شارەکانی بیر

2 هەفتە لەمەوپێش



 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەردار عەزیز

هەفتەی داهاتوو دەچمە مانجستەرو بریستۆڵ. چونکە یەکەمجارە دەچمە ئەم شارانە هیچ دەربارەیان نازانم. بۆیە زیاتر لەڕوانگەی فیکرەوە بیریان لێدەکەمەوە. دەگمەن نیە لەدونیادا کە شارێک بەکەسێکەوە بناسرێت یان کەسێک بەشارێکەوە بناسرێت. قوڕ بەسەری ئەوەی شارێکی نیە. مانجستەر بەفردریک ئینگلزەوە دەبەستمەوە، بریستۆڵیش بە ئێدمۆند بویرک. ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ دوو پەیکەری جیاوازی ئنگلز لە مانجستەر دانران. ئەگەر بۆم بگونجێت حەز دەکەم یەکێک لە پەیکەرەکان ببینم. ئنگڵز لە دایکبووی ئەو شارە نیە، بەڵکو لەخێزانێکی پرۆتسانتی ئەڵمانە.

لەساڵی ١٨٤٥ کتێبێک دەنووسێت بەناوی دۆخی چینی کرێکار لەبەریتانیا، تیادا باس لەشارەکانی بەریتانیا دەکات لە نێویانیشدا مانجستەر، کە خۆی تیایدا دەژیا. مانجستەر شارێکی سەرەتای سیستەمی سەرمایەداریی نوێیە. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە، جێگای هاتنە دونیای رۆژنامەیەکی وەک گاردیانیشە، کە جاران بە مانجستەر گاردیان دەناسرا. مانجستەر شارێکە کە تیایدا کارگەو کرێکار دروست دەبن. گەڕەکە هەژارو بچکۆلەکان بونیاد دەنرێن. کەرەستەی خاو لەسەرجەم ئیمپراتۆریەتی بەریتانییەوە دەهێنرێت و کاڵای لێ بەرهەم دەهێنرێت. لە چاپە ئەڵمانییەکەی کتێبەکەدا ئنگلز پێشکەشی دەکات بە کرێکارانی بەریتانیا. بەڵام پاشتر، بە تایبەت لە چاپە ئینگلیزییەکەیدا لایدەبات چونکە چینی کرێکاری بەریتانی بۆ ئەوان مایەی نائومێدی بوو، پاش ئەوەی دەستبەرداری رەهەندە رادیکاڵەکەیان بوون.

بەڵام مانجستەر شاری سەرەتای سەرمایەداریی و دروستبوونی کرێکار وەک فیگەرێک و  جووت چەمکێکن بۆ من جێگای بایەخێکی تایبەتن. کرێکار ئەو بونەوەرەیە کە سیستەمی سەرمایەداری نازانێت جۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکات. بەهاتنی رۆبۆت دەتوانین پەنهانی دەرونی سیستەمی سەرمایەداری بخوێنینەوە، رۆبۆت باشترە لەکرێکار. چل ساڵ پاش چاپی یەکەمی کتێبەکە ئنگلز دەنوسێت: ئەو جێگایانەی کە زۆر بەزەقی ستەم و جیاوازی تیایدا زەقبوبوەوە، ئێستا یان نەماون یان شاردراونەتەوە، وەک ئایرلەندا بچکۆلەکە. خەڵکی ئایرلەندا ئەو سەردەمە لە ژێر کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیدا دەژیان و بە گشتی ژیانێکی کوللە مەرگییان بەسەر دەبرد. یەکێک لەو دەرفەتانەی کە هەبوو، کۆچ بوو بۆ بەریتانیا بۆ بوون بەکرێکار، لەژێر دۆخێکی پڕ لەڕەگەزپەرستیدا. ئنگلز بڕوای وەهایە کە بوڕژوازیەت توانای شاردنەوەی ئازارەکانی چینی کرێکاری هەیە. بە سەنتەربونی کرێکار پاشان دەبێتە بنەمای تیورەی کاریی بەها. بەو مانایە کارو کرێکار دەبنە بنەمای سەرەکی بەها یان نرخ. دیارە بۆ بەرهەمهێنان جگە لە کاری کرێکار، بنەمای تریش پێویستن، بەڵام بە سەنتەرکردنی کار یان کرێکار کردەیەکی نرخاندنە. ئەم کورتکردنەوەی بەها لەکاری کرێکاردا لە هەمانکاتدا بیانوی رەخنەی ئەوانەیە کەڕەهەندەکانی تری نرخیش لە بەرچاو دەگرن وەک سەرمایەو رەهەندەکانی تر.

مانجستەری ئەمڕۆ شارێکی پاش پیشەسازییە. شارێکە زیاتر بەدوو گۆڵی و تیپەکانی ناسراوە هەتا بەکۆمپانیا و کاڵاکانی. دووگۆڵی یەکێکە لە نمایشە بازرگانییە جیهانییەکان. لە هەمانکاتدا وەک ناونیشانی دوا کتێبی رەخنەگری ئەڵمانی هانس ئیولریک گەمبریشت ئاماژەی پێدەدات، یاریگا جێگای بەجێهێنانی ریتواڵی شێتییە.

Crowds: The Stadium as a Ritual of Intensity 

هەرچەندە حەزێکی بێ پایانم هەیە بۆ یاری دوو گۆڵی و بەردەوام لە گەڵ هاوڕێ و هاوەڵەکانمدا ئێوارانی هەینی یاری دەکەم، بەڵام هێندە تاقەتی ئەوەم نیە بڕۆم سەرەخۆشی لە مان-سیتی بکەم، هەروەها  لە نیو سەدەی رابوردودا، هەرگیز هەواداری مان-یو نەبووم.

رەنگە ئەو کەسەی کە بریستۆڵی پێدەناسرێتەوە، بۆ من زیاتر جێگای بایەخ بێت. ئنگلز وەک ناوێک زۆر لەلای کورد ناسراوە. ئیتر ناسراوییەکەی چیە و چۆنە، ئەوە پرسێکی ترە. بەڵام کەسێکی وەک ئێدمۆند بوێرک هەتا ئاستێکی زۆر نەناسراوە. لە بریستۆل تەنها یەک پەیکەری بوێرک هەیە، کە لە کۆڵستۆن ئەڤینیوە و لەساڵی ١٨٩٤ قیتکراوەتەوە. وەک چۆن ئنگلز دەرەکی بوو لە مانجستەر، بۆێرکیش خەڵکی ئەوێ نیە، لە بنەڕەتدا پرۆتسانێکی ئایرلەندیە. بەڵام بۆ چەند ساڵێکی کەم یەکێک لە نوێنەرەکانی شاری بریستۆڵ بووە لە پەرلەمانی بەریتانی. بوێرک لەساڵی ١٧٧٤ لەڕۆژی هەڵبژاردنیدا وتارێک دەدات کە خۆی و شاری بریستۆڵی پێ دەناسرێتەوە و دەبێتە بنەمای قوتابخانەیەک لە ئەدەبیاتی پەرلەمانی و بەتایبەتی ئەدەبیاتی نوێنەرایەتی کرد. بوێرک دەڵێت: پەرلەمان جێگای کۆبونەوەی نێردەکانی بەرژەوەندییە جیاوازو دژ بە یەکەکان نیە، کە هەریەکە دەبێت بەرژەوەندی خۆی نوێنەرایەتی بکات و بیپارێزێت، بەرامبەر بەرژەوەندی هەموان. پەرلەمان نابێت خواستە لۆکاڵییەکان ئاراستەی بکات بەڵکو دەبێت باشە و سودی هەموان ئاراستەی بکات، کە بەرهەمی عەقلی گشتی بێت. ئەم دیدە بنەمای قوتابخانەی تڕەستییە، کە دژ بە قوتابخانەی دیلیگەتە. ترەستی یانی نوێنەر تەنها نوێنەری ناوچەی خۆی نیە، بەڵکو نوێنەری هەموانە، بەڵام دیلیگەیت، یان تەنها نوێنەری ناوچەی خۆت کە زیاتر مۆدێلێکی ئەمریکییە. ترەستی پشت بەباڵایی عەقڵی نوێنەر دەبەستێت لە بەرامبەر بازنەکەیدا، دیلەگەیت بە پێچەوانەوە. ئەمە رەنگدانەوەی دونیابینییەکی قوڵە کە بوێرک وەک ئەزمونگەرایەک هەڵگرییەتی.  ساڵانی رابوردوو کاری زۆرم لە سەر بوێرک کرد، بە تایبەتی لە نووسینی کتێبی پرسە پەرلەمانییەکان. بوێرک وەک کەسێکی دژە شۆڕش و پەرلەمان دۆست دەبینرێت. کەسێک کە یەکێک لەهەرە ناسراوترین کتێبەکانی دەربارەی شۆڕشی فەرەنسی نووسیوە. یەکێک لە ئارگومێنتە سەرەکیەکانی ئەوەیە ئەگەر چینی ناوەندی فەرەنسی نوێنەریان هەبوایە، ئەوا شۆڕش رووینەدەدا. بەڵام لە کاتێکدا بوێرک وەها دەناسرێت دژە شۆڕشە هەڵوێستەکانی زۆرجار شۆرشگێڕانەن. بۆ نمونە بوێرک لە سەردەمی خۆیدا زۆر دژە کۆیلە بوە و هاوکاری گروپە دژ بە کۆیلەکان بووە. لە هەمانکاتدا سەرباری ئەوەی کە پرۆستانت بووە بەڵام پشتیوانی مافی ئایرلەندییە کاتۆلیکەکان بووە. بوێرک سەر بە قوتابخانەی تەقلید و ئەزمونەو دژ بە قوتابخانەی عەقڵییە. لەم روانگەیەوە لەڕیزی دژە رۆشنگەرییەکان لە قەڵەمدەدرێت. وەک لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕاندا دیارە، بڕوایەک هەیە بە سەرەتایەکی نوێ، بە دابڕان، بە بوونی توانای وەلانانی رابوردوو و مێژوو و کەلتور و کەلەپور، بەڵام ئەم دیدە هەمیشە لە واقیعدا پێچەوانەی خۆی دەبێتەوە. ئایا درێژەپێدان هەیە لە نێوان ڕابوردوو و ئێستا و داهاتوو، یان توانای پچڕان و دابڕان هەیە، بواری دیبەتێکی گەورەیە. بوێرک ئەوەند بێعەقڵ بوو، کە دژ بە بەرژەوەندی خۆی هەڵسوکەتی کردو نەیتوانی بۆ جاری دووەم کاندید بێتەوە لە بریستۆڵ. بەتایبەتی ئەگەر بێتوو پێناسەی عەقڵانیەتی وەها وەربگرین کە بریتیە لەهەوڵێکی هەمیشەیی بۆ پەرەدان بە بەرژەوەندییەکانی خود، وەک راشنالزمی ئەم سەردەمە، خۆی دەناسێنێت، بە تایبەتی راشناڵیزمی ئابوری. ئەوەی کە پێی دەڵێن تیورەی بژاردەی عەقڵی.

بەهیچ شێوەیەک پلان بۆداڕێژراو نیە کە من لە فڕۆکەخانەی مانجستەر دادەبەزم پاشان پاشنیوەڕۆ بە شەمەندەفەر دەڕۆم بۆ بریستۆڵ، هەروەها لە پلانمدا نەبوو، لە شارێک بە ئنگلزەوە ناسراوە، بڕۆم بۆ شارێک کە بە بوێرکەوە ناسراوە. رەنگە ئەم دووانە تەواو دژ بە یەک بن. یەکێکیان، کە ئنگزە داوای حوکمی کرێکاران دەکات و بوێرکیش داوای حوکمی دەستەبژێر. وەک لە دێڕە سەرەتاکانی مانیفێستدا دیارە، کە مارکس لەگەڵ ئنگلزدا نووسییان، ئەوان خوازیاری دابرانن لە مێژوویەک کە مێژووی ململانێ و چەوساندنەوەیە. بەڵام بوێرک درێژەپێدەری ئەو مێژووەیە بەڵام بە چاککردنی، چونکە بڕوای وەهایە ناتوانرێت نوێیەک، بەتایبەتی نوێیەکی بێ قەیران بهێنرێتە ئاراوە. ئەمە دیسانەوە دەمانبات بۆ بواری سروشتی مرۆیی، کە کرۆکی زۆربەی دیدە فەلسەفییەکانە، ئایا مرۆڤ بەسروشت ناکامڵە و هەروا دەمێنێتەوە یان لەڕێگای عەقڵییەوە دەتوانێت کامڵ بێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار