كازمی لەشەنگالەوە یارمەتیی سوپاكەی ئەردۆغان دەدات

هێزی رەوانە كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان سوریاو عێراق و لێدان لەهێزەكانی یەبەشە

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز  

مستەفا كازمی لەشەنگالەوە یارمەتی سوپاكەی ئەردۆغان دەدات لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا هێزێكی زۆری بەچەكی قورسەوە رەوانەی شنگال كردووە ئەوەش لەپێناو   كونتروڵكردنی سنوری نێوان عێراق و سوریا و لێدان لەهێزەكانی یەبەشە.

دۆخی شەنگال رۆژ بە رۆژ بەرەو ئاڵوزی زیاتر دەڕوات و گرژی و كێشەكان لەنێوان لایەنەكان زیاتر دەبێت بەتایبەت لەنێوان یەبەشە و سوپادا كە مستەفا كازمی دەیەوێت رۆڵی یەبەشە لەشەنگالدا كەمبكاتەوە، لەكاتێكدا هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان شەنگالیان لەدەستی داعش رزگار كردو ساڵی 2018 پەكەكە بەفەرمی لە شەنگال كشاوەتەوە.

بەرپرسێكی سوپای عێراق ئامانجی هاتنی ئەو فیرقە سەربازییەی سوپای عێراق بۆ شەنگال ئاشكرا دەكات و دەشڵێت:» بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوری نێوان سوریاو عێراق هاتوون».
سەعد قاسم،  لێپرسراوی راگەیاندنی فیرقەی 20ی سوپای عێراق لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: « ئەو هێزەی كە پێش دوو رۆژ گەیشتوونەتە شەنگال  بۆ سێ‌ مەبەستی سەرەكین ، یەكەمیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەكدارانەی داعشە كە ئەگەر هێرش بكەن تا ئەم هێزە بەرپەرچی بداتەوەو رێگا بە ئەوان نەدات كاری تیرۆری و كوشتن لەناوچەكە بكەن ، دووەمیان  كونتروڵكردنی بەتەواوەتی سنوری عێراق لەگەڵ سوریا كەئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە، چونكە تا سنور بەتەواوی كونتروڵ نەكرێت كێشە هەر دروست دەبێت «.
لێپرسراوی راگەیاندنی فیرقەی 20ی سوپای عێراق لەشەنگال، مەبەستی سێیەمی هاتنی سوپای عێراقی روونكردەوە كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانەیە كە سەرپێچی یاسا دەكەن و دەیانەوێت دۆخی ناوچەكە لەڕووی ئەمنییەوە تێكبدەن.
مستەفا كازمی لەگەڵ ناردنی هێز بۆ شەنگال دوێنێ سێشەممە بڕیاریدا پارێزگاری نەینەوا بەوەكالەت ببێتە قایمقامی قەزای شەنگال.
رەفعەت سمو ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «  سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا سەرپەرشتی كاروبارە ئیدارییەكانی شەنگال بكات و وەك قایمقام قەزاكە بەڕێوەببات بەشێوەیەكی كاتی ، هەفتانە یەك رۆژ لەشەنگال دەوام بكات».
جێگری پارێزگاری نەینەوا باسی لەوەشكرد كە (فەهد حامد) قایمقامی ئێستای شەنگال شەرعی نیەو ئیدارەی پارێزگای نەینەوا مامەڵەی لەگەڵ ناكات.
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەو هێزەی عێراق پێكهاتبوون لەكەتیبەیەكی دەبابە لەگەڵ كەتیبەیەكی تری چەكی قورس، جگە لەمانەش لەگەڵ فیرقەیەكی سەربازی، ئەم هێزەیە هاتوون سنورێك بۆ چالاكییەكانمان دابنێن و خەونەكەی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن ئەویش رێككەوتنی بەغداو هەولێر كە لەكۆتایی ساڵی 2020 واژۆكراوە».
لەكۆتایی ساڵی 2020، لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتەكەی كازمی رێككەوتنێك كراوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال، بەڵام هێزەكانی یەبەشەو بەشێك لەدانیشتوانەكەی دەڵێن پرس و راوێژ بەئەوان نەكراوەو لەگەڵیدا نین.
ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی خۆسەری پێشیوابوو كە شەنگال هیچ پێویستی بەچەكی قورس و هێزی زیاتر نیەو  شەنگال ئارامە، بەڵام هەندێك لایەن دەیانەوێت دۆخی ئەمنی قەزاكە تێكبدەن، وتیشی:»پەیاممان بەو ئەو هێزەی عێراق كە هاتوونەتە ناو شەنگال ئەوەیە كە هیچ كەسێك ناتوانێت بیانترسێنێت و بەردەوام دەبن لەسەر خەباتی خۆمان».
فەرماندەی پاراستنی هێزی  ئێزدیخان  كە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە لەشەنگال لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى حەشدی شەعبی و یەبەشە تۆمەتبار دەكات بەدروستبوونی گرژی و ئاڵوزی و شەڕ لەشەنگالدا.
حەیدەر شەشۆ پێشیوابوو ئەو شەڕو ئاڵۆزییەی نێوان سوپای عێراق و یەبەشە پەیوەندی بەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی توركیاوە هەبووە بۆ سەر ناوچەكانی بادینان وتیشی:» ئێمە بەدووری نابینین چونكە هەر كاتێك ئۆپەراسیۆن لەهەرێمی كوردستان دەستپێ‌دەكات، پەكەكە دەڵێت ئێمە لەشەنگالیشین ئەمە رێگا بۆ توركیا خۆشدەكات بۆردومانی ناوچە سنورییەكان بكات».

فەرماندەی پاراستنی هێزی  ئێزدیخان  پێشیوابوو كە حكومەتی عێراق تەنیا ناوە، حكومەتێك نیە كە بتوانێت كێشەكانی شەنگال چارەسەربكات یان بەرگری لەسنورەكانی خۆی بكات «حكومەتی عێراق بەرژەوەندی لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە ناتوانێت هیچ قسەیەك لەسەر حەشدی شەعبی بكات، لەهەمانكاتدا چەند كەسێك لە حكومەتی عێراق بەرژەوەندییان لەگەڵ توركیا هەیە، بۆیە هیچ هەڵوێستیان لەسەر بۆردومانكردن و بەزاندنی سنورەكان نیە، بەغدا وا مامەڵە لەگەڵ توركیاش دەكات كە شەنگال بۆردومان بكات بە بیانووی بوونی پەكەكە».

هەشت هێزی جیاواز لەشەنگال بوونیان هەیە كەژمارەیان دەگاتە 37 هەزارو 700 چەكدار. كە ئەوانیش پێكهاتوون لە هێزەكانی ( سەبازی سوپای عێراق ، پۆلیسی فیدراڵی ، پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ، هێزەكانی یەبەشە- یەجەشە، حەشدی شەعبی، پێشمەرگەی پاراستنی مەزارگەی شەرەفەدین ، پێشمەرگەی حەیدەر شەشۆ).

 كارمەندانی پۆلیسی ناوخۆ هەزار و 900 پۆلیس ، لەگەڵ لیوایەكی سوپای عێراق كە لەشەنگال ژمارەیان سێ هەزار و 500 سەربازە.

 چوار هەزار و 800 شەڕڤان، 15 هەزار سەربازی حەشدی شەعبی، لەگەڵ سێ‌ هەزار پێشمەرگە لەمەزارگەی شەرەفەدین،  هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدرالی  ژمارەیان 14 هەزار كەس دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار