پارتی لەگەڵ حزب و لایەنەكانی تر راستگۆ نیە
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
سەركردایەتییەكی یەكێتی دەڵێت:»پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی تایبەت بەخۆی پەیڕەو دەكات لەكابینەی حكومەتداو لەگەڵ حزب و لایەنەكانی تر راستگۆ نیە»، دەشڵێت:» پارتی هەوڵ بۆ دەستگرتن بەسەر تێكڕای پۆستە سیادیەكانی هەرێم و عێراق دەدات، بێگومان ئەمەش لەلای ئێمەوە قەبوڵكراو نیە «.
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، ئاماژە بەوەش دەكات كە «تا ئێستاش زۆرێك لە بەرپرسان بەراوردی نابەجێی هەرێم دەكەن لەگەڵ وڵاتانی تردا و لەو بڕوایەدان كە هەرێمەكەمان لەوپەڕی باشیدایە و كەموكورتیەكان زۆر كەمن و وڵاتانی ترو ناوەندی عێراق ئیرەیی بە پێشكەوتنەكانی هەرێم دەبەن، لەڕاستیدا نازانم ئەم بەرپرسانە لەسەر چ هەسارەیەك دەژین».
هاوڵاتى: دۆخی ئێستای هەرێم چۆن دەبینن وەك سەركردایەتیەكی یەكێتی؟
بڵێسە جەبار فەرمان: دۆخی هەرێم تا دێت زیاتر بەرەو ناهەمواری و ناسەقامگیری دەڕوات.
ئەو ساڵانەی كە مەترسی داعش بوونی هەبوو، هەموو وڵاتانی جیهان روویان لەكوردستان بوو و پاڵپشتێكی گەورەی هەرێم بوون لە شەڕی دژ بە داعش. ئێمە ناومان نابوو شەڕی بەرەنگاری لەمرۆڤایەتی. بەداخەوە نەمانتوانی ئەو شەڕە بەشێوەیەكی جوان ئیستسمار بكەین و لە میدیا جیهانیەكاندا زیاتر وەكو بەكرێگیراوێك دەركەوتین لەبری ئەوەی وەك داكۆكیكەرێك و پارێزەری مرۆڤایەتی دەركەوین.
وەكو وتم ئەمەی كە من دەیڵێم لە دیدی میدیا جیهانیەكانەوەیە، هیوادارم بە هەڵە تێگەیشتن روونەدات.
لە دوای تەواوبوونی جەنگی داعش كۆمەڵێك هەڵەی ستراتیجی تر كرا كەپێگەی هەرێمی كوردستانی لەعێراق و لای هاوپەیمانان زیاترو زیاتر بەرەو لاوازی برد. ئێمە لەبەردەم وڵاتانی دراوسێدا زۆر لاوازین ئەمە لەكاتێكدایە كە بەشێكی زۆری ئابووری ئەوان و ساغكردنەوەی شتومەكەكانیان وابەستەیە بەهەرێمی كوردستانەوە. بەڵام دیسانەوە نەمانتوانیوە ئەوە وەكو كارتێكی فشار بەكاربهێنین. ئێستاش ئەوەتا وەكو دەبینین پەیوەندیەكانمان لەگەڵ وڵاتێكی زلهێزی ناوچەكە كە ئێرانە لەوپەڕی خراپیدایە كە ئەمە دەرئەنجامی نەرێنی دەبێت و هەرێم بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات.
هەروەها لە رووی ئابورییەوە ئەو بڕیارەی دادگای فیدرال سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی هەرێم، دووبارە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری هەرێم.
هاوڵاتى: یەكێتی هاوشێوەی پارتی شەریكە لە حكومەتدا، پێتان وایە پارتی بڕیار بەدەستەو یەكێتی و گۆڕان بڕیار بەدەست نین؟
بڵێسە جەبار فەرمان: ئەم حكومەتە كە دروست بوو لەسەر بنەمای بنكەفراوانی دروستبوو. یەكێتی و گۆڕان بە بەرنامەو پاكێژی تایبەت بەخۆیان بەشداربوون لە دروستبوونی حكومەت.
بەرنامەی هەموو حزبەكان كۆكرایەوەو داڕێژرایەوە و كرا بەبنەمای كارو بەرنامی حكومەت. بەڵام ئەو بەرنامەیە جێبەجێ نەكرا. لە سەرەتاوە وترا دەبێت چاوەڕێ بكرێت تا كێشەكان چارەسەر دەكرێن و بەو بەرنامانە دەسپێدەكرێت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لەسێ ساڵ و كارپێنەكردنی ئەو بەرنامانە ئەوە دەخاتەڕوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەی تایبەت بەخۆی پەیڕەو دەكات و لەگەڵ حزب و لایەنەكانی تر راستگۆ نیە و سیاسەتی مباگلە پەیڕەو دەكات.
هاوڵاتى: خەڵك بەگشتی نیگەران و توڕەیە لەم دۆخەی ئێستا، پێتوایە دەبێت یەكێتی چی بكات؟
بڵێسە جەبار فەرمان: ماوەیەكی زۆرە دەوترێت میللەت توڕەیە و میللەت لەتەقینەوەدایە. چەندەها جار گردبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان ئەنجام درا كە زۆرجار توندوتیژی لێكەوتەوە، بەداخەوە حكومەت و حزبەكان كەمتەرخەمن لەگوێگرتن لە ناڕەزاییەكان.
تا ئێستاش زۆرێك لە بەرپرسان بەراوردی نابەجێی هەرێم ئەكەن لەگەڵ وڵاتانی ترداو لەو بڕوایەدان كە هەرێمەكەمان لەوپەڕی باشیدایە و كەموكورتیەكان زۆر كەمن و وڵاتانی ترو ناوەندی عێراق ئیرەیی بەپێشكەوتنەكانی هەرێم دەبەن، لەڕاستیدا نازانم ئەم بەرپرسانە لەسەر چ هەسارەیەك دەژین؟
حاشاهەڵنەگرە كە بارودۆخی هاووڵاتیان لەوپەڕی دژواری دایەو دەبێت ئەمە چیتر نادیدە نەگیرێت.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەزۆرێك لە سیاسەت و ستراتیجیەتی خۆیدا چۆتەوە و لەهەوڵی باشتركردنی پەیوەندیەكانێتی لەگەڵ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگادا، وەك بینرا لەخوێنكارانەوە دەستپێكراو بێگومان لەسەر ئەو سیاسەت و نەهجە بەردەوام دەبێ.
هاوڵاتى: پێتانوایە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی یەكێتی لەڕووی جەماوەرییەوە لاواز كردووە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: حزب دەبێت لە رووی بەرنامە و ستراتیجیەت و كارەكانی هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بێگومان میللەتەكەمان لەئاستێكدایە كە بڕیارەكانی خۆی لە سەر بنەمای هەڵسەنگاندن بدات و وابەستەی نەكات بە كاراكتەرێكەوە.
هاوڵاتى: پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی چارەسەرنەكراو تەوافوق و رێكەوتن نەكراوە، ئایا ئەمە چ كاردانەوەیەكی دەبێت لەسەر ئاستی هەرێم؟
بڵێسە جەبار فەرمان: بێگومان ئەم كێشەیە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق رەنگدانەوەی دەبێت. كێشەی نێوان ئەم دوو حزبە لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار نیە بەڵكو لەسەر شێوازی دروستبوونی حكومەتە و لەسەر هەوڵدانی پارتیە بۆ دەستگرتن بەسەر تێكرای پۆستە سیادیەكانی هەرێم و عێراق. بێگومان ئەمەش لەلایە ئێمەوە قەبوڵكراو نیە. ئەم هەڵسوكەوتەی پارتی پێچەوانەی ئەو دیموكراسیەت و تەوافقانەیە كە ئیدیعای ئەكات.
هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی ئەگەر سەرۆك كۆمار ببات، یەكێتی پاشەكشە لەحكومەتی هەرێم دەكات؟
بڵێسە جەبار فەرمان: حكومەتی هەرێم بەخەبات و تێكۆشانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاتۆتە كایەوە. ئێمە خۆمان بە بەرپرس دەزانین و لەو بڕوایەداین بۆ باشتركردن و گۆڕینی حكومەت دەبێت لەناو حكومەتەوە كاربكرێت.
