توركیا دەیەوێت هەموو باشوور و رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات

فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لەهەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

ئەندامێكی نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لەهەرێمی كوردستان دەڵێت:» پێویستە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت ئەمریكا ئەم پرسە باس بكات و رێگە نەدات خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت بۆ دوژمنانی كورد»، دەشڵێت:» شەڕكردنی توركیا لەگەڵ پەكەكە شەڕ كردنە لەگەڵ میلەتی كورد».
فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی رۆژئاڤا لەهەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» خەونی توركیا خەونێكی گەورەیە، توركیا دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات و ئیمپراتۆرییەتی گەورە دروست بكات و نەخشەی خۆی زیاد بكات».
هاوڵاتى: ئۆپەراسیۆنی توركیا لەدوای 15ی نیسانەوە چ ئامانجێكی دیكەی هەیە؟ 
فەتحوڵا حوسێنی: توركیا نە بەس دژایەتی باشووری كوردستان دەكات یان كوردی رۆژئاڤای كوردستان، بەڵكو دژایەتی كورد لەباكوری كوردستانیش دەكات، چونكە هیچ دەستكەوتێكی كورد لای توركیا جێگەی قبوڵ نییە، توركیا سەیری میلەتی كورد وەك دوژمن دەكات كە میللەتێكە مافی نییە كیانی خۆی هەبێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی دوای 15ی نیسان، زنجیرەیەكە لە ئۆپەراسیۆنەكانی كە لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دەدات، هەرچەندە توركیا سەركەوتوو نابێت لەم لەشكركێشی و ئۆپەراسیۆنە داگیركاریانەیدا، بەڵام شتێك دەخوڵقێنێت لای خەڵكی خۆمان كەتەدەخولی سەربازی هەیەو هیچ كەسێك دەنگ ناكات و توركیا وای دەبینێت كە باشووری كوردستان بەشێكە لەخاكی توركیا، دوژمنایەتی توركیاش بەرانبەر كورد ئاشكرایە لەباشورو باكورو رۆژئاڤای كوردستان.
هاوڵاتى: پێتوایە دەبێت حكومەتی هەرێم و عێراق هەڵوێست وەربگرن و ئەو بێدەنگییە لەبەرانبەر داگیركارییەكان رابگرن؟
فەتحوڵا حوسێنی: ئەم ئۆپەراسیۆن و داگیركارییەی توركیا دژی میللەتی كوردەو پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تائێستا هەڵوێستی نییەو ئەمە جاری یەكەمیشی نییە كە هەر بێدەنگە، بۆیە بێدەنگی حكومەتی هەرێم هانی توركیا دەدات كە زیاتر دەستوەردان بكات كە قبوڵیەتی خاكی باشووری كوردستان بچێتە ژێر دەستی توركیاوە.
پێویستە حكومەتی هەرێم لەڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت ئەمریكا ئەم پرسە باس بكات و رێگە نەدات خاكی هەرێمی كوردستان بەكاربهێندرێت بۆ دوژمنانی كورد.
ئەوەندەی بزانین كە رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی توركیاو حكومەتی عێراق بوونی هەیە كە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم هەڵوێستێكی باش و بەپەلەو جددی و بەهێزی هەبێت كە شەڕی پەكەكە شەڕێكی ئاساییی نییەو شەڕكردن لەگەڵ پەكەكە شەڕكردنە لەگەڵ میلەتی كورددا، ئەگەر پەكەكە بوونی نەبوایە توركیا زۆر زیاتر خاكی باشورو رۆژئاوای كوردستانی داگیر دەكرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای توركیا دژی هەموو میللەتی كوردەو بەتەنها دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) نییە، دژی دەستكەوتەكانی كوردەو دەبێت حزبە سیاسییەكان وەفد بنێرنە توركیا كە پێیان بڵێن پەكەكە بەشێكە لە جوگرافیای هەموو كوردستان.
هاوڵاتى: پێتوایە توركیا بەمەوە ناوەستێت دەیەوێت شەنگال و موسڵ داگیربكات و بوونی پەكەكەی كرووەتە بیانوو؟
فەتحوڵا حوسێنی: خەونی توركیا خەونێكی گەورەیە، ئەگەر وابڕوات و هێزی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبێت توركیا دەتوانێت و دەیەوێت هەموو باشووری كوردستان و رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات و ئیمپراتۆرییەتی گەورە دروست بكات و نەخشەی خۆی زیادبكات،تەمەدود دەكات، توركیا هاوشێوەی بیری داعشە، لەدەرەوەی سنوری خۆی ئۆپەراسیۆن دەكات و خەتەرە گەورەكە ئەوەیە كە هێزی ناوخۆیی هەڵوێستی نییە ئیتر چۆن لەئاستی نێودەوڵەتی هەڵوێستێك دەبێت.
ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە خەتەرێكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و شەنگال و رۆژئاڤای كوردستان و مەترسی زیاترە، چونكە ئەكەپە ساڵێك زیاتری لەبەردەم خۆیدا ماوەتەوە بۆ هەڵبژاردن، دەیەوێت لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا هەندێ داگیركاری دیكە بكات و بیری شۆڤێنی تورك لای لایەنگرانی زیاتر بكات بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینێت بۆ هەڵبژاردنەكان. 
هاوڵاتى: خەڵك چ هەڵوێستێكی هەبێت دەتوانێت رۆڵی هەبێت؟
فەتحوڵا حوسێنی: خەڵكی هەرێمی كوردستان لای حكومەتی هەرێمی كوردستان برسی كراوەو بەسەدان پێداویستی رۆژانە هەیەو حكومەت نەیتوانیوە دابینی بكات، مەسئولیاتی و بارقورسی ژیانی خەڵك لەهەرێمی كوردستان زیاد بووە بەڕاستی، ئەگەر خۆپیشاندانیش بكرێت لەهەرێمی كوردستان رای گشتی دروست ناكات، دەبێت فشارێك لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە هەبێت لەسەر حكومەتی هەرێم، خەڵكی هەرێمی كوردستان لەچیایەك دەژین و حكومەتی هەرێمیش لەچیایەكی دیكەو میللەتێ باشووری كوردستان گوێی لێ ناگیرێت.
هاوڵاتى: ئێستا توركیا چەندێك خاكی رۆژئاڤای كوردستانی داگیر كردووە؟
فەتحوڵا حوسێنی: ئێستا سێ شاری كوردی بەدەست توركیاوەیەو داگیركراوە، ئەوانیش كانترنی عەفرین، كانتۆنێكی گەورەیە، شاری سەرێكانی و شاری گرێسپی و شارێكی عەرەبی سوری بەدەست توركیاوەیە،تەماحی ئەم داگیركارییەی توركیا لە رۆژئاڤا زۆر زیاترە،بەڵام تائێستا رێككەوتنێك هەیە كە لەنێوان توركیاو ئەمریكا لەلایەك و رووسیاو توركیا هەیە كەهەنگاوی نوێ نەهاوێژێت بۆ داگیركاری رۆژئاڤای كوردستان.
دەتوانین بڵێن توركیا لەسەدا 10 تا لەسەدا 12%ی خاكی رۆژئاڤای كوردستانی داگیر كردووە.
هاوڵاتى: پێتانوایە توركیا بەرنامەی ئەوەی هەیە لەڕێگەی شەنگالەوە رۆژئاڤای كوردستان داگیر بكات؟
فەتحوڵا حوسێنی: راستە ئەمە پیلانی توركیایەو پیلانی تەكتیكی نییەو پلانی ستراتیژی توركیایە، بەڵام ئایا چەند هێزی نێودەوڵەتی تەحەمولی ئەم پیلانە دەكات، توركیا پلانی ئەوەیە سێگۆشەی سنور لەدەستی ئەودا بێت، زاخۆو دێرەلوك و شەنگال و موسڵ لەدەستیدا بێت، تموحی زیاترە بۆ ئەوەی میللەتی كورد زەلیل بكات و دەستكەوتەكانی نەهێڵێت، ئەو خەتە گەورەیەی باشووری كوردستان لەگەڵ رۆژئاڤا بپچڕێنێت، راستە كیانێكی كوردی دروست بووە، بەڵام توركیا رازی نییەو تەحەمولی ناكات.
توركیا دەتوانێت داعش پەروەردە بكات و دەتوانێت هاوكاری جەبهە نوسرە بكات هاوكاری هەموو تیرۆرستەكان بكات، بەڵام میللەتێكی سڤیلی وەك كورد لەسەر خاكی خۆی لەلای توركیا جێگەی قبوڵ نییە.
هاوڵاتى: توركیا گفتوگۆ دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێم لەبارەی هەناردەی غازەوە، پێتوایە بێجگە خاكی كوردستان، توركیا بۆچی چاوی بڕیوەتە سەروەتە نیشتمانییەكانی؟
فەتحوڵا حوسێنی: هەرێمی كوردستان بووەتە بازاڕێك بۆ بیزاعەی توركیا، هەموو ئابووری هەرێم بە رێژەیەكی گەورە سەرمایەكەی بۆ توركیا دەچێتەوە.
پارتی پیلانی وازحی هەیە لەگەڵ توركیاو پیلانەكانی زۆر زۆر ستراتیژن، سێ شاری رۆژئاڤای كوردستان لەلایەن توركیاوە داگیركراوە تائێستا یەك هەڵوێستی نەبووە، ئێستا لەسایەی سیاسەتەكانی پارتی دەرگای سمێلكا داخراوەوە كە مەنفەزێكی حدودی تاقانەی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤایە.
خۆتان دەزانن ئێستا شەڕڤانان شەڕ دەكەن و لەژێر گەمارۆیەكی قورسی ئابووریداین، پارتی دەبێت بەمەسئولەتی خۆی و بەسیاسەت و ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی هەستێت، ئێستا ئێمە چۆن لەخەتەرداین، پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەر لەخەتەردان، چونكە میللەت لێیان رازی نییە و پارتی تەنها توركیا رازی دەكات.
هاوڵاتى: پارتی بۆچی ئەم بەرژەوەندیە لەپێش هەموو بەهابەكی نیشتمانی و نەتەوەیی دەبینێت؟
فەتحوڵا حوسێنی: پارتی حزبێكی لاوازە، ئەگەر وڵاتێكی وەكو توركیا دەعمی پارتی نەكات، پارتی لە وڵاتێكی وەكو پاشووری كوردیستان چییە و هیچ نییەو خەیراتی هەرێمی كوردستان لەژێر دەستی ئەردۆغان و پارتیدایە.
پارتی دێت حزبەكانی دیكەی هاوڕێی لاواز دەكات و رۆڵی توركیا لەناوچەكەدا گەورەتر دەكات.
پارتی دەبێت ئیستحقاقی نەتەوەیی خۆی زیاتر بكات، خەڵكی شیلادزێ كوردن و پەكەكەش بەشێكە لەنەخشەی كوردستان، پارتی دەتوانێت بەشێوەی ئیجابی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی  بۆ بەرژەوەندی گەلی كورد مامەڵە بكات، نەك بۆ رووخاندنی دەستكەوتی میللەتی كورد لە رۆژئاڤاو باشووری كوردستان


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار