داوایەك ئاراستەی پەكەكەو حكومەتی هەرێم دەكرێت لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا 

بەرپرسان و هاووڵاتیان داوا دەكەن پەكەكە شەڕ بگوازێتەوە بۆ باكوور و ئەوكات بیانووی سوپای توركیا نامێنێت

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز 

پێكدادانەكانی سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كورستان(پەكەكە) لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا بەردەوامە لەبەشێك لە ناوچەكانی بادینان، بەرپرسان و هاووڵاتیانی دهۆك داوایەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم و پەكەكە دەكەن و داوا دەكەن ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا رابگیرێت.
سوپای توركیا دەیان كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووەو سەدان بنكەی سەربازی لە قەزاو ناحییەكانی پارێزگای دهۆك و گوندەكان دروستكردووەو بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەكەی بەرانبەر پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە).
لەكۆنگرەی میونشن خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا ڕاگەیاند لەسەر پرسی روبەرووبونەوەی پەكەكە لەگەڵ بەرپرسانی عیراق و هەرێمی كوردستان كوبووینەتەوە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكان دژی تیرۆرە، هەموو كات بەرپرسانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بوونی پەكەكەیان بە مەترسی زانیووە و لەبەرانبەردا پەكەكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بوونی ئەوان لەسەر خاكی هەرێم بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردە.
بەرپرسان و هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك داوایەك لە پەكەكەو حكومەتی هەرێم دەكەن
بەرپرسان و هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك و گوندەكان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن سنورێك بۆ لەشكركێشییەكانی توركیا دابنێن و پەكەكەش شەڕ بباتەوە بۆ كوردستانی باكور، چونكە بەو هۆیەوە تووشی زیان بونەتەوە.
عیسا عەلی، مامۆستای ئامادەیی لە ناحیەی شیلادزێ‌ سەر بە قەزای ئامێدی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « پرسی ئارامبوونەوەی ناوچەكانمان تەنها بە دووشت چارەسەر دەبێت ، یەكەم پێویستە پەكەكە یەكجاری لەخاكی هەرێم بكشێتەوە تا هیچ بیانوویەك بۆ توركیا نەمێنێت و زیاتر ناوچەكانمان بوردوومان نەكات ، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان  پێكەوە كارلەسەر ئەوە بكەن هێزەكانی توركیا لە خاكی هەرێم دەربكەن».
«ئێمە نامانەوێت هیچ هێزێكی بیانی لەسەر خاكی ئێمە بمێننەوە  ئەگەر ئەوان لێمان بگەرێن بەدڵنیایەوە هیچ كێشەیەكمان نابێت و هەموو ئەو خەڵكانەی گوندەكانی خۆیان جێهێشتووە جارێكی تر دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان و دەست بە چاندن و كۆمەڵێك شت دەكەن ، سوودی بۆ هەموو لایەك دەبێت»، عیسا عەلی وای وت.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»بۆچونمان ئەوەیە پەكەكە بە دیالۆك كێشەكانی لەگەڵ توركیا چارەسەر بكات».
رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « تەنها لە سنوری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 275 گوند بەوهۆی شەری توركیاو پەكەكە چوڵكراون ، جگەلەمەش ساڵانە هاووڵاتیان سەدان ملیون دینار زەرەرمەند دەبن «
رزگار سدقی ووتیشی « تاوەكۆ ئێستا 34 هاووڵاتی سڤیل بەهۆی بوردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا شەهیدكراون ، سەدان  گەنج بێكار ماونەتەوە، چونكە ناتوانن سەردانی گوندەكانی خۆیان بكەن تا  ئیش لەناو باخەكانی خۆیان بكەن».
نەواف میكائیل، مامۆستایە لە شاری دهۆك لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە لەسنوری پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى پێیوابوو ئەگەر پەكەكە نەبووایە بێگومان ئەو شەڕو ئاڵوزییەی نەدەبوو وتیشی:»شوێنی پەكەكە هەرێمی كوردستان نیە با شەڕی خۆیان بگوزانەوە بۆ ناو خاكی توركیا «
نەواف میكائیل باسی لەوەشكرد لەترسی بۆردومانەكانی توركیا ناتوانن بچنە باخەكانی خۆیان كە لە گوندێكی سەر بە قەزای ئامێدین، چونكە چەندینجار دەوروبەری گوندەكە بە سەختی بوردومان كراوە»تەنها هاووڵاتیان زەرەرمەندی ئەو شەرەن كە لەم ناوچەیەدا دەكرێت».
سدقی نەوزاد یەكێكی دیكەیە لە دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی باسی لەوەكرد كە زیاتر لە 20 ساڵە لەژێر ئاڵوزی و شەڕی پەكەكە و توركیادا دەژین و رۆژانە ناوچەكانیان بۆردووماندەكرێن و كەس وكارەكانیان لەسەر خاكی خۆیان دەكوژرێن، وتیشی:»سەدان جار ووتوومانە دەبێت پەكەكە شەڕی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناو خاكی توركیا، بەڵام هیچ سوودی نەبووە ، سەڕەرای هەموو ئەمانە حكومەتی عیراق زۆرجار باس لە سەروەری خاكی خۆی دەكات ئەی بۆچی بێ‌ دەنگە  لەبەرانبەر هاتنی سوپای توركیاو بۆردومانەكانی».
موختاری گوندی هرور دەڵێت بۆردومانەكانی توركیا بەرداوەمە لەسەر ناوچەكانیان و زیانی دارایی بەر هاووڵاتیانی گوندەكەیان كەوتووە.
ئازاد  ئەدیب موسا، موختاری گوندی هرورە لە سنوری ناحیەی كانێ‌ ماسێ‌ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت « لە رێكەوتی 4 و 5 و 6 ئازار فرۆكەی توركیا بۆ چەند جارێك سەنتەری گۆندی هرور و دەوروبەری بۆردوومان كرد ، بۆ یەكەمجار فرۆكەی توركیا 13 تۆپی ئاراستەی ناو گوندی هرور كرد ،زیانی گیانی نەبووە بەڵام  زیانی دارایی بە 10 ماڵ گەیشتووە، پەنجەرە و شتەكانی ناو ماڵ شكێندراون، زیانەكان لە 300 هەزار دینارەوە تا دەگاتە 3 ملیون دینار  دەبێت».
لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند مانگی رابردوو سەردانی ناحییەی كانی ماسێ یان كرد و رایانگەیاند كە راپۆرتێك ئامادە دەكەن لەبارەی زیانەكانی بۆردومانەكانی توركیا، بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامی نەبووە.
ئازاد  ئەدیب موسا باسی لەوەكرد كە ئەو لیژنەی كە پێش چەند مانگێگ سەردانی سنوری ناحیەی كانی ماسێ و قەزای ئامێدیان كردووە  هیچ دەرئەنجامێكی نەبووەو یەك كەس تا ئێستا قەرەبوو نەكراوەتەوە ، بەپێچەوانەوە خەڵك زیاتر زیانی بەركەوتووە جگە لەمەش ترس ودڵەڕاكێیەكی زۆر لەناو خەڵكی گوند دروستبووە.
قایمقامی ئاكرێ: راگرتنی بۆردومانەكانی توركیا پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە
مازن محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای ئاكرێ‌ ئەوەی دووپاتكردەوە كە  تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەك كە بەهۆی بۆردومانی توركیاوە كە زیانی پێگەیشتووە قەرەبوو نەكراوەتەوەو هەموو داتا و زانیارییەكانیان داوەتە ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق.
مازن محەمەد سەعید ووتیشی :» بابەتی قەرەبۆكردنەوەی هاووڵاتیان و راگرتنی بوردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانمان زیاتر پەیوەندی بە حكومەتی عیراقەوە هەیە، ئەوان دەبێت ئەم كێشەیە بە گڤتۆگۆ لەگەڵ توركیا چارەسەر بكەن، تا ئێستاش بوردوومانكردن بەردەوامە».
پەكەكە: داگیركارییەكانی توركیا مەترسی گەورەیە لەسەر كورد 
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە لەپەیامێكیدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە رایگەیاند:» پێویستە گەلی كورد بە ڕۆحی نەورۆز لەدژی ستەم و داگیركاریی دەوڵەتی تورك بوەستێتەوە، ئەگەر نا مەترسییەكی گەورە لەسەر گەلی كورد هەیە»، دەشڵێت:» پەكەكە پشكی هەیە لە دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەشیپارێزێت». 
هاوسەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان – كەجەكە راشیگەیاند كە:»ڕێبەر ئاپۆ، پەكەكە و تێكۆشانی ئازادیی لەم ڕۆژەدا و بەڕۆحی نەورۆز دروستكردووە، هیچ هێزێك ناتوانێت پێش بەو ڕۆحە بگرێت، چونكە ئەو ڕۆحە ڕۆحی یەكێتی، بەرخۆدان، ئازادیی، بردنەوە و ژیانەوەیە، واتای چارەسەرییە، تێگەشتنە لە كێشەكان و چارەسەركردنیانە، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕۆحی نەورۆز ڕۆحی سەرۆكایەتی پارتێكی پێشخست و گەیاندییە ئەمڕۆ كە دەستكەوتی گەورەی بۆ گەلی كورد هەبووە، ئەگەر لە باشووری كوردستان ستاتۆیەك دروستبووە بەشێكی بە ڕۆڵی پەكەكە بووە و پەكەكەش بەشێكە لە پاراستنی ئەو ستاتۆیە.
 ‌هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە دەوڵەتی تورك ئەمڕۆ لەسەر گەلی كورد سیاسەتی قڕكردن بەڕێوەدەبات و سیاسەتی داگیركاریی پێشدەخات و دیمۆگرافیای كوردستان دەگۆڕێت و كۆمەڵكوژیی ئەنجامدەدات، دەشڵێت:» دەیانەوێت پەكەكە و كوردی ئازاد لەناوببەن، پێویستە گەلی ئێمە ئەم ڕاستییە ببینن و لە دژی ئەم خیانەتە بوەستنەوە، ئەوكاتە دەتوانێت خۆی بپارێزێت و تێكۆسانی ئازادیی پێشبخات».
ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شەنگال: توركیا هەموو ناوچەكان بۆردوومان دەكات
لەبەرانبەردا جێگری هاوسەرۆكی دەستەی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال دەڵێت پەكەكە لەسەر سنورەكانی نێوان خاكی هەرێم و توركیا خەبات دەكات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد.
ئازاد حسێن، جێگری هاوسەرۆكی دەستەی ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت «بۆ ئێمە باشوری كوردستان و باكور وەكو یەك وایە هیچ جیاوازی نیە ، دوژمن خاكی كوردی دابەشكردوە بۆ چوار پارچە بەڵام لە بنەڕەتدا یەك پارچەیە «
ئازاد حسێن ووتیشی « خەباتی پەكەكە لەو ناوچانە تەنیا دژی دوژمنە كە ئەویش توركیایە، لە هەمانكاتدا توركیا جیاوازی لەنێوان خاكی باشور و ناوچەكانی تر ناكات، فرۆكەی ئەوان شەنگال وسنورەكانی هەولێر و دهۆك بۆردوومان دەكات، ئێمە پەكەكە بە دۆستی خۆمان دەزانین و خەباتی ئەوان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی كورد بەرز دەنرخێنین«.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار