بارمتە وەک سەرچاوەیەکی ئازادکردنی پارە راگیراوەکانی ئێران
بارمتە چەکی دەستی ئێران لەدژی ئەمریکاو بەریتانیا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئێران دوو هاوڵاتیی زیندانیکراوی بەریتانیای لە وڵاتەکەی لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی قەرزەکانی رادەست لەندەن کردەوە و بەوەش نیو ملیار دۆلاری سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیی بەدەست هێنایەوە کە بڕیاربوو تانک و زرێپۆشی بەریتانیی پێبکڕێت.
ئێران ئەزمونێکی دور و درێژی هەیە کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجاکانی دژی رۆژئاوا و یان وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، بارمتە بەکار بهێنیت و لە ساڵی 1979 یەکەم هەنگاوی بارمتەگرتنی دژی ئەمریکا بەکارهێنا ئەویش بە گرتنی 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران.
ئێران بە بارمتەگرتنی ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئەمریکا دوای 24 ملیار دۆلاری لە واشنتۆن کرد بەڵام دواتر ئاستی داواکارییەکەی لە چەند قۆناغیدا بۆ هەشت ملیار دۆلار کەم کردەوە.
لە دوایین هەنگاویشدا ساڵی 2015 لە بەرامبەر رادەستکردنی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەمریکی و بیانی بە ئەمریکا نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە فڕۆکە لە واشنتۆن وەرگرتەوە کە بوە مایەی رەخنەی گەورە لەسەر سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا.
ئێران بە بارمتە قەرزەکەی لەبەریتانیا وەردەگرێتەوە
ئێران پێشتر دو هاوڵاتیی بە رەچەڵەک فارسی وڵاتەکی کە هاوڵاتیی بەریتانیا بون بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا تۆمەتبار کرد و سزای زیاتر لە شەش بۆ 12 ساڵی بۆیان بڕیبوەوە ، ئەوەش بە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێودەوڵەتیی نێوان لەندەن و تاران لە شەش ساڵی رابردودا ناودەهێنرێت.
لە ساڵی 2016 نازەنین زاغەری هەڵگری ناسنامەی ئێران و هاوڵاتیی بەریتانیا و نیشتەجێی لەندەن کە لەگەڵ ژمارەیەک میدیایی و خێرخوازیی بەریتانی و ئەمریکی کاری کردوە، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ناوخۆی ئێران دەستگیر دەکرێت لە کاتێکدا هاوسەری زاغەری بە رەچەڵەک بەریتانیی بوە و ئەوەش وا دەکات هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا بەردەوام بێت بەڵام ئێران بە بێ گوێدانە ئەو هەوڵانە بۆ ماوەی چوارساڵ لە ناو بەندیخانە و دو ساڵیش لە ماڵەوە زاغەریی لە ژێر چادێریدا هێشتەوە.
لە ساڵی ەوە2016 هەر بەرپرسێکی بەریتانیا سەردانی تارانی بکردایە و چاوی بە برپرسانی ئێران بکەوتایە، داوای ئازادکردنی نازەنین زاغەرییان دەکرد بەڵام سەرجەم ئەو داواکارییانە بە بێ ئەنجام دەبو.
ساڵی 2017 ئەنوشە ئاشوری کە ئەندازیارێکی خانەنشینی خاوەنی ناسنامەی ئێرانی و هاوڵاتیی بەریتانیا بو، لە ئێران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرئیل (مۆساد) و بەکارهێنانی دارایی رێگە پێنەدراو بە 12 ساڵ زیندانیی سزا درا.
ئەگەرچی زۆربەی بەرپرسانی بەریتانیا بڕوایان وابوە ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەیان قوربانیی قەرزەکانی لەندەن بە تاران و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئێران بەریتانیا بون بەڵام بەرپرسانی ئێران و وتەبێژی دەزگای دادی ئێران رەتی کردوەتەوە دۆسیەی ئەو دو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکییە سیاسییەکانەوە هەبێت و تەنها جەختیان لەوە کردوە ئەو دوو کەسە تۆمەتبار بوون بە سیخوڕی و دانیان ناوە بەوەی کە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی بەریتانیا و ئیسرائیلیان کردووە.
یەک رۆژ پێش ئازاکردنی زاغەری و ئاشوری وەفدێکی بەریتانیا سەردانی تاران دەکات و لە (16/3/2022) ئەو دو کەسە ئازاد دەکرێن و لە رێگەی فڕۆکەخانەی وڵاتی عەممان-ەوە دوای چەند کاتژمێرک لە مانەوە دواجار (17/3/2022) دەگەڕێنەوە لەندەن.
لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رۆژێک دوای ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییەی وڵاتەکەی رایگەیاند سەرجەم قەرزەکانی بەریتانیا کە 535 ملیۆن دۆلار بوە، رادەستی ئێران کراوە و هاوکات ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بەشە لە لێدوانەکەی تراس کە پەیوەندیی بە رادەستکردنەوەی قەرزەکەی وڵاتەکەی هەبوە رایگەیاند؛ بابەتی قەرزی لەندەن هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادکردنی ئەو دو هاوڵاتییە بەریتانیەوە نەبوە و تەنها تاران وەک نیازپاکییەک بەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەندەن ئەو ئەوانی ئازاد کردوە.
ئێران و بەریتانیا لە نەوتەوە تا تانکو زرێپۆش
لە ساڵی 1960 و لەسەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی، دوایین پاشای ئێران پێشنیاری ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر تانک و زرێپۆشی بەریتانیا بە لەندەن راگەیەنرا و لە رێگەی چەند بەرپرسێکی عەممان کار کراو بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران لە بەرامبەر چەک و کەرەستەی سەربازیی بەریتانیا.
بڕیاربو ئێران بە رادەستکردنی 500 ملیۆن لیتر نەوت لە ماوەی 10 ساڵدا ژمارەیەک تانک و زرێپۆش لە بەریتانیا وەرگرێت.
بە پێی گرێبەستێکی ساڵی 1972 لە نێوان ئێران و بەریتانیا دەبوایە لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەزار و 500 تانکی جۆری چیفتن رادەستی ئێران بکارایە و لەندەن لەو سەردەمەدا بڕی یەک ملیار دۆلار لە ئێران وەردەگرێت.
ئەگەرچی پێش روخانی محەمەد رەزا پەهلەوی ژمارەیەک تانکی پێشکەوتوی بەریتانیا رادەستی ئێران دەکرێت و بڕیار بوە ژمارەیەک تانکی (چیفتن 4030) کە بە (شێری ئێران) ناوهێنراوە رادەست بکرێن بەڵام لەندەن بەهۆی تێبینییەکانی لەسەر دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە، سەرجەم تانکەکان رادەست ناکات و گرێبەستەکە تاکلایەنە هەڵدەوەشێنێتەوە .
دوای روخانی سیستمی پاشایەتی لە ساڵی 1979 واتە ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە دەگرێت بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، بەریتانیا بڕی 127 ملیۆن پاون قەرزای ئێران دەبێت و تارانیش لە دادگاکانی وڵاتی هۆڵەندا سکاڵا لە دژی بەریتانیا تۆمار دەکات.
دواجار دادگاکانی هۆڵەندا ئەو قەرزەی بەریتانیا بە مەزەندەی ساڵی 2020 بە 530 ملیۆن دۆلار دەخەمڵینن و لەندەنیش حاشا لە رادەستکردنەوەی پارەکە ناکات بەڵام دوای نزیکەی 43 ساڵ دادگا و دادگاکاریی لە نێوان ئەو دو وڵاتەدا بەریتانیا ئامادە دەبێت پارەکە بۆ ئێران بگەڕێنیتەوە.
تانکی بەریتانی هۆکارێکی شکستی مەیدانیی جەنگ لەگەڵ عێراق
لە راپۆرتەکانی تایبەت بە جەنگی ئێران و عێراقدا هاتوە؛ عێراق لە سەردەمی دەستبەکاربونی سەددام حسێن وەک سەرۆکی وڵاتەکەی خاوەنی هەزار و 220 تانک و زرێپۆش بوە لە کاتێکدا ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا 760 تانکی هەبوە و ئەوەش وا لە محەمەد رەزا پەهلەوی دەکات دوای 450 تانکی چیفتن لە بەریتانیا بکات.
عێراق توانی ئەو بۆشاییەی ئێران لە بەرەی جەنگی وشکانیدا بقۆزێتەوە و هاوکات ببێتە مایەی شانازیی روسیا چونکە زۆرینەی تانک و زرێپۆشەکانی عێراق لە جۆری (تی 55 و تی 54)ی روسی بون.
بە وتەی بەرپرسانی سەربازیی ئێران بەهۆی ئەوەی زۆربەی تانک و زرێپۆشەکانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق لە جۆری چیفتنی بەریتانی بوە نەیانتوانیوە پێشڕەوییەکی ئەوتۆ لە گۆڕەپانی جەنگدا بکەن.
ئەو تانکانە کێشەی گەورەیان بزوێنەری لاواز بوە چونکە شەش سیلەندەر بوە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەبوە بۆ ئەوەی بزوێنەرەکەی گەرم ببێت و توانای جوڵاند و رۆیشتنی تانکەکەی هەبێت بەڵام تەنها 30 خولەک دوای رۆیشتن دەکوژانەوە و تانکەکە توانای جوڵەی نەدەما.
ئەو بەرپرسە سەربازییانە لە راپۆرتێکی وردا رونیان کردوەتەوە (شێری ئێران) لەگەڵ کەش و هەوای وڵاتەکە گونجاو نەبوە لە کاتێکدا بە تایبەت بۆ ئێران دروست کرابون.
ئاماژە بەوەکراوە دەیان تانکی بریتانی بەهۆی کێشەی بزوێنەر و لاوازیی زنجیرەکەی لە بەرەکانی جەنگدا پەکیان کەوتوە و نەتوانراوە تەنانەت بجوڵێنرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سودیان لێوەرگیرێت بۆیە لە هەر ئۆپراسیۆنێکدا بەشدارییان پێکرابێت لە دژی سوپای عێراق پەکیان کەوتوە و سوپای ئێران لەگەڵ جێهێشتنی تانکەکان ناچار بوە بە پاشەکشێ.
ئێران بە بارمتە پارەکانی لە ئەمریکا بەدەست دەهێنێتەوە
ساڵی 1979 ئێران لە هەنگاوێکی لەناکاو و دور لە یاسا نێودەوڵەتییەکان 66 دیپلۆماتکار و کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی بە بارمتەگرت و دوای چەند مانگ 13 کەسیانی ئازد کرد بەڵام 52 کەسیانی دوای زیاتر لە 444 رۆژی دەستبەسەرکردن ئازادکران.
لە 20 نۆڤەمبەری ساڵی 1979 دوای ئەوەی رێکخراوی رزگاریخوازیی فەلەستین نێوەندگیریی لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد 13 دیپلۆماتکاری ئەمریکا کە زۆربەیان و ژن و رەش پێست بون دوای ماوەیەک ئازاد کران و دواتر ئەوانی دیکەش هەر بە نێوەندگیریی رێکخراوە فەلەستینییەکە ئازاد کران.
ئەوە یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەکارهێنانی بارمتە بە مەبەستی گەیشتن بە پارە بو کە بە 24 ملیار دۆلار دخەمڵێنرا، ئێران لەو سەردەمەدا و لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا دوای 10 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی لە ئەمریکا و 10 ملیار دۆلار داهاتی محەمەدڕەزا پەهلەوی لەو وڵاتە و چوار ملیار دۆلاری داهاتی دیکەی لە واشنتۆن کرد بەڵام داواکارییەکەی هەر زو رەت کرایەوە.
دوای 10 رۆژ، ئێران ئاستی داواکارییەکەی بەرامبەر ئەمریکا بۆ 12 ملیار دۆلار دەگۆرێت و لە پڕۆسەیەکی کاتی دوای 20 رۆژ لە چەند قۆناغدا ئاستی داواکارییەکەی بۆ کەمتر لە هەشت ملیار دۆلار دەگۆڕێت و ئەمریکاش مەرج بۆ ئێران دادەنێت کە لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە سەرەڕای ئازادکردنی بارمتەکان دەبێت قەرزە نێودەوڵەتییە درێژخایەنەکانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکان کە پێنج ملیار دۆلارە بە زوترین کات رادەست بکات.
شارەزایانی ئابوریی پێیان وایە ئەگەرچی ئێران خۆی لە رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئەمریکا بە براوە پیشان دا بەڵام ئەو روداوە و داواکارییەکی ئەمریکا وای کرد واشنتۆن 300 ملیۆن دۆلار قازانج بکات چونکە پێشتر بڕیارنەبو ئێران قەرزە درێژخایەنەکان بە سودە بانکییەکەیەوە رادەست بکات ئەوەش وای کرد سودە بانکییەکە بچێتە گیرفانی ئەمریکا و هەر ئەوەش بوە هۆی ئەوە عەلی ئەکبەری هاشمی رەفسنجانی یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرکردە دیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵەدا ئەمریکا وەک (شەیتانی گەورە) ناوبهێنێت.
رێککەوتی (22/8/2014) لەگەڵ ئەوەی فشارەکانی سەر ئێران بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی و پابەندبون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان زیادی کرد، جیسۆن رەزاییان، بەڕێوبەری نوسینگەی رۆژنامەی( واشنتۆن پۆست) لە تاران دەستگیر کرا.
رەزاییان بە تۆمەتی سیخوڕی و دوژمنایەتیی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران رەوانەی زیندان (ئێوین) کرا و ئەوەش وای کرد وەک کارتێکی فشار لە دژی ئەمریکا بەکاری بهێنرێت و دواجار لە ساڵی (2015) و لەگەڵ واژۆکردنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لە بەرامبەر یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار و ئازادکردنی بەرپرسێکی ئێران لە ئەمریکا رادەستی ئەمریکا کرایەوە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان دوای ئازادکردنی رەزاییان دانیان بەوەدا نا کە ئێران دوای قەرزێکی ساڵی 1970ی کردوەتەوە کە تایبەت بوە بە گرێبەستێکی کڕینی چەک لە ئەمریکا و بڕەکەشی بە پارەی ئەو سەردەمە 400 ملیۆن دۆلار بوە بەڵام بە خەمڵاندنی ئەو بڕەپارەیە لە ماوەی 45 ساڵ بوەتە یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆیە تاران پێداگریی کردوە کە ئەو قەرزەی بە قازانجە یاساییەکی ئەو ماوەیەوە دەوێتەوە.
ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڕی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بە پارەی کاش و بە فرۆکەیەکی تایبەت رەوانەی تاران کرد و ئەوەش وای کرد زیاترین رەخنە لە ئۆباما بیگرێت بەوەی کە ئامادەبوە باج بە ئێران بدات لە کاتێکدا ئەمریکا باچی بە هیچ وڵاتێکی زلهێزیش نەداوە.