشاریان لەسەر حكومەتەكەی خۆیان دروستكردووە.  
لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددام‌و دروستبوونی عێراقی نوێوە، یەكەمجارە كورد (پارتی‌و یەكێتی) بەم قورسییە دەچنە ناو كێشەكانی ناو ماڵی شیعەوە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ئێرانی لەپارتی تووڕە كرد‌و یەكێتیشی خستە ناو بەرەی دۆستەكانی تارانەوە. 
لەدوای ئەم دابەشبوونە نوێیەی پارتی‌و یەكێتییەوە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پەیوەندیی هەردوو حزب لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاڵۆزی تێكەوتووە، قەیرانی دارایی‌و كێشەی مووچە لەسلێمانی سەریهەڵداوەتەوە.

شەڕی ٤٠ کەس لەبەردەم نیسابدا
دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی دوو لەسەر سێیە، واتە بۆئەوەی كۆبوونەوەكە بەڕێوەبچێت، دەبێت لەكۆی (329) ئەندامی پەرلەمان، (220) ئەندامیان لەكاتی دەستپێكردنی دانیشتنەكەدا ئامادە بن.
(40) كەس خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەم پۆستە بەپێی عورفێك كە لەدوای رووخاندنی رژێمی سەددامەوە لەعێراق پەیڕەو دەكرێت، پشكی كوردە، لەناو كوردیشدا ئەم پۆستە تاوەكو ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بردوویەتی، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتی دەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت‌و لەبەرامبەردا وەزارەتێكی باڵا لەعێراق بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت (وەزارەتی دەرەوە).
ناكۆكیی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار‌و رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش، هەردوو حزبەكەی دابەشكردووە بەسەر بەرە ناكۆكەكانی شیعەدا، پارتی لەگەڵ موقتەدا سەدری براوەی یەكەمی هەڵبژاردندایە، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، فالح فەیاز، قەیس خەزعەلی، عەبادی، حەكیم)دایە‌و ئەم بەرەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت. 
هەردوو بەرە ناكۆكەكە، واتە بەرەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)‌و بەرەی (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی+ هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننە) بەتەنیا خۆیان ناتوانن (220) ئەندام بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی رۆژی شەممە كۆبكەنەوە. 
هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) بەتێكڕا خاوەنی (171) كورسیی پەرلەمانە، لەبەرامبەردا  بەرەی (چوارچێوە+ یەكێتی+ هەندێك لەسوننەكان) بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (105) كورسی. 
پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەمدواییە چەند جارێك قسەیان كردووە لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتییەك رابگەیەنن بەناوی (هاوپەیمانیی چەسپاوی نیشتمانی)‌و ئەم هاوپەیمانێتییە بەپێی قسەی ئەوان، خاوەنی نزیكەی (130) كورسییە، بەڵام ئەمە تائێستا تەنیا وەكو قسە ماوەتەوە‌و هاوپەیمانێتییەكە بەفەرمی رانەگەیەندراوە.
سەدر كەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو تێكشكاندنی یەكەمین بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێدا دەبینێت، دەیەوێت هەرچۆنێك بووە، نیسابی دانیشتنی رۆژی شەممە تەواو ببێت‌و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، چونكە بەگوێرەی دەستور، دوای هەڵبژاردنی، سەرۆك كۆمار كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان رادەسپێرێت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە‌و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سوننەكاندا، كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان پێكدەهێنێت. 
لەبەرامبەردا نەیارەكانی سەدر، واتە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی كێشە بۆ نیسابی دانیشتنەكە دروست نەكەن، داوا دەكەن، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران لەناو پەرلەماندا دیاری بكرێت‌و پرسی بەشداریی ئەوان لەحكومەتی داهاتوو یەكلا بكرێتەوە.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، هێشتا هیچ گرەنتییەكیان لە سەدر وەرنەگرتووە لەبارەی بەشداربوونیان لەحكومەت، بەبێ ئەم گەرەنتییە، هەوڵ دەدەن بۆ جاری دووەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، چونكە پێیانوایە ئەگەر ئەمجارە دانیشتنەكە پەكبخەن، هیچ رێگاچارەیەك نامێنێتەوە، جگە لەوەی جارێكی تر پەنا بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ ببرێت (هەرچەندە ئەمڕۆ  نوری مالیكی لەتویتێكدا بژاردەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی رەتكردەوە)، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لەسوودی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەتایبەتیش ئەوان هەر لەبنەڕەتەوە لەئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ناڕازی بوون، یاسای نوێی هەڵبژاردن غافڵگیری كردن‌و سەدر بەسەریاندا سەركەوت. 

