عێراق لەلایەن توركیاو ئێرانەوە دیل دەكــرێت
سەرەڕای هەماهەنگی بازرگانی و دۆستایەتی، توركیا خاكی هەرێمی كوردستان داگیر دەكات و ئێرانیش مــــــــــــووشەك دەهاوێژێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئێران و توركیا دوو وڵاتی دراوسێی عێراقن كە بە بیانوی جیاواز و بوونی نەیارانیان خاكی هەرێمی كوردستان دەبەزێنن و سەروەریی عێراق پێشێل دەكەن بەجۆرێك ئەم دو وڵاتە زۆرترین بوونی سەربازییان لەعێراقدا هەیە.
توركیا لە ماوەی سێ ساڵدا 10 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام داوە كە سەرجەمیان بە پەنجە دەستیانپێكردوە و ئێرانیش بە پاڵپشت و پشتیوانی سەرەكیی 100 هەزار چەكداری شیعە لەعێراق لەقەڵەم دەدرێت و لە ماوەی كەمتر لەچوار ساڵدا چەند جارێك خاكی هەرێمی كوردستانی بە بیانوی بوونی نەیارانی و بنكەی هەواڵگریی ئیسرائیل موشەكباران كردووە.
ئەو دو وڵاتە بەهۆی كردەوە سەربازییەكانیان عیراقیان گیرۆدە كردووە و ئەوەش لە رووی سیاسی و سەربازییەوە بە بارمتەگرتنی عێراق لە لایەن تاران و ئەنقەرە ناودەهێنرێت.
بەگشتی توركیا بەپەنجە و ئێران بەحەشدو موشەكباران لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا زۆرترین كێشەیان بۆ عێراق دروستكردووە
عێراق لەبەرداشی ئێران و توركیا
رۆژنامەیەكی ئەڵمانی ئاشكرای دەكات توركیا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و ئێران بە چەكدارە شیعەكان و موشەكبارانی هەرێمی كوردستان، عێراقیان بەبارمتە گرتووە.
رۆژنامەی تاگس ئێشپیگل لە ئەڵمانیا بڵاویكردووەتەوە، عێراق بووەتە دیل و بارمتەی دەستی توركیا و ئێران، چونكە ئەو دو وڵاتە زۆرترین هێزی چەكدار و بنكەی سەربازییان هەیە لەخاكی ئەو وڵاتە دراوسێیەیان.
توركیا لە 17ی ئەم مانگەوە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی لە خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بە پێی راپۆرتی رۆژنامە ئەڵمانیەكەش سوپای توركیا زۆرترین بنكەی سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیە بەبێ ئەوەی حكومەت بە فەرمی دژایەتیی خۆی دەربڕیبێت.
ئێشپیگل نووسیویەتی:» توركیا بەهەموو جۆرە چەك و فڕۆكەیەكی جەنگی دەستی بە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراون كردووە لە چەند ناوچەیەكی خاكی هەرێمی كوردستان كە 100 كیلۆمەتر لەسنورەكانی توركیا دوورە.. توركیا بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگیی و تۆپخانە هێرشی كردووەتە سەر ئەو ناوچانە لەكاتێكدا دەیان بنكەو بارەگای خۆی لەهەرێمی كوردستان جێگیر كردووە».
ئەگەرچی حكومەتی عێراق بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی لەدژی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای توركیا دەربڕیوە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:»حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك دەسەڵاتدار لە بەغدا پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە»..
رۆژنامەی ئێشپیگل ئاماژەی بەوە كردووە توركیا 40 ساڵە دژی پەكەكە شەڕ دەكات و تەنانەت نەیتوانیوە ئەو هێزە لاواز بكات، بۆیە ئەوەی زیانمەندی سەرەكیی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانی ئەو وڵاتەیە خاكی هەرێمی كوردستان و وڵاتی عێراقە.
لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی ئێشپیگلدا هاتووە، «سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنانەی توركیا هاوكات ئێرانیش بوونی لە خاكی عێراقدا حاشا هەڵنەگرەو ئەو وڵاتە بەراورد بە توركیا زۆرترین كاریگەریی سیاسی و سەربازیی لە عێراق هەیە بەتایبەت كە هەر كاتێك بیەوێت بە بیانوی بوونی ئیسرائیل و چەكدارانی نەیاری لەهەرێمی كوردستان دەست بەموشەكباران دەكات.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە دوای شكستی گروپە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا هەڵوێستەكانی توند بووە بەتایبەت كە زۆربەی هێزە شیعەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی لەژێر كاریگەریی ئەو وڵاتەدا جموجۆڵی سیاسی و سەربازیی دەكەن.
ئیشپیگل نووسیویەتی رۆڵی ئێران لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر لەتوركیا بەهێزتر و كاریگەرترەو ئەوەش وای كردووە ئەو دو وڵاتە زۆر زیاتر لەجاران عێراق و هەرێمی كوردستان بكەنە گۆڕەپانی ململانێكانیان.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە ململانێكانی توركیا و ئێران لەعێراق گەیشتووەتە ناوچەی شەنگال و مستەفا كازمی ، سەرۆك وەزیرانی عێراق سكاڵای خۆی گەیاندووەتە ئەمریكا و رایگەیاندووە نابێت رێگە بدرێت عێراق ببێتە شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێی دراوسێكان.
پەنجەكانی توركیا لەهەرێمی كوردستان
توركیا لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016 ئۆپەراسیۆنەكانی لە وڵاتانی دراوسێی بەتایبەت عێراق (هەرێمی كوردستان) و سوریا زیاد كردووە و ئەوەش بە گۆڕانكارییەكی ستراتیژیی ئەنقەرە لەقەڵەم ەدرێت كە لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەوە سەركردایەتی و سەرپەرشتی دەكرێت.
توركیا لەسێ ساڵدا 10 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە تەواویان بە ناوی چنگ دەستپێدەكەن، لەو ئۆپەراسیۆنانەشدا بە قوڵایی 50 كیلۆمەتر خاكی هەرێمی كوردستانیان داگیركردووەو بنكەو بارەگاكانیان لەو شوێنانەی جێگیربوون داناوە.
سوپای توركیا لە 27ی ئەیلولی ساڵی 2019 لەناوچەی خواكوڕك لەقەزای سۆران ئۆپەراسیۆنی چنگی یەك-ی دەستپێكرد.
دوای راگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی بە ناوی پەنجەی دوو لە رێككەوتی 13ی تەمموزی 2019 راگەیاند.
سوپای توركیا جارێكی دیكە لەهەمان ساڵدا ئۆپەراسیۆنی چنگی سێ-ی لە 23ی ئابدا راگەیاندو ئەو ئۆپراسیۆنەش ناوچەكانی حەفتانین-ی لە قەزای زاخۆی سەر بەپارێزگای دهۆك گرتەوە.
تەنها لەساڵی 2019 دا سێ ئۆپراسیۆنی بەرفراوانی بە بیانوی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناوچەكانی دهۆك و هەولێر ئەنجامداوە.
توركیا دوای ئۆپراسیۆنی چنگی سێ لەساڵی 2019، لە 15ی تەمموزی 2020 ئۆپراسیۆنێكی نوێی بەناوی چنگی هەڵۆ راگەیاندو لەشكركێشیی و هێرشە سەربازییەكانی زۆربەی ناوچەكانی نێوان باكور و هەرێمی كوردستانی گرتەوە.
دوای چنگی هەڵۆش لە رێككەوتی 17ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا ئۆپەراسیۆنێكی بەناوی چنگی پڵنگ دەستپێكردو لە 10ی شوباتیشدا ئۆپراسیۆنێكی دیكەی بەناوی چنگی هەڵۆ راگەیاند كە زۆربەی ناوچەكانی گارەی گرتووە و ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیاش لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە بەدیل گیران.
سوپای توركیا لە 10ی مانگی شوباتی 2021 ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی دوو-ی لەناوچەكانی گارە دەستپێكردەوە.
توركیا لە بەهاری هەمان ساڵدا دەستی بەئۆپراسیۆنەكانی چنگی هەورەبروسكە كردو تا ئێستاش پێچەوانەی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەكان كۆتایی بە پەنجەی هەورە بروسكە نەهێناوە.
لەماوەی دوو ساڵدا سوپای توركیا نۆ ئۆپەراسیۆنی بە پێشگرەی ناوی چنگ لە هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و لە ئێوارەی 17ی ئەم مانگەشدا ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی لەئاسمان و زەویی هەرێمی كوردستان بەناوی پەنجە قوفڵ دەستپێكرد و بەوەش لە سێ ساڵدا دەیەمین ئۆپراسیۆنی خۆی بە بیانوی گەریلاكانی پەكەكەوە دەستپێكرد.
ئەوەی تێبینی كراوە لەسەرجەم ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا، سوپای توركیا لەهەر ناوچەیەك جێگیربووبێت ناوچەكەی چۆڵ نەكردووە و ئەوەش وەك داگیركاری ئەژمار دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانیش لەماوەی سەرجەم ئۆپراسیۆنە نوێ و كۆنەكاندا، وڵاتی توركیا بە نزیكەیی و قوڵایی 50 كیلۆمەتر لەسنوری خاكی هەرێمی كوردستاندا جێگیربوون و بنكە و بارەگایان داناوە.
باڵی سەربازیی ئێران یان حەشدی شەعبیی عێراق؟
حەشدی شەعبی كە ژمارەیان لە 100 هەزار چەكدار زیاترە و 44 لقی لێدەبێتەوە لە رووی بیروباوەڕەوە نزیكن لە ئێرانەوە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش ئەو چەكدارانە بە باڵی سەربازیی كۆماری ئیسلامی ئێران یان لقێكێكی فەیلەقی قودس-ی سەر بە سوپای پاسداران لەقەڵەم دەدەن.
گەشتە بەردەوامەكانی فەرماندەكانی فەیلەقی قودس لەم دواییانەدا بۆ هەولێر و بەغدا بەڵگەی ئەوەیە ئێران ئەو هێزانە و لایەنگرانی شیعەی سەر بە وڵاتەكەی لە عێراق ئاڕاستە دەكات بە تایبەت كە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی 10ی ساڵی رابردوو گەشتەكانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودس بۆ عێراق بە تایبەت بەغدا زۆر زیادی كردووە.
دوای شكستی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ئێران لەو هەڵبژاردنانەی عێراقدا تا ئێستا فشارەكانی ئەو وڵاتە زۆر زیاتری كردووە و هەر ئەوەش وای كردووە لایەنی براوە لە وڵاتەكە نەتوانێت دوای زیاتر لە پێنج مانگ حكومەت پێكبهێنێت.
ئێران تۆمەتبار دەكرێت بەوەی كە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی ئۆكتۆبەر هۆكار بووە بۆ هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمانگی تشرینی دووەمدا كە بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجام درا.
موشەكبارانەكەی مانگی سێش بۆ سەر هەولێر كە ئێران بە راشكاوانە لەئەستۆی گرت لەهەمان چوارچێوەی جموجۆڵە سەربازییەكانی و بەكارهێنانی هێزبوو بۆ بەهێزكردنی خۆی لە عێراق.
سەرەڕای ئەو دوو هێرشە دیارە و بەچاوە لەعێراق، زۆربەی هەوڵەكانی هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق بە هەوڵی ئێران و لایەنگرانی لەقەڵەمدەدرێت لە دژی ئەمریكا و بەبڕوای چاودێرانیش ئەو هەوڵانە لە پێناو وەرگرتنی پشكی زیاتری تارانە لەبوارەكانی سیاسی و ئابوریی لەبەغدا.
توركیاو ئێران چاویان لەداهاتی عێراقە
بەپێی ئەو ئامارانەی توركیا بڵاوی كردووەتەوە ئاستی بازرگانیی ساڵی 2020ی نێوان عێراق و توركیا 20 ملیاردو 666 ملیۆن دۆلار بووە كە زۆرینەی كاڵای توركی بۆ وڵاتەكە هاوردە كراوە و 15 بۆ 20 هەزار كرێكار و ئەندازیاری توركیا لەعێراق كاریان كردووە و بەردەوامن لەكار و پڕۆژەكانیان.
دەیان كۆمپانیای توركیا لە بواری دروستكردنی پردو شوێنی نیشتەجێبون و تونێل لەعێراقدا سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیانن.
هاوڵاتیانی عێراقی لەساڵی سەرەتای 2015 تا كۆتایی 2020 نزیكەی 33 هەزار و 544 خانو و موڵكیان لە توركیا كڕیوە و بەوەش بوونەتە یەكەم هاووڵاتییانی بیانی كە زیاترین خانوو موڵكیان لەو وڵاتە كڕیبێت كە دوای ئەوانیش هاووڵاتییانی ئێرانی هەر لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا 18 هەزار و 454 موڵك و خانویان كڕیوە بەوەش دووەم خەڵكی وڵاتانی بیانی بوون كە زیاترین موڵك و خانویان لەتوركیا كڕیبێت.
ناوەندی نیشتیمانیی ئاماری توركیا (TÜİK) لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەو ئامارانە ئاماژەی بەوە كردووە ژمارەی دانیشتوانی عێراق نیوە ژمارەی دانیشتوانی ئێرانە كە زیاترە لە 83 ملیۆن كەس.
