بزانە قەرەیلان لەرێگەی ئامێری بێ تەلەوە چی بە گەریلاكان دەڵێت

 "دوژمن لە زاپ تێكبشكێت لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت"

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
موراد قەرەیلان، فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) پەیامێكی ئاڕاستەی هەموو گەریلاكان كرد و ڕایگەیاند:"ئەگەر دووژمن تێكبشكێنین، ئەوا نەك تەنها لە زاپ، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت".

پەیامەكەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە بۆ گەریلاكان خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە:" ئەم سەردەمەی ئێمەی تێداین گرنگترین و مێژووییتریین سەردەمی مێژووی تێكۆشانی ئێمەیە، ئێمە سڵاو لەو بەرخۆدانە بەرز و بڵندە دەكەین، كە لە دژی هێرشەكانی دوژمن ئەنجامی دەدەن، وەك دوو ڕۆژی یەكەم هەڤاڵان سەركەوتوون".

هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە" لەسەر بنەمای ڕۆحی بەرخۆدانی ئاپۆیی، ئەو بەرخۆدان و شەڕەی هەڤاڵان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانمان و بەتایبەتیش هەڤاڵانی بەشداربووی ئەم بەرخۆدانە دەكەین و سڵاویان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنی بەردەوامیان دەخوازین".

نەپەگەش سەركەوتنی بەرخۆدانی گەریلاكانیشی خستووەتەڕوو و دەڵێت:" هەڤاڵان سەركەوتوون، ئەو سەركەوتنە دەتوانێت ببێتە بنەمای سەركەوتنێكی گەورە، ..... ئەو جەنگە شەڕێكی ئاسایی نییە، شەڕی زاپ بۆ دەوڵەتی تورك و بۆ ڕژێمی فاشیستیی ئاكەپە – مەهەپە زۆر گرنگە".

لەبارەی گرنگیی شەڕی زاپیەوە ئەوە خراوەتەروو كە دەوڵەتی داگیركەر و بكوژ و پاكتاوكاری تورك لە ساڵی 2016ەوە كار لەسەر قۆناغێكی نوێ دەكات، ناوەڕۆكی ئەم قۆناغە سڕینەوە و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادییە، سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردە،  "داگیركردنی سنوورەكانی میساقی میللی و بەرەوپێشبردنی كۆنتڕۆڵكردنی سووریا و عێراقە، ئەمە ئامانجی دوژمنە، بەو شێوەیە دەیەوێت بە خەونی عوسمانییەوە خۆی بكاتە هێزێكی گەورە لە ناوچەكەدا، ئەوە چەندە بۆ گەلەكەمان پرۆسەیەكی مەترسیدارە بە ئەندازەیەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر گەلی عەرەب و هەموو گەلانی ناوچەكە".

هەروەها نەپەگە ئاماژەی بە شكستی دەوڵەتی تورك لە هێرشی 23ی نیسانی 2021 كردووە و دەڵێت:" لە ساڵی 2021دا دوژمن بە فەرمی تێكشكێنرا، ئێستا دەوڵەتی تورك نایەوێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بكات و پێی هەزم ناكرێت، بۆیە دەیەوێت بە هەموو ئامراز و تواناكانی خۆیەوە تۆڵەی ئەو شكستەی بكاتەوە".

نەپەگە باسی ئەوەشی كردووە كە دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، هێرش دەكاتە سەر مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای كوردستان و دەیەوێت دەستكەوتەكانیان لەناوببات، دەشڵێت:"ئەوە ئامانجی داگیركاریی دەوڵەتی توركە، ئەگەر دوژمن تێكبشكێنین، ئەوە  تەنها لە زاپ تێكناشكێت، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت، سیستمی فاشیستیی جینۆسایدكار و پاكتاوكار تێكدەشكێت، بۆیە ئەم بەرخۆدانە بۆ  ئازادیی گەل و ڕێبەرایەتیمانە، لە هەمان كاتدا بۆ دیموكراسیی و گەلی ناوچەكە زۆر گرنگە، لەسەر ئەم بنەمایە، ئەوەی پێویست بێت بۆ سەركەوتن لەم بەرخۆدانە پیرۆزەدا دەبێت ئەنجام بدرێت".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار