یهكێتی و یهكگرتوو یەكڕیزیان راگەیاند

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەفدێكی یەکێتی سهردانی سهلاحهدین بههادین، ئهمینداری گشتی یهكگرتوویان كرد و له دانیشتنێكدا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022، به گوێرهی راگهیهندراوی نووسینگهی سهلاحهدین بههادین، ئهمینداری گشتی یهكگرتوو تیایدا هاتووه: سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بە ئامادەبوونی عومهر عهبدولعهزیز و مستەفا عهبدوڵا، كارگێڕانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازیان كرد لە قادر حهمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیەكانی یەكێتی و حامید حاجی غالی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
باس لهوهشكراوه: لە دیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عیراق و ناوچەكە كراو جەختیشكرایەوە كە عیراق و هەرێم بە قۆناغێكی بێ متمانەی سیاسی و دابڕانی لایەنە سیاسیەكاندا تێدەپەڕێت و ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان بارودۆخەكەی گەیاندوهتە بنبەستێكی نەخوازراو كەجێی نیگەرانیە، حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا تێدەپەڕێت و تائێستا هیچ هەنگاوێكی جدی نەنراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا هەردولا هاوڕابوون كەپێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو یاساو پرسانەشی كە رەهەندی نیشتمانیان هەیە بە رێككەوتن تێپەڕێندرێت.
ئهوهش هاتووه: لەكۆتای دیدارەكەدا جەختكرایەوە كە خزمەتگوزارییەكان و بژێوی ژیان و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئاستێكی زۆر خراپدایەو دەسەڵات بەرپرسەو ئەركی سەرەكیەتی بەجدی چارەسەری بكات، ناكرێت ئەو فەرمانبەرانەی كە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی وڵات و دامودەزگاكان بەخشیوە و خانەنشین بوون لە ئێستادا بێڕێزیان بەرانبەر بكرێت لەكاتی وەرگرتنی مووچەكانیان و لەپێناو وەرگرتنی مووچە گیان لەدەست بدەن.