بەپێی بەراوردەكانی ناوەندە ئابورییەكانی ئێران، ئەو وڵاتە و عێراق توانای ئەوەیان هەیە لانیكەم لە ساڵێكدا ئاستی بازرگانیی نێوانیان بگەیەننە 30 ملیار دۆلار، بەڵام ئەو ژمارەیە بووەتە خەونێكی بەدی نەهاتوو چونكە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نانەوتی و نەوتیی نێوان تاران و بەغداد لە 13 ملیار دۆلار تێپەڕی نەكردووە.
لە ئامارەكانی ئەمساڵی گومرگی ئێراندا ئاشكرا بووە ئێران لەسەرەتای ساڵی 2020 تا كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 18.2%ی كاڵای وڵاتەكەی بە بەهای نۆ ملیار دۆلار رەوانەی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە ئەو بڕەش 20% بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی كردووە.
لەبەرامبەردا هەر لەماوەی ئەو یەك ساڵەدا ئاستی هەناردە لە عێراقەوە بۆ ئێران گەیشتوەتە دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن كە بە وتەی بەرپرسانی گومرگی ئێران ئەوە زۆرترین هاوردەی 20 ساڵی رابردووە كە لە عێراقەوە هاتبێتە وڵاتەكەیان كە بەهای كەمێك لە یەك ملیار دۆلار زیاتر بووە.
لەئامارەكاندا دەردەكەوێت ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو دو وڵاتە دەگاتە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە لە كاتێكدا لە ساڵی 2019ەوە دەیان كۆبوونەوەی بازرگانیی لە نێوان تاران و بەغدا بەڕێوەچووە بۆ ئەوەی ئاستی بازرگانیی نێوانیان بۆ 21 ملیار دۆلار بەرزبكەنەوە.
توركیا و ئێران دوو نەیار و دراوسێی هەرێم
توركیا و ئێران كە مێژویەكی دورودرێژیان لە ملمالانێ هەیە زۆرجار پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە وڵاتانی دراوسێیان دەبەن ئەوەش وەك رووبەڕوبوونەوەی نەیارانیان دەكەنە بیانوو پاساو بۆ هێرشكردنە سەر خاكی وڵاتان ئەو بابەتەش رەنگدانەوەی لە پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ئەنقەرە هەبووە.
توركیا و هاوپەیمانەكانی لەعێراق و هەرێمی كوردستان، ئێران تۆمەتبار دەكەن بە پشتیوانیی لەپەكەكە و ئەوەش وای كردووە تەنانەت پاسەوانانی سنور و فەرماندە سەربازییەكانی توركیا بە پاسەوانانی سنوری ئێران بڵێن ئامادەن بۆ شكستی پەكەكە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان هێرش بكەنەسەر خاكی ئێرانیش ئەوەش كاردانەوەی وەزارەتی دەرەوی ئێرانی لێكەوتەوە.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی دووشەممە (25/4/2022) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە بەشێك لەمیدیا و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان بە راستەوخۆ بڵاویان دەكردەوە، رایگەیاند؛ پاسەوانانی سنوری وڵاتەكەی بەهەموو شێوەیەك بەرگریی لەخاكی ئێران دەكەن، بۆیە داوامان لە توركیا ئەوەیە كە گاڵتەئامێزانە لەگەڵ بەو جۆرە لێدوانانە بێڕێزیی بە ئێران نەكەن، چونكە ئێران بەرپرسیارانە مامەڵە دەكات و چاوەڕوانە دروسێكانیشی بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و لەجیاتی بێڕێزیی، ئەركەكانی خۆیان ئەنجامبدەن.
توركیا و ئێران لەسەر پرسە جیاوازەكان ناكۆكی قوڵیان هەیە بەتایبەت لەعێراق و سوریا، بۆیە لەئێستادا كە توركیا پشتگیریی چەكدارە توندڕەوەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكات لە كاتێكدا ئێران پشتگیریی رژێمی سوریا زۆر ئاساییە بەلێدوانی جیاواز لەجیاتی بەریەككەوتنی سەربازیی تەنها بە تیرو توانج وەڵامی یەكتر بدەنەوە.
پشتگیریی توركیا بۆ توركمانەكانی عێراق و نزیكایەتیی ئەو وڵاتە لە هەندێك حزب و لایەنی هەرێمی كوردستان زۆر جار بووەتە هۆی تۆمەتباركردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئێرانەوە بەڵام لەهەر حاڵەتێكدا روونە عێراق و هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكیی گۆڕەپانی ململانێی نێوان توركیا و ئێرانە.
