پرسی مووچەو هەموو كەموكورتییەكان لەئەستۆی پارتیدایە كەسیاسەتی داراییو نەوتی لەلایە
بێستون سابوراوایی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت:» هەموو داهاتەكان بەڕێگای خۆی دەچێتەوە بۆ هەولێرو هەموو كەموكورتییەكان لەئەستۆی پارتیدایە كە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و دارایی و نەوتیش لای پارتییە».
بێستون سابوراوایی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» یەكێتی بەرنامەی خۆی هەیەو لەكاتی خۆیدا دێتە پێشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناشرینكردنی خەڵك و بەڕەزیلكردنی خەڵك رازی نابێت».
هاوڵاتى: پرسی دواكەوتنی مووچە لەسلێمانی نیگەرانی دروستكردووەو یەكێتی بەبەرپرسیار دادەنرێت، هاوشێوەی پارتیو گۆڕان، راتان چییە لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە؟
بێستون سابوراوایی: ئەگەر خۆمان لەبابەتەكە لانەدەین پێموابێت دۆخەكە زۆر روون و ئاشكرایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پایتەختەكەی لەسلێمانی نییە و پایتەختەكەی لەهەولێرە، داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كە هەمووی كۆدەكرێتەوە دەچێتەوە بۆ هەولێر كە دەسەڵاتداری یەكەم لەسیاسەتی دارایی و ئابووری و سیاسەتی نەوتی لەژێر دەستی پارتییە، ئەوان سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبەن، لەبەرئەوە هەموو كەموكوڕییەكان لە ئۆباڵی پارتیدایە، ئەگەر دەیانەوێت هەموو كەموكوڕییەكان لەئۆباڵی یەكێتی بێت فەرموون با جێگە چۆڵ بكەن و سەرۆك وەزیران دابنێت ئەوكات ئێمە هەموو بەرپرسیارێتییەك هەڵدەگرین.
هاوڵاتى: پێتوایە پرسی سەرۆك كۆمار گرژی لەنێوان پارتی و یەكێتی دروستكرد كاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر پرسی موچەو دواكەوتنی، بەشێك لەپارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات كە پارەی بانكەكان بۆ پرسی سەرۆك كۆمار براوەتە بەغدا؟ قسەتان چییە؟
بێستون سابوراوایی: عەرزم كردی داهاتەكانی سلێمانی بەشێوازێكی رێکوپێك رێگای خۆی دەگاتە هەولێرو هیچ كەموكورتی تێدا نییەو لەهەولێرە، ئەمەی تریان گەمەی پارتی كە گەمەیەكی سیاسیە پەیوەندیدار بەهەڵوێستەكانی خۆی، چ بە ئاشكرا چ رێگەی پەیج و دامودەزگا فەیكەكانییەوە بەرانبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیكات، ئەوە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی راگەیاندنی چەواشەدایە بەرانبەر یەكێتی، بێجگە لەوە پێش ئەوەی یەكێتی هیچ بریارێك بدات لەبەغداو پەیوەندی بەكێوە بكات و لەگەڵ كێ رێكبكەوێت لەگەڵ چ تەوژمێكی سیاسی شیعەو سوننە رێكبكەوێت، پارتی ژێر بەژێر رێكەوتنی خۆی كردبوو لەگەڵ سەدرییەكان و سوننەكان، لەژێر ناوی «رزگاركردنی نیشتمان»، كە یەكێتی تائێستاش لەگەڵ ئەوەدایە لەبەغدا یەك هەڵوێست و یەك قسە بین، كەسمان بەتەنها لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان رێكنەكەوین، ئەگەر رێكیش بكەوین لەسەر بنەمای پاراستن و مافەكانی گەلی كورد بێت و پێكەوە بڕیار بدەین.
هاوڵاتى: پێتانوایە قسەی یەكێتی سەركەوت كە نەچووە هیچ رێكەوتنێكەوە لەبەغدا؟ كە ماڵی شیعە خۆیان رێكدەكەون و كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلایدەكەنەوەو تۆپەكە هەڵدەدەنەوە ساحەی كورد كە رێكبكەون؟
بێستون سابوراوایی: ئێمە لە عێراقدا مەحكومین لەچوارچێوەی دەستوری عێراق هەڵسوكەوت بكەین وەكو كورد، لەم حاڵەتەدا زیرەكی دبلۆماسییەتی كورد لەوەدایە كەچۆن مامەڵەی ژیرانە دەكات لەگەڵ سیاسەت دارێژەرانی عێراق لەبەغدا، دەبێت لەمەیدانەكە زۆر لەوە زیرەكتربین هەڵبسوڕێندرێین بۆ مەبەستێكی تایبەتی، دەبێت ئاگامان لەستراتیژی میللەتەكەمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بێت و پارێزگاری لەكەرامەتی نەتەوایەتی بكەین كە چی بخوازێت ئەوە بكەین.
هاوڵاتى: دەرفەتێك ماوە بۆ كورد كە رێكبكەون كە دواجار هەر دەبێت پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمارو پۆستە وزارییەكان رێكبكەون؟
بێستون سابوراوایی: ئەوەی لەسیاسەتی یەكێتی شارەزا بم دەرگای برایەتی نەك هەر دانەخستووە، بەڵكو دەستی درێژكردووە بۆ برایەتی لەگەڵ پارتیدا بۆ رێككەوتن و یەكڕیزی و یەکهەڵوێستی، هەروەها دەستیشی درێژكردووە بۆ هەموو كوتلە سیاسییەكان بەعەرەب و كوردو ئەترافە جیاوازەكان كە بەهەموومان بەغدا سیاسەتێكی ئاشتیانەو دابینكردنی خۆشگوزەرانی باشی ئابووری بێت لەناوچەكەشدا.
هەر دەبێت رێكبكەوین چونكە لەدەرئەنجامەكەی لە بۆشاییەكی دەستوریدا دەخولێینەوە ئەوەش ئاكامەكانی باش نابێت.
هاوڵاتى: باس لەپرۆژەیەكی پارتی دەكرێت ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار بێت پۆستەكانی دیكەی حكومەتی نوێی عێراق بدرێتە یەكێتی؟ بۆچوونتان چییە لەمبارەیەوە.
بێستون سابوراوایی: ئەوە نە پرۆژەیەو نە بناغەیەكیشە بۆ رێككەوتن ئەگەر ئەو پرۆژەیە راستیشی تێدا بێت، چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرنامەو داواكارییەكانی دیاری كراوە، ئەو مەرجانەی هەمانە بۆ برایەتی مەرجی تەعجیزی و پەكخستن نییە، مەرجەكانمان سادەن و تەنها ئەوەیە پارتی رێكبكەوێت و ئیعتراف بەوە بكات كە ئەوەی تا ئێستا بۆتە عورفێكی سیاسی لەعێراقدا، كە سەرۆكایەتی كۆمار لای كورد دەبێت و سەرۆك وەزیران بۆ شیعەیەو سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەیە، لەناو ئەو عورفەدا پارتی دەبێت لەگەڵیدا بێت و ئیعترافی پێبكات كە بەبێ مەرج سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێت، ئیتر بۆ پۆستەكانی تر پێشتر چۆن رێكەوتووین لەگەڵ پارتی، بەڵام چ یەكێتی و چ پارتی بیرلەوە بكەینەوە پۆست نەخەینە پێش بەرژەوەندی میللەتەوە، پۆستەكانیش دیار بێت كە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستانمانە نەوەكو لە ئێستاوە مەبەستەكەی بەرژەوەندی تایبەتی بێت بۆ حزبێكی دیاری كراو كەئەوە لای یەكێتی بەتەواوەتی رەتدەكرێتەوە.
هاوڵاتى: ئێوە وەك یەكێتی ئامادەنین سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بكەن بۆ پارتی؟
بێستون سابوراوایی: نەخێر ئەوە بابەتێكە هەر هی موناقەشە نییە، بابەتی سەرۆك كۆمارو هەم بابەتی پارێزگاری كەركوك لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڤەیەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت.
هاوڵاتى: ئەم وەزعەی كە هەیە خەڵك چی بكات، خەڵك دەرمان و پارەی نەمێنێت چی بكات، یەكێتی بەرپرسیارێتی لەسەرشانە؟
بێستون سابوراوایی: هەموو داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێر كۆدەبێتەوە.
هاوڵاتى: پرسی نەوت كە بەغدا داوای دەكاتەوە چۆن چارەسەر دەكرێت؟ یەكێتی بۆچوونی چییە؟ كە داهاتی نەوت زیادی كردووەو مووچە هەر دوادەكەوێت؟
بێستون سابوراوایی: سیاسەتی هەڵە كە پارتی بڕیاردەرە تێیدا خەڵكی كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، پێموابێت ئەوە دەرئەنجامی هەڵەی ئەو جۆرە سیاسەتەیە كە لەوانەیە سیاسەت داڕێژەرانی پارتی لەچوارچێوەی حكومەتی هەرێم پێیانوابووبێت كە هەرچی بكەن بۆمان دەچێتە سەر، ئەوە ناچێتە سەر خۆ ئێمە وڵاتێكی جیاواز نین تاكو سیاسەتی خۆمان هەبێت، هەتا ئەگەر وڵاتێكی سەربەخۆش بین هەر ناتوانین سەدا سەد بەموتڵەقی سیاسەتی خۆمان دابڕێژین.
هاوڵاتى: یەكێتی بەرنامەی چییە، لامەركەزی دارایی و كارگێڕی جێبەجێ دەكات لەگەڵ بەغدا رێكدەكەوێت چی دەكات؟ خۆ ناكرێت دۆخی خەڵك هەر بەم شێوەیە بێت؟
بێستون سابوراوایی: یەكێتی بەرنامەی خۆی هەیەو لەكاتی خۆیدا دێتە پێشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەناشرینكردنی خەڵك، بە رەزیلكردنی خەڵك رازی نابێت.
هەموو بژاردەكان لەبەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان مومكینن بێجگە لەدووئیدارەیی، دووئیدارەییمان قبوڵ نییە، بەڵام هەموو بژاردەكانی دیكە لەبەردەمماندا كراوەیە هەرچی بیشیكەین لەگەڵ بەغدا رێكبین باشە نەك دژی بەغدا بین.
هاوڵاتى: لەماوەی رابردوو ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند كە یەكێتی رێگەی نەداوە غاز بەدەردی نەوت ببرێت، ئەمە بۆچوونی یەكێتییە؟
بێستون سابوراوایی: یەكێتی بەهیچ جۆرێك رازی نابێت غازیش بەدەردی نەوتەكە ببرێت، هەڵوێستی خۆمان دیاری كردووەو كە جەنابی كاك بافڵ تاڵەبانی ئەو هەڵوێستەی راگەیاند كە»بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین غازەكەش بەدەردی نەوتەكە ببردرێت».
هاوڵاتى: مەسرور بارزانی لە ئیمارات رایگەیاند كە ئامادەن غاز هەناردەی ئەوروپا بكەن؟ دواتر قوباد تاڵەبانی چووە ئیمارات؟ ئایا لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆی لەسەر كراوە؟
بێستون سابوراوایی: ئەوەی كاك مەسرور وتوویەتی هیچ جۆرە رێككەوتنێكی لەسەر نەكراوە لەگەڵ یەكێتیدا.
هاوڵاتى: دیداری یەكێتی، حزبەكە هەڵدەسێنێتەوەو خۆتان رێكدەخەنەوە؟ ئامانجەكەی چییە؟
بێستون سابوراوایی: ئەم دیدارانە لەبنەڕەتدا داخوازی بنكەی جەماوەری یەكێتییە، لەفەترەكانی پێشووتر بۆچوونیان وەربگیرێت بۆ تازەكردنەوەی یەكێتی و گەشەپێدانی یەكێتی و بەخۆداچوونەوەو رەخنە لەخۆگرتن بۆ تەماشاكردنی باڵاو پەیكەری یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی خەلەلەكان، ئەگەر ژەنگێك هەبێت و پیربوون و وشك بونێك هەبێت دەستكاری بكرێت و نوێبونەوەی تێدا بێت لەهەمانكاتدا موتوربەكردنیش بەئەفكاری نوێ بۆ پەرەپێدانی یەكێتی لەهەموو بوارەكاندا جێبەجێ بكرێت.