یەكێتی لەدوای سەری ساڵەوە داهاتە ناوخۆییەكان ناگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت

پێشەوا هەورامی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان بۆهاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش




سازدانی: هاوڵاتى

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» یەكێتی دەیەوێت بەدواخستنی دابەشكردنی مووچە حكومەت و پارتی عەیبدار بكات تا پارتی سازشی بۆ بكات لەپۆستی سەرۆك كۆماردا»، دەشڵێت:» یەكێتی لەدوای سەری ساڵەوە داهاتە ناوخۆییەكان كەمانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینارە ناگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت، ئەگەر بیشیگەڕێنێتەوە لە 20 تا 30 ملیار دیناری مانگانە تێپەڕ ناكات».
هاوڵاتى: كێشەی نەمانی پارە لەبانكەكان هەیەو مووچە دواكەوتووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات هێشتا لەسلێمانی تەواو نەبووە؟
پێشەوا هەورامی: كاریگەری نەك تەنها لەسلێمانی لەهەموو هەرێمی كوردستان كردووە، خەریكە تەكلیف دەكرێت، مووچەی مانگی سێ دوابخرێت كەهێشتا مووچەی مانگی شوبات لەسلێمانی تەواو نەبووە، مەوزوع ئەوەیە بۆ شەڕێكی سیاسی خەریكە یاری بەتەندروستی خەڵكەوە دەكەن و یاری بەوەزعی خانەنشینەوە دەكەن، حەقە خەڵك پرسیار بكات بۆچی لەهەولێرو دهۆك خانەنشینان بە رێكوپێكی موچەی خۆیان وەردەگرن، بۆچی دابەشكردنی مووچە لەهەولێر و دهۆك كۆتایی هاتووەو خەڵك چاوەڕێی موچەی مانگی سێیە، كە لەسلێمانی هێشتا موچەی مانگی شوبات تەواو نەبووە.
هاوڵاتى: پرسی سەرۆك كۆمارو ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی وای كردووە ئەمە رووبدات؟
پێشەوا هەورامی: هەموو كەیسەكان تێكەڵ كراون، بەشێكی پارەی بانكەكان لەسلێمانی براوە بۆ بانگەشەی مەوزوعی سەرۆك كۆمار، چونكە یەكێتی ئەم بابەتە لایان بۆتە تەحەدی و عینادییەكی گەورە كەحازرن باجی ئەو تەحەدییە خەڵك بیدات، ئامانجێكی دیكەشی كە بڵێن ئەم حكومەتە مووچەی پێنادرێت، ئەوەتا ئێستا لای هەمووان وازح بوو كە سووچی حكومەت نییە خەڵك لەسلێمانی مووچەی وەرنەگرتووە.
هاوڵاتى: واتا تەمویلی پارە بۆ مووچەی مانگی شوبات نێردراوە بەبێ كەموكورتی؟
پێشەوا هەورامی: بەڵێ هەموو پارەی مووچە نێردراوە بۆ سلێمانی، بەڵام 160 بۆ 170 ملیار دیناری مانگانەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی یەك دیناری نەخراوەتە خزمەتی مووچەی خەڵكەوە، ئەوە چوار بۆ پێنج مانگە داهات هەرچەند بووبێت نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، جگە لەو قاچاغییەی كە لەو سنورە هەیە، هەمیشە مانگانە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە زیاتر بووە لە 150 ملیار دینار، ئەگەر گەڕاندبێتیانەوە لە 20 بۆ 30 ملیار دینار تێپەڕی نەكردووە، كە دەبوو هەمووی بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئێستا دەرمان وا نامێنێت لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی، ئێمە پرسیارمان لەوەزیری تەندروستی كردووە دەڵێین كاكە دەرمان بۆ نەماوە، وەزیری تەندروستی دەڵێت:»دەسەڵاتمان داوە بە بەڕێوەبەری تەندروستی كە ئەو داهاتەی لەبەردەستیاندایە بیدەنە دەرمان، بە ئەنقەست نایدەن و تەندرین خاو دەكەنەوە بۆ ئەوەی بیكەنە ئەستۆی حكومەتەوە».
هاوڵاتى: داهاتەكانی ناوخۆ بەگشتی لەهەرێمی كوردستان دەگاتە چەند؟
پێشەوا هەورامی: داهاتی ناوخۆ بەگشتی لەباشترین حاڵەت 350 ملیار دیناری تێپەڕاند كە كۆرۆنا هات نزیك بووەوە لەسفر، بەڵام دوای باشبوونەوەی وەزع داهاتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هاتۆتەوە وەزارەتی دارایی و تەرخان كراوە بۆ مووچە، پارتی هەموو داهاتە ناوخۆییەكانی لە دهۆك و هەولێر گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
هاوڵاتى: واتا تەنها یەكێتی داهاتی ناوخۆیی نەگەڕاندووەتەوە؟
پێشەوا هەورامی: یەكێتی دەیەوێت بدات لەم حكومەتەو لە پارتی بدات تاپارتی سازشی بۆ بكات لەپرسی پۆستی سەرۆك كۆماردا.
هاوڵاتى: ئەی پارتی پارەی نەبردووە بۆ بەغدا بۆ پرسی سەرۆك كۆمار؟
پێشەوا هەورامی: پارتی رێگای ناشرین ناگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی پۆست، كەس نازانێت یەكێتی چی لەو پارانە كردووە كە لەبانكەكاندا نەماون، بەشەو قاچاغی دەكرێت و بەنیوەڕوان دەكرێت و پارە لەبانكەكانیش ناهێڵت.
هاوڵاتى: پارەی مانگی سێ حازرە بۆ مووچە دابەش ناكات حكومەتی هەرێم؟
پێشەوا هەورامی: پارتی حزبی ئینتخابییەو دەنگی هەڵەبجەو كەلارو سلێمانی دەوێت و نابێتە هۆكار بۆ ئەوەی حكومەت مووچە نەدات، بەڵام یەكێتی بەمەنتق دەیەوێت حكومەت عەیبدار بكات، داهاتی پێویست لەبەردەست بێت مووچە دابەشبكرێت.
ئێمە داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانمان كردووە كێ بەرپرسیاری ئەم دۆخەیە بهێندرێتە پەرلەمان ئەگەر پارتیش بێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت وەڵامی ئەو مەوزوعە نادەمەوە.
هاوڵاتى: یەكێتی هۆشداری داوەتە پارتی لەبارەی ئەم دۆخەوە؟ كە چارەسەر بكرێت؟
پێشەوا هەورامی: یەكێتی لەو مەوقعەدا نییە هۆشداری بداتە پارتی، چونكە هەركاتێك بیانەوێت هەرێم بخەنە مەترسییەوە دەیكەن و كەی بۆیان بگونجێت كەی لەبەرژەوەندییاندا بێت ئەنجامی دەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار