قوباد تاڵه‌بانى بۆ ژن کوژه‌کان: وه‌ک داعشێک مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:" ئه‌مه‌وێت قسه‌یه‌ک له‌دڵه‌وه به‌ژنکوژه‌کان بڵێم، به‌ڵێن بێت تا ئه‌و کاته‌ى له‌م پۆسته‌مدا بم و له‌هه‌ر شوێنێک قسه‌م بڕوات، ناهێڵم ئارام بخه‌ون، وه‌ک داعشێک مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین".
قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم دواى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تبارى کوشتنى خێزانه‌که‌ى چه‌مچه‌ماڵ و که‌سوکارى ژنه‌که‌ى، په‌یامێکى دیکه‌ى بڵاوکرده‌وه‌و جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که "چۆن ئێوه بێ ره‌حمن به‌رامبه‌ر ئه‌و ژنانه‌ى ده‌یانکوژن، ئاوها بێ ره‌حم ئه‌بین به‌رامبه‌رتان، ... ئه‌وه‌ى ژن ئه‌کوژێت نه شایه‌نى ره‌حمه، نه شایه‌نى لێبوردنه".
ده‌قى په‌یامى قوباد تاڵه‌بانى:
ھیچ شه‌ره‌فێک له ژن کوشتندا نییه
وا راهاتووین به‌یانیانى جه‌ژن به ته‌له‌فۆنى پیرۆزبایى و سه‌ردانیکردنى یه‌کتر رۆژه‌که‌مان ده‌ستپێبکه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ به‌بیستنى هه‌واڵى تاوانێکى دڵته‌زێن چاومان کرده‌وه، سه‌رله‌نوێ پیاوێک لاى ئاسایى بوو ژنێک بکوژێت.
سوپاس بۆ خوا و بۆ خه‌مخۆرى خه‌ڵکى کوردستان و بۆ راگه‌یاندنه‌کان که ویژدانى هه‌موومانیان هه‌ژاند. سوپاس بۆ هێزه ئه‌منییه‌کان که فریاکه‌وتن و پێش ئه‌وه‌ى بکوژه‌که، خۆى بزر بکات، یان بزر بکرێت، ده‌ستگیریان کرد.
به‌س تا که‌ی؟! تا که‌ى هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک ئه‌بێت گوێبیستى کوشتنى ژنێکى تر بین به ناوى کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تی؟ یان به ناوى شه‌ره‌فه‌وه؟ ئاخر بۆ خاترى خوا چ شه‌ره‌فێک له ژن کوشتندا هه‌یه؟ وه‌ڵا هیچ شه‌ره‌فێک له ژن کوشتندا نییه.
ئه‌مه‌وێت قسه‌یه‌ک له‌دڵه‌وه به‌ژنکوژه‌کان بڵێم، به‌ڵێن بێت تا ئه‌و کاته‌ى له‌م پۆسته‌مدا بم و له‌هه‌ر شوێنێک قسه‌م بڕوات، ناهێڵم له‌ده‌ستى یاسا ده‌رباز ببن‌و ده‌بێ سزاى خۆتان وه‌رگرن، له‌هه‌ر کوێیه‌ک بن ده‌ستگیرتان ده‌که‌ین. ئه‌م قسه‌یه له من وه‌ربگرن: به‌ڵێن بێت ناهێڵم ئارام بخه‌ون. وه‌ک داعشێک مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین.
چۆن ئێوه بێ ره‌حمن به‌رامبه‌ر ئه‌و ژنانه‌ى ده‌یانکوژن، ئاوها بێ ره‌حم ئه‌بین به‌رامبه‌رتان، چونکه دڵنیام خه‌ڵکیش له‌گه‌ڵمان ده‌بن و پێیان خۆش ده‌بێت توندترین سزاتان بده‌ین، دڵنیام میدیاکاره‌کانیش پێیان خۆش ده‌بێت بێ ره‌حم بین به‌رامبه‌رتان. چونکه ئه‌وه‌ى ژن ئه‌کوژێت نه شایه‌نى ره‌حمه، نه شایه‌نى لێبوردنه.
ده‌بێت به هه‌موومان بیرى ژن کوشتن رووره‌ش و ریسوا بکه‌ین. کات هاتووه بیرى ژن کوشتن له ره‌گ و ریشه‌وه له‌کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌ڵته‌کێنین. بۆ ئه‌مه، فشارى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان و چاو و قه‌ڵه‌مه تیژه‌که‌ى نوسه‌ر و ره‌خنه‌گر و راگه‌یاندنکاره‌کانمان پێویسته. ووته کاریگه‌ره‌کانى مامۆستایانى ئاینیمان پێویسته که به بیرمان بهێننه‌وه ژن کوشتن وه‌ک هه‌مو کوشتنێکى تر حه‌رام کراوه.
به‌و هیوایه‌ى رۆژێکى وه‌ک ئه‌مڕۆمان به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه.
درود بۆ گیانى پاکى ئه‌و ژنانه‌ى تاکه تاوانیان ژن بوونیان بوو.