سەدر گرەو لەسەر سەربەخۆکان دەکات
موقتەدا سەدر بۆئەوەی نیسابی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تەواو بكات، پەنای بۆ پەرلەمانتارانی سەربەخۆ برد. لەتویتێكدا داوای لێكردن نەكەونە ژێر كاریگەریی فشارو كڕینەوە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر دووشەممە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر داوای لەپەرلەمانتارە سەربەخۆکانی پەرلەمانی عێراق کرد ئامادەبن لەدانیشتنی پەرلەماندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو ڕێژەی سێیەکی پەرلەمان تەواو بکەن و دەنگ بەسەرۆکی نوێ بدەن، بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکە لەو دۆخەی کە لەئێستادا تێیکەوتووە.
 سەدر گومانی خۆی لەحكومەتی سازان ڕاگەیاند، وتی: “حکومەتەکانی سازان سوودیان بۆ عێراق و عێراقییەکان نەبوو، هۆکارەکەش سازان و دابەشکردنی کێکەکەیە لەنێو لایەنەكاندا، بۆیە لەخولی پێشوودا تاقیمانکردەوە کێکەکەیان لەگەڵدا دابەش نەکەین، بەڵام سوودی نەبوو”.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێیوایە دەبێت ئەو ڕێچكەیە جێبهێڵرێت و لەتونێلی سازان و تایەفەگەری دەربچین بەرەو دەشتی زۆرینەو نیشتمانی”.هەمووان گومانیان لەو پارتانە هەیە كە لەڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە تائێستا لەپرۆسەی سیاسیدا بەشدارن، بۆیە لەهەڵبژاردنی ڕابردوودا زۆر پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەرکەوتن و زۆبەی پارتەكان بچووکبوونەوە، بەتایبەت پارتە شیعییەکان لەباشووری عێراق.
سەدر پێیوایه‌ پێشتر  بەهۆی پارتەكانەوە نەیاندەتوانی ئەو كارە بكەن، “بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی چینێک لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ، دەتوانین حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنین، بۆئەوەی بیسەلمێنین ئەو حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا”.
سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیامەکەی لەلاوازی و بێ دەسەڵاتییانەوە نییە، بەڵکو تەنها لەبەر نیشتیمان و خۆشەویستیی نیشتیمانەوەیە.
ئەوانەی پێیان دەوترێت پەرلەمانتاری سەربەخۆ، مەبەست لەوانەیە كە بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كردووە‌ یان لەدەرەوەی هێزە نەریتییەكانن‌و لەم خولەی پەرلەماندا بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە سەركەوتوون، ژمارەی ئەمانە بە تێكڕا (48) پەرلەمانتارە.  
هەندێك سەرچاوەی نزیك لەپەرلەمانتارانی سەربەخۆ باس لەوە دەكەن، لەكۆی (48) پەرلەمانتار، زیاتر لە(30) پەرلەمانتاری سەربەخۆ یەكلابوونەتەوە بۆئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەی شەممە بكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو نیساب نەشكێنن، لەم (30) پەرلەمانتارە، (18) كەسیان پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك)ن كە هاوپەیمانێتیی نێوان بزووتنەوەی ئیمتیداد‌و جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، ئەمانە تائێستا یەكلابوونەتەوە بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەن، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كەكاندیدەكە (رێبوار ئەوڕەحمان)ـە لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ. 
ئەگەر وەكو ئەوەی سەرچاوەكان باسی دەكەن، (30) پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەگەڵ سەدر بڕۆن‌و بەشداریی دانیشتنی رۆژی شەممە بكەن، ئەوە بەتێكڕا ژمارەی كورسییەكانی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) لەگەڵ سەربەخۆكان دەبێت بە(200) كورسی، ئەمەش هێشتا (20) كورسی كەمی هەیە بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە كە (220) كورسییە، واتە لەم حاڵەتەشدا هێشتا تەواوبوونی نیساب كێشەی تێدایە. 
ئەمە لەكاتێكدایە لەبەرامبەردا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (بەرەی ئێران) بەهەمان شێوەی سەدر، كار لەسەر راكێشانی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەكەن بەلای خۆیاندا. 
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانتارانی سوننە، ئەگەر بتوانن بەتێكڕا (110) پەرلەمانتار كۆبكەنەوە، ئەوا دەتوانن دانیشتنی پەرلەمان رۆژی شەممە پەكبخەن، ئەمە پێی دەوترێت: (الثلث المعطل) واتە (یەك لەسەر سێی پەكخەر).


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار