بەشێك لەبازرگانەكان لەپێناو دەستكەوتی پارەدا خۆراكی ناتەندروست ساغ دەكەنەوە
لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك بۆهاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شەنای فاتیح
ئەندازیارێكی خۆراك كە پێشتر سەرۆكایەتی لیژنەكانی قایمقامییەتی لەسلێمانی كردووە دەڵێت:» بەشێك لەبازرگانەكان لەپێناو دەستكەوتنی پارەیەكی زیاتر جۆرەها خۆراك و كاڵاو شتومەكی ناتەندروست بەسەر هاووڵاتیاندا ساغدەكەنەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەركی حكومەتە رێگری لەوەبكات».
لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ باسی زیانەكانی جبس دەكات كە زۆركات منداڵان دەیخۆن لەگەڵ خواردنی خێراو لە قتونراو، دەشڵێت:» ئەو كەسانەی خۆراك و شمەكی ناتەندروست دەدەنە هاووڵاتیان كەسانێكن كە لەڕووی ویژدانییەوە گوناحبارێكی سەرەكین».
هاوڵاتى: جبس چییەو لەچی دروست دەكرێت؟
لەشكر حەمید: جبس چەند جۆرێكی هەیە، پێكهاتەی سەرەكی جبسی لە پەتاتە یان گەنمەشامی لەگەڵ زەیت و خوێ و تام دروستدەكرێت، بەداخەوە كوالێتی ئەو پەتاتەیەی بۆی بەكاردەهێنرێت زۆر نزمە و زۆرجار ئەو زەیتەشی بۆی بەكاردەهێنرێت چەندجار بەكارهاتووە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت و رێژەیەكی زۆر چەوری هەڵدەمژێت و رێژەیەكی زۆر خوێی تێدایە كەئەمەش بەدڵنیاییەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر مرۆڤ هەیە بەتایبەتی منداڵ، لەبەرئەوەی جبسەكە وادەكات ئیشتیهای خواردنی بگیرێت كەئەمەش خواردنە سودبەخشەكان و كانزا و مینراڵ و ڤیتامینەكان نەخوات و تەنها بەو جبسە تەعویزی دەكاتەوە.
هاوڵاتى: ئەگەر زیانی تەندروستی هەیە بۆچی رێگەی پێدەدرێت لە ماركێتەكاندا دابنرێت و بفرۆشرێت؟
لەشكر حەمید: بەنیسبەت زیانەكانەوە بێگومان زیانی هەیەو لەسەرتاسەری جیهان رێژەیەكی زۆر لەو خواردنانەی كەزیانیان هەیە بەكاردهێنرێن، بەڵام بەرێژەیەكی كەم بەكاردەهێنرێن بەڕێژەیەكی رەها بەكارناهێنرێن.
كوالێتی ئەو پێكهاتانە بەداخەوە ئەوەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە جگە لەوەی كەخۆی زیانی هەیە كوالێتیەكەشی باش نییە كە ئەمە بەدڵنیاییەوە كوالێتیەكەشی خراپەو باشترین شت ئەوەیە كە ناتوانرێت بە رەسمی ئەو شتانە قەدەغەبكرێن، بەڵام وابڵاوبكرێنەوە لەناو خەڵكدا كە زیانەكانی و مەترسیەكانی رێگریش بكرێت لەو جبسانەی كەبەشێوازێكی كوالێتی نزم دروستدەكرێن و بە كوالێتیەكی باش دروستبكرێن بۆ ئەوەی كاریگەریەكەی زیاتر نەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ.
هاوڵاتى: ئایا بازرگانیكردن لە تەندروستی خەڵك بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی گرنگترە؟
لەشكر حەمید: بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبینین لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەشێك لەبازرگانەكان لەپێناو دەستكەوتنی پارەیەكی زیاتر جۆرەها خۆراك و كاڵاو شتومەكی ناتەندروست بەسەر هاوڵاتىاندا ساغدەكەنەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەركی حكومەتە رێگری لەوەبكات، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە گرنگی تەواو بەئاسایشی خۆراك لەهەرێمی كوردستان بدات و بەروبوومی خۆماڵی زیادبكات و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارەكەدا بخاتەگەڕ كە پسپۆڕی خۆراك بن لەسێكتەری چاودێری سەلامەتی خۆراكداو كاربكەن بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری دروست و تەندروست لەسەر ئەو هەموو كاڵاو شمەكانە ببدەن كەبەشێوازێكی ناتەندروست دەدرێتە هاووڵاتیان.
هاوڵاتى: ئەم حاڵەتە تەنها لەسلێمانی هەیە یان لەسەر ئاستی كوردستان؟ هەر هەمان جبس ناچێتە هەولێرو دهۆكیش؟
لەشكر حەمید: بەدڵنیاییەوە بوونی حاڵەتی جبس تەنیا لەسلێمانیدا نییە و سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە هەمووشی بەیەك شێوازە و بەشێكی زۆری ئەو جبسانە لەڕووی كوالێتییەوە كوالێتییەكی باش نییە بەدەرە لەوەی كە جبس خۆی لەخۆیدا زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە.
هاوڵاتى: پێتانوایە پێویستە حكومەتی هەرێم و ئاسایشی خۆراك لەسەر ئەم پرسە بێتە سەرخەت؟ بەتایبەت وەزارەتی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لەوەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانی، ئەمانە نابێت ژوورێكی عەمەلیاتیان لەسەر ئەم پرسە هەبێت؟
لەشكر حەمید: بەدڵنیاییەوە پێویستە ژوورێكی عەمەلیاتی تۆكمە هەبێت و كەسانی پسپۆڕ و شارەزای تێدابێت و هەموو ئەو خۆراك و كاڵا و شمەكانەی كە لەسنورەكاندا داخڵی هەرێمی كوردستان دەبێت بەو فلتەرانەدا بڕوات ئینجا رێگەیپێبدرێت، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی كوردستاندا تائێستا نەتوانراوە ئەو كاڵاو خۆراكانەی كەبەشێوازێكی ناتەندروست و نایاسایی داخڵ دەبن رێگری لێبكرێت.
هاوڵاتى: بۆچی خۆراكی لەقوتونراو لەقوتوی شوشەدا باشترە وەك لەقوتوی دیكە؟
لەشكر حەمید: بەدڵنیاییەوە هەموو خۆراكێك لە شووشەدا سەلامەتترە وەك لە قوتو، لەبەرئەوەی شوشە هیچ پێكهاتەیەكی شی نابێتەوە و لەگەڵ خۆراكەكەدا كارلێك ناكات و لەگەڵیدا تێكەڵ نابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە قوتو زۆرجار بەهۆی ترشێتی ئەو ماددانەی تیایەتی شیبوونەوە روودەدات و بەشێك لەپێكهاتەی ئەلەمنیۆمەكە یان قوتووەكە تێكەڵی خواردنەكە دەبێت.
هاوڵاتى: كاریگەری نیتراتی سۆدیۆم (ماددەی پارێزەر) لەسەر جەستەی مرۆڤ چییە؟
لەشكر حەمید: نیتراتی سۆدیۆم، ماددەی پارێزەر ئەگەر رێژەیەكی زۆر بەكاربهێنرێت لە خواردنەكاندا، لە جەستەی مرۆڤدا دەنیشێت و بەباشی هەرس ناكرێت و كرداری هەرسكردن كاری تێناكات و ئەمەش وادەكات بەرگری لەش كەمبكاتەوە و یەكێكە لەهۆكارەكانی نەخۆشی شێرپەنجە، بۆیە نیترات پێویستە بەرێژەیەكی زۆر كەم تێبكرێت كە لە (ملیۆنێكدا 0.2) ، بەڵام ئەو رێژانە لە خواردنەكانی هەرێمی كوردستاندا تێست ناكرێت تابزانرێت چەندی تێدایە..
هاوڵاتى: ئەگەر خواردنی لەقوتونراو لەپلەی گەرمی سەروو 25°ی سیلیزیدا هەڵبگیرێت چی لێدێت و كاریگەری و زیانەكەی دەبێتە چەند؟
لەشكر حەمید: بەنسبەت خواردنە لەقوتونراوەكان پێویستە لەپلەی گەرمی ژووردا هەڵبگیرێن كە ٢١-٢٥ پلەیە یان لە بەڕاددا هەڵبگیرێن و بەدڵنیاییەوە كە لەپلەی گەرمی بەرزدا هەڵدەگیرێن زۆرجار بەتایبەتی ئەوانەی پێكهاتەی گۆشتیان تێدایە بەهای خۆراكی لەدەستدەدات و بەكتریا تێیدا گەشەدەكات كە ئەمەش دەبێتە هۆی ژەهراویبوون
هاوڵاتى: بەدیلی خواردنی لەقوتونراو و جبس چییە؟ كەسێك كاتی كەم بێت و پێویست بكات خواردنی خێرا یان خواردنێكی لەقوتونراو بخوات، یان منداڵێك حەزی لەجبسە، بەدیلی ئەمانە چییە؟
لەشكر حەمید: بەدڵنیاییەوە بەهۆی سەرقاڵی ژیانی رۆژانەوە زۆرجار ناچاردەبیت خواردنی خێرا یان خواردنی لەقوتونراو بخورێت، بەڵام پێویستە ئەمە نەبێتە نەریت و لە هەفتەیەكدا جارێك بۆ دووجار تێنەپەڕێت بۆ ئەوەی كاریگەریەكەی زیاتر نەبێت
هاوڵاتى: بابەتی كوالێتی خراپی خواردنی لەقوتونراو و جبس بابەتێكی جیهانییە؟ یان تەنها لەكوردستاندا هەیە؟
لەشكر حەمید: بەنیسبەت خۆراكی كوالێتی نزم بێگومان لەسەرتاسەری جیهاندا هەیە، بەڵام بەو ئاستەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە مەگەر لەوڵاتە دواكەوتووەكاندا هەبێت ئەگینا بەهیچ شێوەیك بوونی نییە، لەبەرئەوەی لەهەرێمی كوردستانداو لەتاقیگەكانی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدا نین كە پێكهاتەكانی خۆراك و ئەو بەشانەی كە لەخۆراكەكەدا هەیە بەتەواوی شیكردنەوەی بۆ بكرێت و بڕیار لەسەر سەلامەتی و تەندروستی بدرێت، كۆمەڵێك فەحسی سەرەتایی دەكرێن، بەڵام ئەمە بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت بڕیار لەسەر كوالێتییەكەی بدرێت.
هاوڵاتى: زۆرجار دەوترێت ئیشی حەڵاڵ نەماوە،خواردنێك كە كوالێتی خراپە دەرخواردی خەڵك بدرێت ئەمە لەڕووی دینییەوە راستە مامۆستایانی ئاینی قسەی لەسەر دەكەن، بەڵام بەزمانێكی كوردەواری دەچێتە چوارچێوەی ئیشی حەرامەوە؟
لەشكر حەمید: ئەو كەسانەی خۆراك و شمەكی ناتەندروست دەداتە هاووڵاتیان كەسانێكن كە لە رووی ئاینی و ویژدانییەوە گوناحبارێكی سەرەكین.
هاوڵاتى: بۆچی ئەو كاتەی بەڕێزتان سەرۆكایەتی لیژنەكانی قایمقامیەتان دەكرد ئەم شتانەتان باس نەدەكردو ئێستا زیاتر باسی دەكەن كە لەلیژنەكاندا نەماویت؟ ئایا پەیوەندی بەوەوە هەیە كەجارێكی دیكە بگەڕێنەوە لیژنەكانی قایمقامیەت؟
لەشكر حەمید: بەنسبەت ئەو كارانەی كەمن باسم ئەكرد بەدڵنیاییەوە لە رابردوودا و لەساڵی ٢٠١٥وە بەبەردەوام كارم لەسەر ئەوە كردووە ئەو فێڵانەی كە لەخۆراكدا دەكرێن، ئەو بازرگانانەی كە فێڵ لەخۆراكدا دەكەن ئاشكرابكەم بۆ هاووڵاتیان.
لەكاتی لیژنەكانی قایمقامییەتیشدا بەشانازییەوە كۆمەڵێك كارم كرد كە لەرابردوودا نەكرابوو و كۆمەڵێك كەیسی گەورەی حەساسم جوڵاندووە، بۆیە هیچ هۆكارێكی ئەوە نییە كەلیژنەكانی قایمقامییەتم یان ناو من لە رابردوو و ئێستاو داهاتووشدا لەسەر هەمان مەنهەجی خۆم دەڕۆم كە سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتیان لەپێش هەموو شتێكەوەیە، بۆیە ئەگەر بێدەنگ بوومایە لەوانەیە لەڕابردووشدا باجی گەورەم نەدایە.