محەمەدی حاجی مەحمود: كورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت و لێدوانەكەی وەزیری نەوتی عیراق لە بارەی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمەو، هەڵوێستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقمان بیر ئەخاتەوە، دەشڵێت: "وەزیری نەوت لە ژوورەكەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەكانی جێبەجێ بكات".
دەقی نووسینەكەی محەمەدی حاجی مەحمود:
سەبارەت بە لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێم ..
ڕۆژی شەممە 7-5-2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێك گوایە وەزیری نەوتی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتەكەی كۆمەڵێك قسەی كرد، زۆری لە وڕاوە ئەچوو ئەم وەزیر و گزیرانە قورمش ئەكرێن كە چی بكەن و چی بڵێن، ئەویش قسەكانی كۆنی دادگا عەرەبیەكەی بەغدادی جویەوەو گوایە 75 ڕۆژ نەرمی نواندوە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئیجابی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە بڕیارەكانی دادگا جێ بەجێ بكات.
من بەم وەزیرە ئەڵێم زۆر دڵنەرم و میهرەبانی نواندوەو خێری بە كورد كردووە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە قسەو هەڵسوكەوتەی عێراق، ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق مان بیر ئەخاتەوە، بە تایبەتی ڕژێمی سەدام حسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە ڕژێمێكی لاواز ڕەنگە ئەم وەزیرە لە ژورەكەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەكانی جێبەجێ بكات.
ئەم وەزیرە بە زبانێكی زبر هەڕەشە لە كوردستان ئەكات لە كاتێكدا عێراق و سەروەریەكانی لە ژێر پۆستاڵ و موشەك و ڕەحمی موخابەراتی وڵاتاندایە، تەنانەت حزب و كەسایەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان گێچەڵیان پێ ئەكرێت، ئەویش ئەیەوێ لەسەر كورد جارێكی كەش خۆیان تاقی بكەنەوە و دوای ئەو قسانەش هەندێك دەنگی ناساز بە ناوی ڕۆژنامەنوسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا ئەكەن وەك تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق و هەموو شتەكان بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەو گێلە پیاوانە هەمیشە چاویان لە ئێسقانە بە چ حەقێك ئەو قسە حەلەق و مەلەقانە ئەكەن، ئەوانە ڕەنگە بە هەوێ كورد بن بۆیە نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ ئەكرێت چونكە كورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، كورد ئەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای كورد و كوردستان.
بۆیە كورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەكشە بكات وە ئەبێت جوابی توندی هەر كەس و لایەنێك بداتەوە كە ئەو مەسەلەیە باس ئەكەن و قابیلی قسە لەسەركردن نییە و نابێت چونكە دەستوری عێراق مافی بە كورد داوەو دادگا و هەر كەسێكی كە ناتوانێ هیچ بڕیارێكی لەو بابەتە بدات، بۆیە حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرڵەمان و قچا ئەبێت هەڵوێست ڕوون و ئاشكرایان هەبێت لە سەر ئەو جموجۆڵەی بەغداد لەسەر كوردستان هەیە.
بەغداد بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی یا پارێزگاكان دانامەزرێنێ بۆ ئەو هەموو تاوانە كە دژی كورد لە ناوچە دابڕاوەكان ئەكەن ڕاگرن، بۆیە كورد و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرگری لە قەوارەی سیاسی هەرێم بكەن چوونكە قسەكانی ئەو وەزیرە هەڕەشەی شەڕ بۆ سەر كوردستان ئەكات، با ئەوانیش خۆیان تاقی بكەنەوە وەك حكومەتەكانی پێش خۆیان دڵنیام چارەنووسیان لەوان باشتر نابێت.
ئەوانەی ئێستا حاكمن لە بەغداد لەبیریان چووە كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان و هێزی پێشەرگە عێراقیان ڕوخاند نەك ئەوانەی ئێستا حاكمن لە بەغداد، زۆریان سەربازی فیرار بوون لە دەرەوەی وڵات و بە ڕادیۆ هەواڵی كوردستان و عێراقیان پێ ئەگەیشت، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە ڕەد ئەكەینەوە و هەر لایەنێك و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی ڕەوای خەڵكی كوردستان بكات، هەر هەنگاوێك خیانەتە لە مێژوو لە كورد و قەوارەی سیاسی ئێستا و داهاتوو.
محەمە حاجی مەحمود
8-5-2022
گوڵەخانە
