بافڵ تاڵەبانی: لە هەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی هێزێكی تۆكمە و مۆدێرن بەردەوامین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمرۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی هێزەكانی حەفتای كرد و لەگەڵ فەرماندەکانی ھێزی حەفتای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند:" لە هەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی هێزێكی تۆكمە و مۆدێرن بەردەوامین، ئەوەشی وتووە، رێگە بەهیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت.
ئەمرۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە، بەمەبەستی بەدواداچوون و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە دوایین بەرەوپێشچوون و گۆڕانكارییەكان، بافڵ تاڵەبانی سەردانی هێزەكانی حەفتای كرد و لەگەڵ فەرماندەکانی ھێزی حەفتای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبووەوە.
لە كۆبوونەیەكدا كە شاڵاو کۆسرەت رەسول و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمهرگه و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری—زانیاریی ھەرێمی کوردستان بەشداربوون، گفتوگۆکراوە لەبارەی گەشەسەندن، پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە و جموجووڵی پاشماوەكانی داعش.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە بەرەوپێشبردنی توانا مرۆیی و سەربازییەكان كردۆتەوە و رایگەیاندووە، لە هەوڵەكانمان بۆ بونیادنانی هێزێكی تۆكمە و مۆدێرن بەردەوامین. مەشقی چڕ و راهێنانی بەردەوامی هێزەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان كۆڵەكەی گرنگی سوپایە و ئێمەش دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە بە باشترین شێوە ئامادە و پڕچەك بكەین.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە گرنگی توانا هەواڵگرییەكان كردووە و وتویەتی، دەبێت لەسەر بنەمای زانیاری ورد، هاوكاری و هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان كردە سەربازییەكان ئەنجامبدرێت و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستانیش لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە بێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا دوایین جموجووڵ و چالاكییەكانی داعش تاوتوێكران و بافڵ تاڵەبانی فەرماندە سەربازییەكانی راسپاردووە، بە هەمووشێوەیەك دژی هەر جوڵە و پلانێك بوەستنەوە كە ئارامیی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە. بۆ ئەمەش كاری هاوبەش و هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە گرنگ وەسفكرد.
بە گوێرەی هەمان ڕاگەیەندراو، بافڵ تاڵەبانی جەختیشی كردۆتەوە، هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنییەكانی كوردستان پارێزەری راستەقینەی سەر و ماڵی خەڵكن. بۆیە رێگە بەهیچ كەسێك نادەین هێزی تایبەتی هەبێت و بە هەمووشێوەیەك دژی دەوەستینەوە.
