سەرجەم لایەنەكانی عێراق رازین بەدانانەوەی بەرهەم ساڵح تەنها پارتی نەبێت

مەحمود خۆشناو، كادری پێشكەوتووی یەكێتی بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

ئەندامی مەلەفی سیاسی دانوساندن لەسەر پرسی سەرۆك كۆمارو كادری پێشكەوتووی یەكێتی دەڵێت:» پارتی پەیوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح باش نییە» و دەشڵێت:»سەرجەم لایەنەكانی عێراق رازین بەدانانەوەی بەرهەم ساڵح تەنها پارتی نەبێت».

مەحمود خۆشناو، ئەندامی مەلەفی سیاسی دانوساندن لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى  ئەوەش دەخاتەڕوو كە «چاوەڕێین كاك مەسعود  لێی رادەبینین لەدەرەوەی ئەو موعادەلەیە بڕیارێكی جەریئانە بڕیارێك لەپێگەی سیاسی خۆی بوەشێتەوە و هاوسەنگی سیاسی بپارێزێت».

هاوكات جەختلەوەشدەكاتەوە كە «ئەگەر پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە هەردوو لایان رازیدەبن بەدانانەوەی بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەگەر یەكێتی كاندیدەكەی بكشێنێتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نابن لەسەر كاندیدەكەی پارتی ئەوە جیاوازیەكەیە».

هاوڵاتى : زانیاری نوێ چییە تایبەت بەدانوساندنی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكانی بەغدا بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار؟

مەحموود خۆشناو: بەڕاستی ئێمە وەكو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و وەك خودی كاك بەرهەمیش پێمان وایە بنەماكانی سەقامگیری سیاسی چ لەهەرێمی كوردستان بێت، چ لەعێراق بێت بەرپرسیارێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەرپرسیارتێی گۆڕان و پارتی و حزبەكانی دیكەیە بەكورتی و وێڕای ئەوەش كە بەرپرسیارێتی هاوڵاتى ان و ناوەندەكانی راگەیاندنیشە.

بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار ئێمە ناڵێین عورفی سیاسی، بەڵام ئێمە رێككەوتنمان هەیە، رێككەوتن و لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبەكانی دیكە كە پێویستە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان پاش رێككەوتنی واشنتۆن و ئیدارەدانی عێراق پاش 2003و دواجار راسپاردەكانی كۆنگرەی موعارەزە و دواجار دەستوری عێراق.

هاوڵاتى : ئەم پۆستە بەرامبەرە بەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم؟

مەحمود خۆشناو: رێك ئاوها بە رەقی نا، راست ئاوها بڵێین ئەوە دەڵێن شەڕە پۆستە، ئاوا بەرەقی ناڵێین ئێمە دەڵێین هاوسەنگی سیاسی لەو ناوچەیە.

هاوسەنگی سیاسی لەعێراق لەسەر چەند بنەمایەكە، یەك پێكهاتەی كۆمەڵایەتی عێراق، دوو پێكهاتەی سیاسی عێراق، سێ لێكتێگەیشتن و رێككەوتنەكان هەر لە رێككەوتنی واشنتۆنەوە پێیدا وەرە تا دەگەیتە راسپاردەكانی كۆبوونەوەكانی موعارەزە، تا دەستور لەپاش دەستور ئێمە گەڕاینەوە رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانی یەكێتی و پارتی.

ئەوانە هەموو بنەما بوون، لێكتێگەیشتنمان بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە لەبەغدا رەنگدانەوەی نێگەتیڤی هەبێت لەسەر هاوسەنگی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، رێك رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر خودی هەرێمی كودستان و ئاشتی و كاری پێكەوەیی بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین،  ئێمە پێمانوایە پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی گرنگە هەم بۆ عێراق كە پێویستە سەرۆك كۆمارێكی هەبێت وێڕای مەرجە دەستوری و یاساییەكان هەندێ مەرجی نیشتیمانیشی هەبێت، واتە مەرجی دیكەشی هەبێت كە جیاوازبێت لە كاندیدەكانی دیكە.

راستە دەستوورو یاسا دیاریكردووە ئەوە مەرجەكانی سەرۆك كۆمارە، بەڵام سەرۆك كۆماری عێراق بەحوكمی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسی عێراق و بارودۆخی ئێستا پێویستە سەرۆكێك بێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان پەیوەندی باش بێت.

بەرهەم ساڵح لەگەڵ هەر دوو لایەنی هاوكێشە سیاسیەكانی عێراق ئیتارو هاوپەیمانی تەیار كە رەوتی سەدرە پەیوەندی باشە لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی و لەگەڵ قەیادەی سەدر، لەگەڵ عەزم و سیادە لەگەڵ هەردوو تەرەفە سونیەكە نێوانی باشە، لەگەڵ ئەو بزوتنەوانەی كە تازە هاتنە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە.

هاوڵاتى : ئەی بەرهەم ساڵح پەیوەندی لەگەڵ پارتیدا چۆنە؟

مەحمود خۆشناو: لەكۆی پەرلەمانتارانی عێراق، لەكۆی كوتلە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق تەنها لەگەڵ پارتی، ئەویش نەك ئەو پەیوەندی لەگەڵ پارتی باش نییە، پارتی پەیوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح باش نییە.

هاوڵاتى : بۆچی پارتی پەیوەندی باش نییە لەگەڵ بەرهەم ساڵح؟

مەحمود خۆشناو: پارتی دیموكراتی كوردستان بەفرسەتی دەزانێت هاوپەیمانیەك هەیە لەعێراق و لەپاڵ ئەوەدا دەیەوێت فشار بخاتە سەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە و دەیەوێت ئەو پۆستە لەیەكێتی وەرگرێتەوە.

هەروەها پارتی دەیەوێت ژن بەژن بە پۆستی سەرۆك كۆمار بكات لەگەڵ كێشەكانی دیكەی هەرێم، مەسەلەن لەهەرێمی كوردستان كێشەی پەرلەمانی كوردستان و یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و پرسی نەوت و غاز و بودجە و نەهاتن بۆ پەرلەمان هەیە، واتە ئەو كێشانەی لەهەرێمی كوردستان هەیەو بە كۆی ئەو كێشانەی كەناكۆكن  لەگەڵ یەكێتی، پارتی دەیەوێت موقایەزەی پێبكات.

هاوڵاتى : مەبەستتان ئەوەیە تەنازول بە یەكێتی بكات لەچەند پرسێكدا؟

مەحمود خۆشناو: بەڵێ دەیەوێت لەو كێشانەی كە هەیە تەنازول بە یەكێتی بكات، لەهەمان كاتدا كێشەی پارێزگاری كەركووك هەیە ئەوە لەدیوی پارتی، لای ئێمە نا، بۆیە دەیەوێت زەخت لەیەكێتی بكات و ئەوەیە دەرفەتێكە دەیەوێت بیقۆزێتەوە

هاوڵاتى : لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەوترێت مەسعود بارزانی تەئكیدی لەوە كردۆتەوە كە بەرهەم ساڵح نابێت جارێكی دیكە ببێتەوە بەسەرۆك كۆمار؟ ئەگەر وابێت چۆن چارەسەر دەكرێت؟

مەحمود خۆشناو: ئێمە چاومان لەوەیە كاك مەسعود لەدەرەوەی ئەو موعەدەلەیە بیربكاتەوە نەك موعەدەلەی پارتی و دوو كورسی و دە كورسی و پەنجا كورسی، كاك مەسعود یەكێك لەو كەسانەیە كە لەجیلی یەكەمی كورد لەسەر ژیان ماون لەیەكێتی لە پارتی لەگۆڕان، لەپاش رەحمەتی مام جەلال كاك نەوشیروان و لەپاش نەخۆشكەوتنی كاك كۆسرەت، هیوادارین ئەو  قسەیە راست نەبێت، چاوەڕێین كاك مەسعود  لێی رادەبینین لەدەرەوەی ئەو موعادەلەیە بڕیارێكی جەریئانە بڕیارێك لە پێگەی سیاسی خۆی بوەشێتەوە  بدات، بە راستی هەموو ئەوانە وەدەرنێ و هاوسەنگی سیاسی بپارێزێت.

هاوڵاتى : بەرهەم ساڵح رۆڵی هەبووە لە وەرگرتنەوەی دوو كورسی پەرلەمان لەپارتی بۆ یەكێتی؟  

مەحمود خۆشناو: بەقورئان كاك بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق باوەڕناكەم تاقەتی ئەوەی هەبێت بچێت دوو كورسی وەربگرێتەوە، ئەوەی كورسیەكەی بۆ ئێمە هێنایەوە سكاڵاكان بوون و سكاڵاكانیش لەسەرۆكایەتی كۆمار نەكرابوون و لەدەستەی دادوەری كۆمسیۆن كران و هیچی یەكێتی و هیچی بەرهەم ساڵحی تێدانەبوون، شیعە و سوننە بوون كە ئەوانە عێراقین.

