بافڵ تاڵەبانی: دووبارەبوونەوەی گیان لەدەستدانی خانەنشین قبووڵ ناكەین
گیان لەدەستدانی خانەنشینان لەسلێمانی كاردانەوەی توندی لێدەكەوێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكاندا بەردەوامەو لەنەورۆزەوە تا ئەمڕۆ بەشێك لەخانەنشینان و فەرمانبەری چەند وەزارەتێك هێشتا مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو بەو هۆیەوە دوێنێ سێشەممە چوارەمین خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەدا لەبەردەم بانكی باخان گیانی لەدەستدا.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بۆ سەروو سەد دۆلارو زیادبوونی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم و ناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن بەغداو هاوكاری هاوپەیمان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە پرسی دابینكردنی مووچە پەكخراوە.
خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان 240 هەزار كەسە لەكۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەخانەنشینی مەدەنی و سەربازییەوە و دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 10 رۆژ هێشتا بەشێكیان لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەكانیاندان.
لە 22ی ئازار لە سلێمانی دوو خانەنشین و لە سۆران خانەنشینێكی دیكە بەهۆی پاڵەپەستۆ و چاوەڕوانیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان گیانیان لەدەستداو دوێنێ سێشەمەش لەبەردەم بانكی باخان لەسلێمانی پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ كە بۆ وەرگرتنی مووچەكەی چاوەڕێی دەكرد گیانی لەدەستدا.
ژنێكی تەمەن 64 ساڵ ، لەكاتی وەرگرتنی مووچەكەیدا لەبەردەم بانكی باخان بە هاوڵاتى وت:» چۆن دەكرێت بە 40 بۆ 50 رۆژ موچەیەك وەربگرین ئەویش بەو داماوییە».
ئەم ژنە سێ رۆژە لە بەیانیەكی زووەوە دێتە بەردەمی بانكەكەو تائێستا مووچەكەی وەرنەگرتووە.
ئایشە خدر، دایكی چوار منداڵەو خانەنشینی مێردەكەی وەردەگرێت بە هاوڵاتى وت:» زۆر بێزارین لەم شێوازی موچە دابەشكردنە، كە وەك سواڵكەر بەهەفتە دادەنیشین تا 300 هەزارێك وەردەگرین».
هەروەها عەبدوڵا محیدین، تەمەن 71ساڵ، پیاوێكی دیكەی خانەنشینە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەڵێت:» لەپێش نەورۆزەوە هاتوچۆی بانكم كردووە دوێنێ سێشەممە موچەم وەرگرتووە».
وتیشی:»تاكە شتێك كە زۆر ناخۆشە ئەوەیە بەسوكایەتی پێكردن موچەمان پێدەدەن، رایدەگەیەنن موچە هەیە، كە دێینە بەردەم بانكەكان زۆر بەخراپی مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن و بەپیری ئاخر شەڕمان دەزانن».
لەبەرانبەردا سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی بە هاوڵاتى راگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی موچە و بەتایبەتیش شێوازی دابەشكردنی موچەی خانەنشینان بەو پێیەی هەموویان تەمەنێكیان هەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» كەمی پارەی پێویست لەبانكەكانی سلێمانیدا ئەم گرفتەی دروستكردووە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە نەگەڕاندنەوەی داهاتەكانەوە هەیە».
هەرچەندە لە 19-03-2022 وەزارەتی دارایی لیستی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی راگەیاندووە، بەڵام بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی، بەشێك لەخانەنشینانی سلێمانی تائێستا مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە.
لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لەسەر پرسی خراپی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان كۆبووەوە و لیژنەیەكی لاوەكی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە پێكهێنا.
لە راگەیەندراوێكی لیژنەكەدا هاتووە كە بەمەبەستی تاووتوێكردنی پرسی خراپیی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە، دوێنێ سێشەممە 29ی ئادار، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، كۆبووەوە. بڕیاریاندا لیژنەیەكی لاوەكی پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی پێشنیازەكانی چارەسەری ئەو پرسە لە نزیكترین كاتدا، چونكە ئەوە پرسێكی گرنگە و پەیوەستە بەژیانی هاووڵاتیانی كوردستانەوە.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە: لیژنەی دارایی ناڕەزایی و گلەیی خۆی لەبارەی نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان دەربڕی و بڕیاردرا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت لەسەر ئەو پرسە.
دوای بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی خانەنشینێكی تر لەسلێمانی لەكاتی نۆرەگرتن بۆ مووچە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، بانگهێشتی عەبدولڕەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی كرد بۆ بەغدا و بەدواداچوونی كرد بۆ بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە و رایگەیاند، خانەنشینان رێزلێگیراوترین تاكی كۆمەڵگەن و زۆرینەی تەمەنیان لەخزمەتكردنی كوردستان و خەڵكەكەیدا بەسەربردووە، بۆیە دەبێت مامەڵەیەكی جیاواز و تایبەتیان لەگەڵ بكرێت.
هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشداریشیدایە بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی و وتی بەهیچ شێوەیەك دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە قبوڵ ناكەن و ئەركی ئێوەیە لەبەرزترین ئاستدا مامەڵەی خانەنشینان رایی بكەن و بەئەوپەڕی رێزو شكۆمەندییەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە «ئەگەر حكومەت ناتوانێت ئەم دیاردە ناشارستانییە چارەسەر بكات، ئەوا پێویستە بەئاشكرا رایبگەیەنێت. چونكە لەمەودوا نەك لەسلێمانی بەڵكو لەهیچ شارێكی تر دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە قبوڵ ناكەین».
هاوكات بەشێك لەفەرمانبەرانی چەند وەارەتێكی دیكە لەسلێمانی هێشتا هەموویان مووچەكانیان وەرنەگرتووەو كە دەچنە بانك مووچەی حەوت تا 12 فەرمانبەر دەهێننەوەو لەڕۆژی نەورۆز بەدواوە ئەم حاڵەتە بەردەوامە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك پێشنیاریان ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی سلێمانی خستۆتەڕوو كە چارەسەری دابینكردنی مووچە دەكات و كارئاسانی دەكات تا خانەنشینان لەڕێگەی كارتی خۆیانەوە یان لقەكانی بانك بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان زیاد بكرێت.