پەروین بوڵدان: پـــارتـەكـــەی ئـەردۆغـان لـە کـوردسـتــــان شـــــەڕی هـــەڵــگــیـــرسـانــــدووە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند:" دەسەڵات لە بابەتی ئوکراینادا شەڕ رەتدەکاتەوە و لە هەرێمی کوردستان شەڕی هەڵگیرساندووە".
پەروین بوڵدان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رووی دەمی لە ئاکپارتی کرد و وتی: "ئێوە لە هەوڵی ئاشتەوایی ئێمە نیگەرانن و ئەمە دەبینین، بەڵام وازناهێنین". هەروەها باسی لە دۆخی ئابووریی تورکیا کرد و رایگەیاند، بەپێی ئامارەکان لە هەر سێ کەس دووانیان پێیانوایە لە ئاییندەدا گەندەڵی لە تورکیادا زیاتر دەبێت.
بوڵدان لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە وتی، هەفتەی رابردوو ئەندامانی بەشی یاسایی پارتەکە بەرگرینامەی پێویستیان بەرزکردووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی چڕنووک - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
رۆژی دووشەممە 25-4-2022 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی، وەک خۆی دەڵێت، هەڕەشەی پەکەکە بۆسەر وڵاتەکەی ناهێڵێت.
ئەردۆغان لەبارەی سنووربەزێنیی سەربازانی وڵاتەکەی وتی، ئامانجیان رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تەواوەتی پەکەکەیە و وتیشی: "ئەم ئۆپەراسیۆنەی دواییش هاوشێوەی ئەوانی دیکە گونجاوە و لە چوارچێوەی رێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی دراوسێکانمان و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبرێت".
