سوپای عێراق دوو رۆژنامەنووسی سلۆڤینیایی و ئەڵمانیی لە شەنگال دەستگیر دەکات

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای عێراق ڕۆژنامەنووسان ماتی کاڤچیچا و مارلین فۆرستەر لە شەنگال دەستگیرکردووە و ڕەوانەى زیندانی تاکەکەسیی دەزگای هەواڵگریی عێراقیان لە بەغدا کردووە و مارلین لە دژی ئەو پێشێلکارییانە ماوەى پێنج رۆژە لە مانگرتندایە.
مارلین فۆرستەر رۆژنامەنووس و چالاکوانی ئەڵمانییە و خەڵکی شاری دارمشتادە لە ویلایەتی هێسنی ئەڵمانیا. بە شێوەی فریلانس لەگەڵ رۆژنامەکانی ویلایەتەکەی و چالاکوانانی بواری ژنان دا کاری کردووە.
ماتی کاڤچیچا خەڵکی وڵاتی سلۆڤینیایە و رۆژنامەنووسی فریلانسە و لەگەڵ ڕادیۆی خوێندکارانی سلۆڤینیا کاریکردووە. ژمارەیەک راپۆرتی لەسەر ئێزدییەکان و کورد و ئاوارەکانی کورد لە ڕادیۆی خوێندکارانی سلۆڤینیا بڵابووەتەوە.
مارلین و ماتی پێکەوە بڕیار دەدەن بۆ ئامادەکردنی ژمارەیەک راپۆرت و کاری رۆژنامەنووسی سەردانی شەنگال بکەن، بەڵام رۆژی ٢٠ی نیسان لە کاتی گەڕانەوەیان لە جەژنی چوارشەممە سوری ئێزدییەکان لە بازگەیەکی سوپای عێراق لە باکووری شەنگال دەستگیرکران و سەرباری ئەوەى خۆیان وەک رۆژنامەنووس پێناساندبوون، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەمنییان لەگەڵ کرا و بە "تۆمەتی تیرۆر" ڕەوانەى زیندانی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە بەغدا کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو دوو رۆژنامەنووسە ماوەی ١٢ رۆژە دەستگیرکراون و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان لەبارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسانەوە بە میدیاکان و کەسوکاریشیان نەداوەتەوە.
لیدیا فۆرستەر دایکی مارلین لێدوانی بۆ کۆمیتەى داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان (سی پی جی)، رۆژنامەکانی ویلایەتی هێسن و کەناڵی ئاسمانیی چرا تیڤیی ئێزدییەکان داوە و ڕایگەیاندووە، نامەی بۆ چەندین لایەنی ئەڵمانیا و وەزارەتی دەرەوە ناردووە و دەیەوێت لە دۆخی کچەکەی ئاگادار بێت و کار بۆ ئازادکردنی بکات.
لیدیا فۆستەر ڕایگەیاندووە، باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە وەڵامیان داوەتەوە و پێیان ڕایگەیاندووە، ئاگاداری دەستگیرکردنی مارلینن و لە زیندانێکی هەواڵگری لە بەغدا لەگەڵ ڕۆژنامەوانە هاوڕێکەیدا ڕاگیراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتەکە بە لیدیا فۆرستەری داوە، باڵیۆزخانەى ئەڵمانیا ل دوای هەفتەیەک سەردانی مارلینیان لە زیندان کردوە و مارلین لەو کاتەدا ماوەى ٣ رۆژبوە مانی لە خواردن گرتبوو. بەو پێیە ئێستا مارلین ماوەی ٥ ڕۆژە لە دژی گوشارەکان و پێشێلکارییەکانی حکومەتی عێراقەوە مانی لە خواردن گرتووە.
لیدیا فۆرستەر ئەوەشی ڕاگەیاندووە، هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە لە زیندانیی تاکەکەسیدا ڕاگیراون.
ڕۆژنامەوانان مارلین فۆرستەر و ماتی کاڤچیچا ژمارەیەک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی شەنگال ئەنجامداوە و هەوڵیانداوە ئەوەى لە شەنگال ڕوودەدات بۆ ڕای گشتیی بڵاوبکەنەوە. حکومەتی عێراقیش بە تۆمەتی کارکردن بۆ پەکەکە دەستگیریکردوون و ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە رۆژنامەنووس نین و خۆیان کردووە بە رۆژنامەنووس.
لیدیا فۆرستەر دایکی مارلین فۆرستەری رۆژنامەنووس و ڕادیۆی خوێندکارانی سلۆڤینیا سەرجەم تۆمەتەکانی حکومەتی عێراقی رەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندوە، ئەوان رۆژنامەنووس بوون و کاری رۆژنامەنووسیان کردووە
هاوکات رێکخراوی سی پی جی بە بڵاوکردنەوەى ڕاگەیاندراوێک داوایکردووە، حکومەتی عێراق دەستبەجێ و بەبێ هیچ پاساوێک ئەو دوو رۆژنامەنووسە ئازاد بکات و رێز لە کار و یاسای کاری رۆژنامەنووسی ئازاد بگرێت. کەشێکی ئارام و پارێزراویش بۆ رۆژنامەنووسان و کاری رۆژنامەنووسی بڕەخسێنێت.
ڕادیۆی خوێندکارانی سلۆڤینیاش بە بڵاوکردنەوەى ڕاگەیاندراوێک داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ماتی کاڤچیچای ڕۆژنامەنووس کردووە، کە بۆ رادیۆکەیان بە شێوەی فریلانس کاریکردووە.
ڕادیۆ هێسن-یش وێڕای جەختکردنەوە لە رۆژنامەنووسبوونی مارلین فۆرستەر باسی لە کارە رۆژنامەوانییەکانی مارلین کردووە. ژمارەیەک لە چالاکوانان و رێکخراوەکانی ژنانیش لە دارمشتاد و هێسن بۆ پشتیوانی لە مارلین لێدوانیان بۆ رادیۆکە داوە.
مارلین و ماتی لە شەنگال بۆ کارە رۆژنامەنووسییەکانیان سەردانی رێکخراوی رۆشنبیری و هونەری شەنگال و دەزگای تەندروستیی شەنگالیان کردبوو. هەر یەک لە شۆڕش شەنگالی و تەحسین شەنگالی بە ناوی ئەو دوو رێکخراو و دەزگایەی شەنگالەوە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسیان کردووە.