هاوڵاتى: پێتانوایە پرسی سەرۆك كۆمار ململانێی ئیران و سعودیەو توركیایە نەك یەكێتی و پارتی؟
بڵێسە جەبار فەرمان: عێراق بە شێوەیەكی گشتی و ئەم هەرێمەی ئێمە بەشێوەیەكی تایبەتی هەمیشە گۆرەپانی ململانی وڵاتانی ترو سیاسەتی وڵاتە زلهێزەكان بووە. ناوچەكەمان ناوچەیەكی جیۆپۆلەتیكی گرنگە بۆ دەستبادانی یەكتری وڵاتان.
شاراوە نیە كە هەریەك لەم وڵاتانە و وڵاتانی تریش لە هەوڵی چەسپاندنی باڵادەستی خۆیانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان.
هاوڵاتى: بڕیار دراوە هەڵبژاردن لەمساڵدا بكرێت، ئایا یەكێتی ڕەزامەندە بەبێ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردن بكرێ؟
بۆچونێكیش هەیە ساڵێك دوابخرێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشی لەگەڵ بكرێت؟
بڵێسە جەبار فەرمان: كێشە تەنها لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردندا نیە بەڵكو بەسەرچوونی ماوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم گرفتێكی گەورەیە. ئەوەی دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە مەترسیەكی گەورە لەئارادایە لەلایەن ناوەندەوە بۆ ئیلغاكردنەوەی كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم.
من جارێكی تریش ئاماژەم پێی داوەو بەداخەوە بەهەند وەرنەگیراو. گەر ناكۆكیەكانمان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەردەوام بێت دەرگا بۆ نەیارانمان دەكاتەوە لە دادگای فیدرالی عێراق تانە لەیاسایی بوونی ئەو دامەزراوەیە بدرێت. زۆرێك لەو بڕوایەدان هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتیمانیە و دەبێت هەموو هەڵبژاردنێك لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە سەرپەرشتی بكرێت. ئەم بابەتە بەتایبەتی لەدوای ڕێفراندۆمەوە چەند جارێك وروژێنراوە. ئەمەش هەروەك بڕیاری دادگای فیدرالی لەبارەی فرۆشتنی سەربەخۆیی نەوتەوە لێدانێكی تر دەبێت لە پێگەی حكومەتی هەرێم. بێگومان ئیستا زۆرێك وەڵام دەدەنەوە كە نەخێر شتی وا نیە و نابێ و هەروەك چۆن لەمەسەلەی نەوتدا ساڵانێك ئەو مەترسیەمان خستەڕوو و كەس گوێبیست نەبوو.
دواتر بێینە سەر سیستێمی هەڵبژاردن، ئێمە لەو بڕوایەداین یەك بازنەیی هیچ دیموكراسی نیەو گەر بێتو بمانەوێ میللەت نوێنەری باوەڕپێكراوی خۆی هەڵبژێرێت ئەوا دبێت هەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت.
هەروەها لەو بڕوایەداین كە هیچ دادپەروەریەك لە شێوازی دەستنیشانكردنی كەمینەكاندا نیەو لەڕاستی دا ئەو كەمینانەی ئێستا لە پەرلەماندان ئەوەندەی نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، نیوئەوەندە نوێنەرایەتی كەمینەكانیان ناكەن.
بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و شارەوانیەكان بێگومان گرنگی و بایەخی خۆیی هەیە و دەبێت بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گرنگی پێبدرێت. ساڵانێكە ئەم دوو دامەزراوەیە هەڵبژاردنیان بۆ نەكراوە و دەسەڵاتیان قۆرغ كراوە.
ئەم بابەتە دەبێت ببێت بەبابەتی گەرمی ڕۆژو گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت.
هاوڵاتى: ئەم دۆخەی ئیستای ناوخۆی هەرێم كە لایەنە سیاسییەكان نا تەبان چ دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟
بڵێسە جەبار فەرمان: زۆركات مەترسیەكانی سەر هەرێم خراونەتەڕوو ، هەمیشە لەو بڕوایەدابووم ناتەباییەكانی نێوان خۆمان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و لەباربردنی ئەم تەجروبەی حوکمڕانیەی كورد.