هاوڵاتى : سیناریۆك هەبووە كە پارتی سەرۆك كۆمار وەربگرێت و پۆستەكانی دیكەی وەزارەتەكان هەمووی بۆ یەكێتی بێت بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن؟

مەحمود خۆشناو: ئەوە موبادەرەیەك بوو كە تەلەفونێكی سەید سەدر هات ئەو موبادەرەیەی كردووە، بەڵام یەكێتی ئەوە موهیم نیە پۆست چی وەردەگرێت چی وەرناگرێت، ئێمە مەبەستمان ئەوەیە هاوسەنگی سیاسی و سەقامگیری سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق بپارێزین.

هاوڵاتى : پێتانوایە پۆستی سەرۆك كۆمار گرنگترە یان پۆستی وەزارەتێكی سیادی و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی كوردستان؟

مەحمود خۆشناو: بۆ كورد، هەر پۆستێك لەعێراقدا بێت بۆ كورد گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێستا قوڵایی ستراتیژی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە و كێشەكانمان لەگەڵ بەغدایە.

 فەرموو دادگای ئیتیحادی لەسەر یاسای نەوت و گاز چ بڕیارێكیدا، پێمانوایە كێشەكانمان لە بەغدا چارەسەر دەبن، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆیە گرنگە كە رێگر دەبێت بەرامبەر هەر نادەستووریەك لە عێراق، بەڵام ئەوەی كە هاوكاری سەرۆك كۆمار نەبووە كێشەكانی ناو ماڵی كوردە، ئەگەر بێت و ناوماڵی كورد یەكبخرێت و پاڵپشتی سەرۆك كۆماربكەن بەیەك تیم، دڵنیابە لەوەی سەرۆك كۆمار لێناگەڕێت هیچ خاڵێكی نادەستووری بكرێت.

هاوڵاتى : قسەیەك هەیە دەوترێت ئەگەر پارتی رازیبێت بە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی كاندیدەكەی بگۆڕێت، پێتوایە یەكێتی قەناعەت بەوە دەكات؟

مەحمود خۆشناو: پێموایە ئەوە شەڕی ئیرادەیە، بۆ یەكێتی ئەمە شەڕی ئیرادەیە كاندیدەكەی بگۆڕێت.

هاوڵاتى : مەبەستم ئەوەیە بەرهەم ساڵح ئامادەیە لەخۆی ببورێت لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی؟

مەحمود خۆشناو: خۆ دكتۆر بەرهەم نیە، ئەوە یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتییە بڕیاریداوە دكتۆر بەرهەم كاندید بێت، ئەوە عێراقیەكانن داوا دەكەن، ئەوە وڵاتانی نێودەوڵەتین داوا دەكەن بەرهەم ساڵح لەو شوێنە بمێنێتەوە، ئێمە لەئاستی بەرپرسیارێتییەوە دەڕوانینە پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر نا دكتۆر بەرهەم ساڵح لەهەركوێ بێت دەتوانێت بەرهەم ساڵح بێت.

هاوڵاتى : پێتانوایە كوتلەی سەدر و سوننەكان رازیبن بە دانانەوەی بەرهەم ساڵح، كە لەهاوپەیمانێتیدان لەگەڵ پارتی؟

مەحمود خۆشناو: ئەگەر پارتی كاندیدەكەی خۆی بكشێنێتەوە هەردوو لایان رازیدەبن بەدانانەوەی كاك بەرهەم، بەڵام ئەگەر یەكێتی كاندیدەكەی بكشێنێتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی رازی نابن لەسەر كاندیدەكەی پارتی ئەوە جیاوازیەكەیە.

واتە لایەنە ناكۆكەكانی عێراق لەسەر كاندیدەكەی پارتی رازی نابن، ئەوەیە كێشەكەیە.

هاوڵاتى : ئەم وەزعە تاكەی بەردەوام دەبێت؟ پێتوایە دەبێت یەكێتی و پارتی خۆیان رێبكەون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار؟

مەحمود خۆشناو: تا یەكێتی  پارتی رێكنەكەون و سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی رێكنەكەون ئەم بابەتە چارەسەر ناكرێت و ئەو بابەتانە هەردووكیان پەیوەندیان بەیەكەوە هەیە واتە هاوتەریبن، چونكە سەرۆك كۆمار كادری گەورەترین كوتلە رادەسپێرێت بۆ سەرۆكایەتی حكومەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار