قوربانیانی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا

چیرۆكی ئەو هاونیشتیمانیانەی كە لەسەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانیان لەدەست دا

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

«براكەم وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و لە پزیشكی داد تەرمەكەی  تەسلیمان كراوەتەوە»، برای یەكێك لەو خانەنشینانەی لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیانی لەدەستدا وای وت.
سێ هاونیشتیمانی لەكاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشیاندا گیانیان لەدەستدا، دووانیان لە سلێمانی بەهۆی پاڵەپەستۆو ئەوی دیكە لە قەزای سۆران جەڵدە لێیدا خانەوادەكانیان باسی رووداوەكە بۆ هاوڵاتى دەكەن.
حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی شوباتی بۆ ماوەی 45 رۆژ دواخست كە دەبوو لە 25 شوباتدا دابەشی بكات، بەڵام رۆژی 11ی ئازار مووچەی وەزارەتی تەندروستی وەك یەكەم وەزارەت راگەیاندو بەدوایدا وەزارەت و دەستەكانی دیكە، لەكۆتا رۆژی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتدا كە رۆژی 20ی ئازار بوو خانەنشینان مانەوە لەبەردەم بانكەكاندا بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان.
خانەنشینان ئەو توێژەن كە دەیان ساڵ خزمەتیان كردووە لە وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەت و بەشێكیان وەك خانەنشینی مەدەنی و ئەوانی دیكە وەك خانەنشینی سەربازی مووچە وەردەگرن كە زۆرینەیان تەمەنیان لەسەرو 65 ساڵییەوەیە كە لەكۆی ملیۆنێك و 207 هەزارو 273 مووچەخۆر 240 هەزار كەسیان لە خانەنشینان پێكهاتوون.
لەسلێمانی لەبەردەم بانكی تانجەرۆ خانەنشینان شەوەكەی چوونە بەردەم بانك و بەشێكیان تا بەرەبەیان مانەوەو وێنەو ڤیدیۆكانیان لە تۆرە كۆمەڵایەتیان بڵاوكرایەوە و كاردانەوەی ناوخۆی لێكەوتەوەو حكومەت بەبەرپرسیاری یەكەم تۆمەتبار دەكرێت كە دۆخەكەی بەو ئاقارە گەیاندووە.
سیروان ئیسماعیل، برای (ئازاد ئیسماعیل) ی تەمەن 74 ساڵ، یەكێك لەو خانەنشینانەی كە لە شاری سلێمانی لە كاتی وەرگرتنی مووچەكەی گیانی لەدەستدا، لە لێدوانێكدا بە بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە براكەی وەك ئەو خەڵكە بەیانی زوو بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چووە دەرەوە و تا نزیكەی پێش مووچە وەرگرتنیش منداڵەكانی قسەیان لەگەڵ كردووە، بەڵام لەناكاو هەواڵ هات كە رووداوێكی نەخوازراو روویداوە و كاتێك زانییان لە نەخۆشخانە بوو و لە پزیشكی داد تەرمەكەی  تەسلیمیان كراوەتەوە.
هەروەها وتیشی:» براكەم هیچ بارودۆخێكی نائاسایی نەبووە و پێشترهەر خۆی دەچوو مووچەكەی وەردەگرت، بەڵام رەنگە شێوازی دابەشكردنی مووچەكە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی كەسەكان تووشی ئەو بارودۆخە ببن و پێویستە چارەسەربكرێت و ئەو كەسەی كە دەچێت مووچەكەی وەربگرێت تووشی چەرمەسەری و هیلاكی نەبێت».
سیروان ئیسماعیل ئەوەشی روونكردەوە كە سكاڵایان لەسەر كەس نییە چونكە رووداوەكە رووداوێكی شەخسی نیە و كێشەیان لەگەڵ كەسدا نییە، ئەو بابەتەیان داوەتە دەست خودا.
هاوكات، مەلا مشیر، ئامۆزای (ئەحمەد عەزیز)ی تەمەن 72 ساڵ، ئەو خانەنشینەی كەلە شارۆچكەی سۆران لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا گیانی لەدەستدا، بەهاوڵاتى وت:»  كاك ئەحمەد پێشتر هیچ نەخۆشیەكی نەبووە، بەڵام لەنێو قەرەباڵغییەكەدا و بەو تەمەنەوە پاڵەپەستۆ هەبووە و تووشی ئەو بارودۆخە بووە و 10 خولەك پاش گەیاندنی بە  نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە».
«تائێستا باس لەوە نەكراوە كە سكاڵا تۆماربكەین یان نا و داواشمان لە حكومەتی هەرێم كرد كە بارودۆخی خانەنشینان باشتربكات و ژمارەی كارتیان بۆ بكرێتەوە و مانگانە مووچەكەیان بچێتە سەر كارتی حساباتیان و ئیدی ئەو پاڵەپەستۆ و سەرەگرتن و ئەو هات ونەهاتەش نامێنێت»، مەلا موشیر ئامۆزای  ئەحمەد عەزیز وای وت.
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان  لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە راستی ئەو بابەتە و ئاشكراكردنی كەمتەرخەمییەكان بۆ بەدواداچوونی یاسایی و داوایان لە وەزیری دارایی كرد كە میكانیزمی گونجاو بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان.
بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیجلە و فورات دەڵێت: داوامان كرد مووچەی خانەنشینان بكرێت بەسیستەم، بەڵام حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە.
ئەمیر مەحمود، بەڕێوبەری پێشووی بانكی دیحلە و فورات لە سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى باسی لەوەكرد كە لەگەڵ  چەند بانكێكدا پڕۆژەیەكیان پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە كە ئەوات شێخ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی بووە، بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی بكرێت بە سیستەم و بۆ ئەوە مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوبەری ئێستای بەشی یاسایی لە وەزارەتی دارایی دانیشتنیان ئەنجامداوە و پڕۆژەكەیان پێشكەشكرد.
ئەمیر مەحمود وتیشی:» ئێمە سیستەممان هەیە و دەتوانین مووچەی خانەنشینیتان بۆ بكەین بە سیستەم و مانگانە بڕی پارەكە چەند بێت ئێمە بە ئامێری ئای تی ئێم مووچە دابەشدەكەین، كە مووچەخۆر هەوێكەی دەدرێت لە ئامێرەكە و لە هەوێكەی كارتی ئەلیكترۆنی بۆ دروستدەكرێت».                                                                                                 بەرێوەبەری پێشووی بانكی دیجلەو فورات ئەوەشی خستەروو كە سەرەتا رازیبوون و دواتر پاشگەزبوونەوە و وتویانە خۆیان ئەو كارە جێبەجێدەكەن.
«جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كارێكی ئاسانە و لەو سیستەمەدا دەتوانیت مووچە بدرێت بە خانەنشین، هەروەها قەرزی پێبدرێت، بەڵام لە بانكی حكومیدا ناكرێت و لە بانكی ئەهلیدا دەكرێت، چونكە پێویستی بە سیستەمی ئەلیكترۆنییە و لە بانكە حكومییەكاندا سیستەمی ئەلیكترۆنی نییە»، ئەمیر مەحمود وا دەڵێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە
هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:: ئێمە وەك  لیژنە هیچ بەدواداچوونێكمان بۆ گیانلەدەستدانی ئەو خانەنشینانە نەكردووە چونكە لە پشووی پەرلەماندا بووین و داواكاری گشتی كەیسەكەیان جوڵاندووە، بەڵام بابەتەكە دەرخەری ئەوەیە كە شێوازی دابەشكردنی مووچە بە تایبەت بۆ خانەنشینان كە بەو تەمەنە دێن سەرە دەگرن بۆ وەرگرتنی مووچە و شەو دەمێننەوە بەڕاستی مەعقول نییە بەو شێوەیە بێت و پێویستە وەزارەت پێداچوونەوە لە ئیدارەكردنی وەزارەتی داراییدا بكات».
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێشیوابوو كە «وەزارەتی دارایی شكستی هێناوە»، وتیشی:»                                            وەزارەتی دارایی بەرپرسە لە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و لە كۆی ملیۆنێك و ٢٠٧هەزار و ٢٧٣ مووچەخۆری هەرێمی كوردستان ٢٤٠هەزار كەس خانەنشینن و ئەو رووداوەش كە رووی دا هیچ مەعقول نییە».
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لە پشكی گۆڕان بەهۆی پرسی داهاتەكانی ناوخۆوە نیگەرانە لە حكومەتی هەرێم و بەو هۆیەوە دەوام ناكات و چووەتەوە بۆ ماڵەوە.
هێڤیدار وتی:» پێویستە وەزیر بێتەوە دەوام و جارێكی دیكە بابەتی هاوشێوە رووبدات وەزیر بەرپرسیارە  و   دوای تەواوبوونی ئەم پشووە وەزیر دەوام بكات و ئەگەر دەوام نەكات وەكو پەرلەمان و وەك لیژنەی دارایی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە بابەتە دەكەین، چونكە ئەركی وەزیر خزمەتكردنی خەڵكە».
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: دەبوایە پاش گیانلەدەستدانی ئەو سێ هاونیشتیمانییە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكاربكێشایەتەوە
شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئەوەی دووپاتكردەوە كە كە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە و دەست تێوەردانیان لە داهاتی ناوخۆدا دابەشكردنی مووچەی بەو شێوەیە لێكردووە و بە سستی دابەشكردنی مووچە  ئەنجومەنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران (سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی) بەرپرسیارن لێی.                                                                                                                 شێركۆ جەودەت باسی لەوەشكرد كە وەك لیژنەی دارایی هەموو رێكارێكیان گرتووەتە بەر، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە رێگرییان لێدەكرێت، چونكە ناشەفافن وهیچ چاكسازییەك جێبەجێنەكراوە وپڕۆژەی چاكسازیش پەكخراوە.
«گیان لەدەستدانی سێ كەس لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیدا كارەساتە   دەبوایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستیان لەكار بكێشایەتەو»، شێركۆ جەودەت وا دەڵێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار