ژمارەی كورد 90 ملیۆن كەس دەبــێت لەجیهــانداو بێ دەوڵەتە

محەمەد كاروانی، رۆژنامەنووس لەوڵاتی سویسرا بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

رۆژنامەنووسێكی كورد لەوڵاتی سویسرا لەڕێگەی ئەكاونتی خۆیەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە ژمارەی كورد لەجیهاندا دەگاتە 70 ملیۆن كەس، محەمەد كاروانی بۆ هاوڵاتى  دەڵێت:» ژمارەی كورد 90 ملیۆن كەس دەبــێت لەجیهــانداو بێ دەوڵەتە.

محەمەد كاروانی، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ئەنستیوتی كوردی لەسویسرا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  هێما بۆ ئەوە دەكات كورد لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیان 70 ملیۆن كەسی زیاتر تێپەڕاندووە كە هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگانەم دوای ماندووبونی 13 ساڵ لەڕێگەی یوئێنەوە دەستكەوتووە.

هەروەها دەشڵێت:» نزیكەی چوار هەزار لاپەڕەم لەبەردەستدایەو بەڵام بۆم ساغنەبۆتەوە كە كورد لەچەند وڵاتی دیكە هەیە، بێجگە لەوەی كە باسمكردووە، چونكە كورد لەزۆر وڵاتی دیكەدا هەیەو پێویستی بە بەدواداچوونی دیكەیە».

هاوڵاتى : ئەو بەدواداچوونەی ئێوە كردووتانە لەبارەی ژمارەی كوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، چۆن بیرتان لەوە كردەوە ئاماری ژمارەی كورد وەربگرن؟

محەمەد كاروانی: فكرەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1997 ئەوكاتە بەجۆرێك چوومە بۆسنیاهێرزەگۆڤین و من چووم بۆ پایتەختەکەی ناوی سەرایڤۆو ئێستا وڵاتێكی سەربەخۆیە، لەوێ بەڕێكەوت كەسێكم ناسی و پاسپۆرتەكەم پێدا كە تەدقیقی دەكرد، وتم هیچ كێشەیەكی تێدایە، وتی نەخێرو پرساری ئەوەی كرد كەكوردیت، وتم بەڵێ كوردی عێراق، ئەویش وتی من كوردم و داوەتی كردم و چووینە ماڵی خۆیان و گوندەكانی خۆیان كە 27 گوند بوو هەموویان كورد بوون لەوێ بەدواداچوونێكم كرد كە ئەو كوردانە چۆن گەیشتوونەتە ئەوێ.

بەوردی ناوبەناو هەندکێجار كاری رۆژنامەوانی دەكەم لەناو یوئێن مۆڵەتی تایبەتیم هەیەو رێگا پێدراوم زۆر كەسم دەبینی كە كورد بەو شێوەیە كورد دۆكیۆمێنتی هەیەو منیش حەزم كرد بەدواداچوونی بۆ بكەم، نزیكەی 13 ساڵی خایاند تا ئەو دۆكیۆمێنتانەم گەڵاڵە كردو بەشێكی لای خۆم هەیەو هەندێكی پارێزراوەو ناتوانم بڵاویان بكەمەوە، بەڵام وەعدیان پێداوم لەساڵی 2024 كە مۆڵەتم پێدەدەن بەفەرمی بڵاوببێتەوە.

هاوڵاتى : چ كاتێك هەماهەنگیتان كرد لەگەڵ یوئێن بۆ وەرگرتنی ئەو دۆكیۆمێنتانە لەبارەی كوردەوە لەجیهاندا؟

محەمەد كاروانی: لەڕێگەی هەندێ كەسی تایبەتمەند كە دۆستی كوردن مۆڵەتم لەیوئێن وەرگرت، كە مامۆستای زانكۆن لەسویسراو جنێف، خۆشم بەحوكمی كارەكەم كە لەناو وەزارەتی پەنابەران كاردەكەم و دۆكیۆمێنتەكان دەتوانین سەیر بكەین، بەڵام هێڵی سوری لەسەرە مانای ئەوەیە كە بۆمان نییە بیبەینە دەرەوەو ئەو بەدواداچوونەم كردووە كە ژمارەی كورد دەگاتە زیاتر لە 70 ملیۆن كەس.

هاوڵاتى : ئایا ئەو ئامارەی باستان كردووە كورد 70 ملیۆن زیاترن لەسەر ئاستی جیهان؟ پێتانوایە هێشتا هەندێ وڵات هەیە ئاماژەت پێنەكردووەو كوردیان تێدایە، مەلەفی ئەو ژمارەیەتان لەبەردەستدایە؟

محەمەد كاروانی: كورد لەسەر ئاستی جیهان ژمارەیان 70 ملیۆن كەسی زیاتر تێپەڕاندووە كە هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگانەم دوای ماندووبونی چەندساڵە لەڕێگەی یوئێنەوە دەستكەوتووە.

نزیكەی چوار هەزار لاپەڕەم لەبەردەستدایەو بەڵام بۆم ساغنەبۆتەوە كە كورد لەچەند وڵاتی دیكە هەیە، بێجگە لەوەی كە باسمكردووە.

كورد لەساڵی 1920كانەوە لەبەریتانیا ژیاوە، بەڵام هێشتا بۆم ساغنەبۆتەوە و ئاماژەم بەوە كردووە كە ئەوروپاو وڵاتانی دیكە ئەوەندە كوردیان تێدایە لەئەمریكاو دانیمارك و كەنەداو سویسراش ، ئەگەر شتێك لەسەدا سەد دڵنیانەبم ناتوانم بڵاویبكەمەوە، چونكە چەندین كەس تێزی دكتۆراكەیان لەسەر كوردەو لەبەندە زانیارییەكانیان وەرگرتووەو منیش ناتوانم زانیاری هەڵەیان پێبدەم.

هاوڵاتى : پێشتر لە راگەیاندنی كوردی باس لەوە دەكرا كە موعەمەر قەزافی بە ئەسڵ كوردە زانیاریتان لەوبارەیەوە هەیە؟

محەمەد كاروانی: وەختی خۆی پەیوەندیم كرد بەسەفارەتی لیبیاوە داوام كرد كە چاوپێكەوتنێك بكەم لەگەڵ خوالێخۆشبوو موعەمەر قەزافی، بەڵام چوار جار داوام كردو رەتكرایەوە.

بنەماڵەی موعەمەر قەزافی دایكی لەئەسڵدا عەرەب نییەو جولەكەیەو لەباوكەوە عەرەبەو عەرەبێكی بەدووە، لیبیا بەشێوەیەكی گشتی كوردی تێدایە كە وەختی خۆی بۆ مامۆستایی چوونەتە لیبیا بەتایبەت كورد چوونەتە جەزائیر كە مامۆستاكانی زمانی عەرەبی چوونەتە ئەوێ.

هاوڵاتى : لەسەر ئاستی سیاسی كورد دەبێت چی بكات كە ژمارەكەی 70 ملیۆن دەبێت؟

محەمەد كاروانی: دەسەڵاتدارانی كورد دەبێت بەخۆیاندا بچنەوە، وڵاتێكی وەكو (لیرشت شتاین) كە ژمارەیان 34 هەزارو 946 كەسەو دەوڵەتێكی بچووكن، هەتا ناتوانن فرۆكەخانەیەكی تێدا دروست بكەن ئەوەندە بچووكە، دەوڵەتێكە باشترین دیموكراسی هەیەو پەرلەمان و حكومەت و ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەیەو لەدوای سویسرا ئەوانن بۆ دیموكراسی، ئەی كورد چی كردووە؟ كە ژمارەی كورد لە 90 ملیۆن كەس كەمتر نییە بەكۆی گشتی لەسەر ئاستی جیهانو بێ دەوڵەتە.

تەنانەت كوردمان هەیە لە هندستان و ئەفغانستان، وەختی خۆی نادر شای ئێران هەموو كوردەكانی برد بۆ ئەفغانستان بۆ شەڕ، هەتا ئەوانەی دژی سەركردەكانی ئەفغانستان بوون سەركردەكانیان هەموو كورد بوون چونكە شیعە بوون، لە ئەفغانستان ئێستاش كورد هەیە بەڵام بەداخەوە یەك پەرلەمانتاریشیان نییە.

هاوڵاتى : تەنها چوار پارچەی كوردستان 50 بۆ 60 ملیۆن كورد دەبن، بەپێی بڕیاری سایكس بیكۆ دابەشكراو 2023 سەد ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، پێتانوایە دەبێت دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ سەركردە سیاسییەكانیان چی بكەن؟

محەمەد كاروانی: لەسویسرا زۆر لەسەركردە كوردو سەركردایەتییەكانیانم بینیوە بەشەخسی، لەبەرئەوەی سەرۆكی ئنیستیوتی كوردم و خۆشم داممەزراندووە و كاری رۆژنامەوانییەكەم زۆربەی سەركردەی حزبەكانم بینیوە، سەركردایەتی سیاسی كورد هیچ بەرنامەیەكی درێژخایەنیان نییە ئەوەی لێان تێگەیشتتوم.

لەساڵی 2016 سەركردایەتییەكی یەكێك لەحزبەكانی پارتی و یەكێتیم بینی، پێموت چ بەرنامەیەكتان هەیە بۆ بۆ كورد، پێی وتم»بۆ كورد قورسایی ماوە تا بەرنامەی درێژخایەنی هەبێت»، میوان بوو لامان بۆیە باسی ناوەكەی ناكەم.

وەك چۆن ئێستا روسیا دەیەوێت ئەو وڵاتانەی سەربەخۆن و پێشتر لەساڵی 1991 لە یەكێتی سۆڤییەت جیابوونەتەوە داگیریان بكاتەوە وەكو ئۆكرانیاو جۆرجیاو ئەرمینیا و وڵاتانی دیكە، توركیاش دەیەوێت پاش 2023 و دوای تەواوبوونی پەیماننامەی سایكس بیكۆ ئەو شوێنانەی بەدەستی عوسمانییەكانەوە بووە دیسان داگیریان بكاتەوە.

ئەوەی تێبینی دەكەم توركیا بەرنامەی خۆی هەیەو نەشیشاردۆتەوەو باسی كردووە، گۆڤارێكی ئەڵمانی كەیەكێكە لەڕۆژنامە گرنگەكانی ئەڵمانیاو ئەوروپا زۆر بە راشكاوی باسی ئەوەی كردووە كە لەدوای تەواوبوونی پەیماننامەی سایكس بیكۆ توركیا دەیەوێت حدودەكان دابخات و بچێتەوە ئەو شوێنانەی كە لەكاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بەدەستییەوە بووە كە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو شوێنانە، بەتەمای كەنداوێكی دیكەیە كە دەستبگرێت بەسەر دەریاكانداو ئێستاش ئاگادارن ئەو كێشەیەی لەگەڵ یۆنانیش هەیە.

هاوڵاتى : بۆ كورد بوونی 90 ملیۆن كەس وەك ژمارە چ گرنگییەكی هەیە؟

محەمەد كاروانی: گرنگی خۆی هەیە، لەئیسرائیل كوردێكی زۆری لێیە ئەم سیاسیانەی كورد پەیوەندیان لەگەڵدا ناكەن، بەمەرجێك كورد لەئیسرائیل خۆیان پاراستووەو میوزیك و كلتوری خۆیان پاراستووەو ئینستیوتیان هەیە، پێم باشە پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبێت. برادەرێكم لەمیسر پەیوەندی پێوەكردم كە تەنها لە میسر چوار ملیۆن كورد بوونی هەیە، وتم چۆن دەتوانیت بۆم بسەلمێنیت؟ چونكە ئەو كوردانە زانی ئەو وڵاتەیان وەرگرتووەو نەسەبیان وەك كورد نەماوە.

لەماوەی رابردوودا سەركردەیەكی حەماس كوژرا، یەكێكن لەخێزانە دیارەكانی كورد، بەڵام كوردی نازانن هەموویان تواونەتەوە لەڕووی كلتورو زمان و قەومییەتەوە یان لەبەر ئایین یان لەبەر پاسپۆرت.

لەسوریا، زیاتر لە 500 هەزار كورد هەیە كەهەر هیچ پاسپۆرتێكیان نییەو لەوڵاتەكەی خۆیان كە سوریایە بەبیانی لەقەڵەمدراون، كورد هەیە هیچ پاسپۆرتێكی نییە.

هاوڵاتى : ئێوە دەتوانن هاوكاری میللەتی كوردبن لەڕووی زانیاری بوونی كورد لەوڵاتانی جیهان؟

محەمەد كاروانی: چارەكە سەدەیەكە لەسویسرا دەژیم و سویسرا سەنگێكی قورسی هەیە لەئەوروپادا، بۆچی پەیوەندی بەو كوردانەوە ناكەن كە دەتوانین یارمەتی میللەتی خۆمان بدەین، ئێمە نە پارەمان دەوێت نە پاسەوان، تەنها دەمانەوێت یارمەتی و هاوكاری میللەتی خۆمان بدەین.

هاوڵاتى : پێتانوایە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رۆڵیان هەیە لەپاراستنی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان بەگشتی؟

محەمەد كاروانی: لەساڵی 2003 بەرنامەیەكی دوورودرێژم بڵاوكرەوەو ئێستاش لام هەیە ئەوكاتەی كە سەرۆك ئاپۆ لەزیندان بوو لەئیتاڵیا هەموویم پاراستووە.

ئەوكاتەی ئۆجەلان لە نەخۆشخانەیەكی سەربازیی رۆما بوو هەوڵماندا بیبینین، بەڵام نەتواندرا، هەر من نەبووم، شڤان پەروەرو چەند كەسێكی دیكە بووین كە رۆژنامەنووسی سویسریشمان لەگەڵدا بوو.

من ئەندامێكی حزبێكی سۆشیال دیموكراتی سویسریم و هیچ كەسێك بۆی نییە لەدوو حزبدا بێت، بەڵام ئەوەی دەزانم كە پارتی كرێكارانی كوردستان حزبێكی گەورەیە و پێشبینی دەكەم كە دواڕۆژێكی پرشنگداری هەیە، بۆیە گەلەكۆمەكییەكە لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستانە نەك لەسەر لایەنەكانی دیكە.

پارتی كرێكارانی كوردستان حزبێكی زۆر دەوڵەمەندن و حزبێكی دامەزراوەین، دەیان كەس هەیە لەسویسرا دایك و باوكیان سویسرین دەچنە قەندیل و زانكۆیان تەواو كردووە.

پەكەكە لەئەوروپادا زۆر زۆرن و لەكاتژمێرێكدا سەدان كەس دەهێننە سەر شەقامەكان، بەڵام ئەوە بەلایەنەكانی دیكەی كورد ناكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار