پەرلەمان تاكە دامەزراوەیە كە پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیەو بۆیە ناهێڵن كارابێت و كاری خۆی بكات

‌عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى 

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری دەڵێت ئەگەر لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێكبكەون بەسازان دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت.

دەشڵێت:" پەرلەمانی كوردستان تاكە دامەزراوەیە كە پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیەو بۆیە ناهێڵن كارابێت و كاری خۆی بكات، چونكە ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بەخەڵك و ژیانی خەڵك و موعاناتی خەڵكەوە هەیەو با كارابێت و كێشە چییە با لێپێچینەوە لە چوار وەزیر بكات".

عەبدوستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەم چاوپێكەوتنەیدا دەشڵێت:» دوو هۆكار هەیە كە داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكەین، یەكەم نوێنەرایەتی راستەقینەی شوێنەكان بكرێن، دووەم رێگەگرتن لەو تەزویرە بەلێشاوەی كە كراوەو پارسەنگی شوێنەكانی دیكەی پێ خراپ كراوە».
هاوڵاتى : ئێوەو یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو یاداشتان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، ئەو پرسە گەیشتووە بەچی؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە وەك سەرۆكی فراكسیۆنەكان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی كە سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن و سەبارەت بە كۆمسیۆن هەیە چارەسەر بكرێت، ئەم دوو بابەتە پەیوەندی بەهەموو لایەنەكانەوە هەیەو رەهەندێكی نیشتیمانی و فراوانی هەیە.
هەروەها بۆ ئەوەش كە لەكەشوهەوایەكی ئارامداو دوور لە تەشەنوج و تەوەتوور ئەم هەڵبژاردنە بكرێت، ئێمە بڕیارماندا كە ئەم دوو بابەتە هەوڵدەدەین و پێویستە بە سازان بێت، نابێت بە زۆرینە و كەمینە بێت، چونكە من قەناعەتم بەو زۆرینە و كەمینەیەی ئێستا نییە چونكە زۆرینەیەكی تەزویر دروستكراوە ، گەر نا زۆر ئاساییە زۆرینە و كەمینە كاری پێبكرێت.
ئێمە و ئەو حزبانە بۆ یاسای هەڵبژاردن هەریەكە و پڕۆژەی خۆی هەبووە و هەریەكە و پڕۆژەی پێشنیاری خۆی هەبووە سەبارەت بەهەمواری یاسای هەڵبژاردن و هەموویمان كۆكردۆتەوە و شتێكی لێدەرچووەو زۆربەمان خاوەندارێتی دەكەین و ئەمە دەكرێت لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان بێین لەسەری رێكبكەوین.
هاوڵاتى : ئەو داواكاریانەی ئێوە داواتان كردووە لەپرۆژەكەتاندا دەكرێت روونكردنەوەی لەسەر بدەن؟
عەبدولستار مەجید: ئەوەی ئێمە داوامان كردووە بریتییە لەوەی هەرێمی كوردستان لەیەك بازنەوە بكرێتە چوار بازنەو پاشان داوامان كردووە تۆماری دەنگدەران كە ئێمە كێشەی تێدا دەبینینەوە و ناوی دووبارەو مردووانی تێدایە پاكبكرێتەوە، ئێمە داوامان كردووەو كۆمسیۆنیش ئامادەیی دەربڕیوە كە دەتوانێت تۆمارێكی نوێی پاكی دەنگدەران ئامادەبكات و ئەوە رێكبخرێت.
 هەروەها داوامان كردووە كە پێكهاتەكان بە تایبەت پێكهاتەی مەسیحی كە ئەوان ئاسانترن لەپێكهاتەی توركمان كە تۆمارێكی سەربەخۆی دەنگدەرانی خۆیان هەبێت و خۆیان دەنگ بەنوێنەرەكانی خۆیان بدەن نەك ئەوەی هەموومان بتوانین دەنگ بەنوێنەری ئەوان بدەین، چونكە خەڵك هەیە خەڵكی دیكە دەنگی پێداوەو نوێنەری حزبێكی دیكەیە نەك نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكەی خۆی و كۆمەڵێك بابەت هەیەو بابەتی سەرەكی لە قەزیەكەدا پێمان وایە ئەم یاسایەیە بۆ ئەوەی كە خەڵك متمانەی بۆ پەیدا ببێتەوە گەرموگوڕ بێت لە بەشداریكردن لەپڕۆسەی هەڵبژاردنداو یەكێكە لەهۆكارەكانی گەرمكردنەوەی خەڵك و بەشداری خەڵك هەمواركردنەوەی ئەم یاسایەیە.
دوو هۆكار هەیە كە داوای هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە دەكەین، یەكەم نوێنەرایەتی راستەقینەی شوێنەكان بكرێن، دووەم رێگەگرتن لەو تەزویرە بەلێشاوەی كە كراوەو پارسەنگی شوێنەكانی دیكەی پێ خراپ كراوە.
هاوڵاتى : جیاوازی نێوان ئەو لایەنانەی داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەكەن لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكان چییە؟
عەبدولستار مەجید: دەبێت گفتوگۆ بكەین و ئەوان لەسەر ئەوە كۆكن كە یەك بازنەیی بێت، دەڵێن نابێت مافی پێكهاتەكان پێشێل بكرێت، ئێمەش لەگەڵ پێشێلكردنی مافیاندا نین و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نین كەئەوان نوێنەرایەتی خەڵك نەكەن لە پەرلەمانی كوردستان، نەخێر ئێمە بەپێویستیان دەزانین، بەڵام نوێنەری راستەقینەی خەڵكەكەی خۆیان بن.
هاوڵاتى : نەوەی نوێ لەم پرسەدا لەگەڵ ئێوەدایە یان لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكاندایە؟
عەبدولستار مەجید: بەڵێ فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ ئێمەدان.
هاوڵاتى : چارەسەر بۆ ئەم پرسە چییە و كەی دادەنیشن بەتایبەتی كە سەرۆكی هەرێم بڕیاریداوە هەڵبژاردن لەكۆتایی مانگی ئەیلولدا بكرێت.
عەبدولستار مەجید: ئەو ماوەیە پشوو بووە و دەبێت بەلایەنی كەم سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببینەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم یاسای هەڵبژاردن و وردەكاریانە رێكبكەوین، ئەگەر رێك نەكەوین بڕوا ناكەم بخرێتە بەرنامەی كارەوە.
هاوڵاتى : دەوترێت سەرۆكی هەرێم پێیگەیشتووە كە هەندێ لایەنی سیاسی لەگەڵ ئەوەدان كە هەڵبژاردن دوابخرێت، راستە فراكسیۆنەكان لەگەڵیدان بەڵام وەك لایەنی سیاسی، دەوترێت تۆپەكە فڕێدراوەتە ساحەی كۆمسیۆنەوە تا لەوێوە بە رێككەوتنی هەموو لایەك هەڵبژاردن مانگێك یان شەش مانگێك دوابخرێت؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە وەك خۆمان لەبەرژەوەندیمان بێت یان لە زەرەرمان بێت لەگەڵ ئەوەداین كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، لەگەڵ نوێكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا نین و بەشتێكی خراپی دەزانین و یاسایی نییە، ئەگەر دەست و برد بكرێت دەتوانرێت لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ئەمساڵدا بكرێت، ئەگەر بێت و لەسەر یاساكە رێكبكەوین هیچ كێشەیەكی دیكەمان نییە.
هاوڵاتى : ئەم پڕۆسەیەی هەمواركردنەوەیەو پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیاران یان گۆڕینیان  كاتی ناوێت، لەكاتێكدا كۆمسیۆن شەش مانگی دەوێت بۆ كارەكانیان؟
عەبدولستار مەجید: ئەوە كۆمسیۆن دەیزانێت و ئەوە پەیوەندی بەكۆمسیۆنەوە هەیەو پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئەوەی پەیوەندی بەپەرلەمانەوە هەیە كە پەلە بكات و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بخاتە بەرنامەی كارەوە.
هاوڵاتى : ئەگەر ئێوەو ئەو لایەنانەی تر لەگەڵ پارتی و پێكهاتەكان بتانەوێت رێكبكەون ماوەی چەندتان پێویستە؟
عەبدولستار مەجید: پێموایە بە یەك هەفتە رێكدەكەوین ئەگەر ئیرادەی رێككەوتن هەبێت دەتوانین بگەینە ئەنجام و رێككەوتن.
هاوڵاتى : لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەتان كردووە كەئەم شتە دوانەكەوێت؟
عەبدولستار مەجید: ئەگەر هەڵە نەبم پێموایە دەبێ ئەمڕۆ پێشكەش كرابێت و جارێ قسەیان لەگەڵدا نەكراوە.
هاوڵاتى : قسە لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەیە دەوترێت شوێنێكە بووەتە وەزارەتێكی حكومەت لەجیاتی ئەوەی دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت، ئەم بۆچوونە راستە؟
 عەبدولستار مەجید: سەبارەت بەیاسادانان ئەركێكی سەرەكی پەرلەمانی كوردستانەو بزانە هەر پڕۆژە یاسایەك كە حكومەت ناردبێتی دەستبەجێ خراوەتە بەرنامەی كارەوە یان نا، بەڵام ئایا لەبەرامبەردا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كاتێك پڕۆژە یاسایەكیان واژۆ كردووە ئایا خراوەتە بەرنامەی كارەوە یان نا؟ چەند پڕۆژە یاسامان هەیە ئێستا هی فراكسیۆنەكانە هی كۆمەڵێك پەرلەمانتارە، یاداشتە پێشكەشكراوە، چەندی خراوەتە بەرنامەی كارەوە؟ چەندی جێبەجێكراوە؟ بڕوابكە ١٠%شی جێبەجێنەكراوە و نەخراوەتە بەرنامەی كارەوە.
هاوڵاتى : بۆچی؟ 
عەبدولستار مەجید: منیش ئەو قسەیە دەكەم و دەڵێم پەرلەمان ئەو دامەزراوەیە كە سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوەو سەربەخۆ نییەو بووەتە پاشكۆی حكومەت و حكومەت بڕیاری بۆ دەردەكات و دەیجوڵێنێت و ئاڕاستەی دەكات و ئەوە زۆر وازحە، كاتێك دەسەڵاتەكانی حكومەت، دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم تەماشا دەكەین وەكو خۆی دەسەڵاتەكانیان بەكاردەهێنن، ئایا دەسەڵاتەكانی پەرلەمان یان سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك خۆی بەكارهێنراوە؟ من دەپرسم.....                                                                               لەڕووە سیاسییەكەیەوە نووسراوە پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری و مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستانە، تا چەند بووەتە مەرجەعی سیاسی هەرێم؟ ئەم هەموو كۆبوونەوەو سیاسەت و ئیتیفاقات و عیلاقاتانە دەكرێت لەگەڵ عێراق و لەگەڵ كوتلەكانداو شیعە پەرتەوازە دەكرێت و كورد خۆی پارچە پارچە دەكات و لەولاوە لە سوننە دەدرێت، پەرلەمانی كوردستان ئەم هێڵە گشتییانە پەسەند دەكات؟
هاوڵاتى : بەشێكیشی پەیوەندی بە ئێوەوە نییە؟ بۆ نموونە لە دەرەوەی پەرلەمان د.رێواس ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەو لەڕێگەی تەنسیقی سیاسییەوە لەئاستی باڵا دەتوانن قسەیان لەگەڵ بكەن، بەهەمان شێوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتیدا؟
عەبدولستار مەجید: ئێمە لەسەر ئاستی باڵا قسەمان لەسەر كردووەو وتوومانە پەرلەمانی كوردستان تاكە دامەزراوەیە كە پەیوەندی بەخەڵكەوە هەیەو بۆیە ناهێڵن كارابێت و كاری خۆی بكات، چونكە ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بەخەڵك و ژیانی خەڵك و موعاناتی خەڵكەوە هەیەو با كارابێت و كێشە چییە با لێپێچینەوە لە چوار وەزیر بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار