پوتن ناوەستێت؛ دوای كوژرانی 10 هەزار سەربازی سوپاكەی بەرانبەر ئۆكرانیا

سەرەرای هۆشدارییەكانی ئۆكرانیا بۆ ئاگربەست‌و دانوساندن‌و فشارە نێودەوڵەتییەكان، پوتن بەردەوامە لەجەنگەکەی

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

پاش تێپەڕبوونی 29 رۆژ بەسەر جەنگی رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیا و كوژرانی 10 هەزار سەربازی سوپای پوتن هێشتا بەردەوامە و هۆشدارییەكانی ئەوروپاو ئەمریكا رایناگرێت.
رۆژی 24ی شوباتی 2022، پوتن جەنگی بەرانبەر ئۆكرانیا راگەیاند كە داگیركارییەكەی بە «ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەت» ناوبرد و هێزەكانی ئۆكرانیا ڕووبەڕووی هێزەكانی ڕوسیا بوونەتەوەو ڕۆژئاواش سزای ئابووری توندی بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.
رۆژنامەی كۆمسۆمۆلسكایا پراڤدای میللی سەر بە كرملین لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە كە 9 هەزار و 861 سەربازی رووسیا لەماوەی 24ی شوبات تا 22ی ئازار كوژراون.
هەروەها رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەمریكی ئاماژەی بە كوژرانی حەوت هەزار سەربازی روسیا كردووە كە كوژراون و سێ جەنەراڵی گەورەشیان تێدایەو 12 هەزار سەربازی دیكەشیان برینداربوون.
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی واشنتن پۆست كوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سوپای روسیا بۆ ئەوە دەگەرێننەوە كە ئۆكرانیا خاكێكی فراوانی هەیەو سەربازە رووسەكان ئاشنای ناوچەكان نین و پوتنیش پێیوابووە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا سەرجەم خاكی ئۆكرانیا كۆنترۆڵ دەكەن و تەنانەت خەمڵاندیان وابووە كە خاركیڤی پایتەخت لەماوەی 72 كاتژمێردا كۆنترۆڵ دەكەن.
سەرەرای ئەوەی كە ئێستا جەنگ بەردەوامە و سوپای رووسیا لە هەوڵی بەردەوامدایە دەوری خاركیڤی پایتەخت بگرێت و لە چەندین شوێنیش بازگەی داناوەو بەندەری مارپۆڵی كۆنترۆڵ كردووە، بەڵام هێشتا سەرۆكی ئۆكرانیاو هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی بەرگری لە خاكی ئۆكرانیا دەكەن و لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاوە بە چەك و تانك و موشەكی دژە فرۆكە هاوكاری ئۆكرانیا دەكەن.
سەرۆكی ئۆكرانیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ ئاگربەست لەگەڵ ڕوسیا، لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەهەوڵنەدان بۆ ئەندامبوون لەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) 
رۆژی 22ی ئازاری 2022،  ‌ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی بەهەوڵنەدان بۆ ئەندامبوون لەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) بكات ئەگەربێت‌و لەبەرامبەردا ڕوسیا ئاگربەست ڕابگەیەنێت‌و هێزەكانی لەناو خاكی ئۆكرانیا بكێشێتەوەو گەرەنتی ئاسایشی ئۆكرانیا بدات.
هەروەها راشیگەیاند كە ئەوە چارەسەرێكی مامناوەندە بۆ هەموولایەك، بۆ ڕۆژئاوا كە نازانێت لەبابەتی بوون بەئەندامی ناتۆ چۆن مامەڵەمان لەگەڵدا بكات، بۆ ئۆكرانیاش كە دەیەوێت گەرەنتی ئەمنیی دەستبكەوێت، هەروەك بۆ ڕوسیاش كە نایەوێت چیتر ناتۆ فراوان ببێت.
سەرۆكی ئۆكرانیا داواشیكردووە، دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا ئەنجامبدات و راشیگەیاند كە ئامادەیە لەگەڵ پوتن لە ئۆشەلیم یەك ببینن و گفتوگۆ بكەن.
هەریەكە لە توركیاو ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی دیكە ئامادەییان پیشانداوە بۆ كۆبونەوەی لوتكەی نێوان ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و ئاگربەست رابگەیەنن، بەڵام هێشتا پوتن ئامادە نییە وەڵام بداتەوە.
بەمەبەستی هاوكاریكردنی هێزەكانی سوپای ئۆكرانیا، ویلایەیە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ژمارەیەك چەك و سیستەمی بەرگری ئاسمانی رەوانەی ئۆكرانیا دەكات كە دروستكراوی سۆڤیەتن.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) سیستەمی بەرگری سۆڤیەتی لە جۆری »SA-8» رەوانەی ئۆكرانیا دەكات كە تەمەنی دەیان ساڵە.
هەروەها ئەوەشی خستۆتەروو كە ئەمریكا ئەم جۆرە سیستەمەی بەشێوەیەكی نهێنی دەستكەوتووە، هەتا دەزگای هەواڵگری پشكنین بۆئەو تەكنەلۆجیایە بكات كە روسیا لەجەنگدا بەكاریدەهێنێت.
خۆبەخشەكان ئاگری جەنگ خۆش دەكەن
هەریەكە لە رووسیاو ئۆكرانیا دەرگایان كردووەتەوە بۆ ئەو كەسانەی وەك خۆبەخش دەچنە ریزی سوپاكانیانەوە. ‌دمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، تا ئێستا بیست ھەزار خۆبەخشی بیانی ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا ڕوو لە ئۆكرانیا بكەن وھاتنی خۆبەخشە بیانییەكانیش دەستیپێكردووە.
وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا راشیگەیاند كە ئەو بیست ھەزار خۆبەخشەی كە ئامادەن بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن زۆرینەیان لە وڵاتانی ئەوروپین.
پێشتر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لەو كەسانە كردبوو كە دەیانەوێت بە خۆبەخش ڕوو لە ئۆكرانیا بكەن و بەرەنگاری ڕووسیا ببنەوە، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەكانی وڵاتەكەیانەوە بكەن.
لەبەرانبەردا سوپای رووسیا لەرێگەی چەكدارانی چیچانەوە هاوكاری دەكرێت و بڕیارە بەم نزیكانە زیاتر لە هەشت هەزار میلیشیای سوری بگاتە مۆسكۆ بۆ ئەوەی بەشداری شەر دژی ئۆكرانیا بكەن، بەڵام هێشتا گەیشتنی میلیشیاكانی سوریا كە وەك»خۆبەخشی جەنگ» ناویان دەبرێت پرۆسەی گواستنەوەیان دەستی پێ نەكردووە.
رووسیا تەكتیكی جەنگ بەرانبەر ئۆكرانیا دەگۆرێت 
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، بەم نزیكانە بە چەكی دورھاوێژ ھێرشی ورد دەكەنە سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئۆكرانیا، بۆیە پێویستە بە زووترین كات كرێكار و كارمەندەكان ئەو دامەزراوانە چۆڵ بكەن.
ئیگۆر كوناشینكۆف راشیگەیاند كە بەكارھێنانی فڕۆكەخانەی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن ھێزی ئاسمانی ئۆكرانیاوە، واتە ئەو وڵاتانەش بە كردار بەشداری شەڕی ئۆكرانیا دەكەن.
لەبەرانبەردا خۆراگری سوپای ئۆكرانیا جیهانی تووشی سەرسورمان كردووە لەبەرانبەر سوپا و هێزە زەبەلاحەكەی رووسیادا بەشێوەیەك زیلینسكی وەك پاڵەوانی ئەوروپا ناودەهێندرێت.
دیلەكانی جەنگ ئاڵوگۆر دەكرێت
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری تاتیانا مۆسكالكۆڤا، كۆمسیاری مافەكانی مرۆفی روسیاوە بڵاویكردوەتەوە، روسیا لیستێكی بە وردەكارییەوە رەوانەی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی كردوە و زانیاری لەبارەی 500 دیلی ئۆكرانیا لای وڵاتەكەی خستوەتەروو.
هەروەها ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە رووسیا ئامادەیی تێدایە ئەو دیلانە بەو سەربازە روسانە بگۆڕێتەوە، كەلەلایەن هێزەكانی سوپای ئۆكرانیاوە زیندانیكراون لەماوەی 29 رۆژی رابردووی شەڕی نێوان هەردوولایاندا.
وەزارەتی بەرگری ئۆكرانیاش ئەوەی ئاشكرا كردووە كە 562 دیلی سوپای رووسیایان دەستگیر كردووە.
ئیرینا فیریشۆك، جێگری سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا رایگەیاند كە 562  دیلی روسیایان لەلایە، جگە لە تەرمی ژمارەیەكی دیكە لە سەربازانی روسیا.
جەنگی ساردی رووسیاو ئەمریكا پەرە دەسێنێت
دوای دەستپێكردنی هێرش و پەلامارەكانی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا سەدان جۆر سزای ئابووریان خستۆتە سەر مۆسكۆ لەپێناو لێدان لە ئابووری وڵاتەكەو چەندین ملیاردێری وڵاتەكە بە دەیان ملیار دۆلار زەرەریان كردووە سەرەرای دابەزینی بەهای رۆبڵی رووسی بەرانبەر دراوە بیانییەكانی دیكە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا جۆو بایدن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند كە» پوتن تاوانباری جەنگە كە هەزاران سەربازی بۆ ئۆكرانیا ناردووە»، ئەمەش كاردانەوەی توندی رووسیای لێكەوتەوە
‌ڕوسیا نیگەرانیەكانی خۆی بەرامبەر ئەمریكا ئاشكراكردو ڕایگەیاند، «بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمریكای لەوڵاتەكەی كردووە تا پێی بڵێت لێدوانەكەی سەرۆكی ئەمریكا جۆو بایدن سەبارەت بەوەی «پوتن  تاوانباری جەنگە» پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەكەی خستۆتە سەر لێواری ڕووخانەوە».
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە «ئەو جۆرە قسانە لەسەرۆكی ئەمریكاوە قسەیەك نین دەوڵەتمەدارێك بەو پلە بەرزەوە بیكات، پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیاو ئەمەریكاشی خستۆتە سەر لێواری ڕووخانەوە».
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەداوە، بەجۆن سۆلیڤانی باڵیۆزی ئەمریكایان وتووە، «كردەوە دوژمنكارییەكان دژی ڕوسیا ڕووبەڕووی وەڵامێكی توندو یەكلاكەرەوە دەبنەوە».
وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا بەردەوامن لە ناردنی چەك و تەقەمەنی و مووشەكی دژە فرۆكە بۆ ئۆكرانیا و رووسیاش ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە هاوكاری سەربازی ئۆكرانیا بەمانای بەشداری جەنگی ئەو وڵاتانە دێت بەرانبەر رووسیا.
هەروەها ناتۆ رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بریاریدا سێ كەشتی پڕ لە چەك و مووشەك لەرێگەی وڵاتی پۆڵنداوە رەوانەی ئۆكرانیا بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار